التخطي إلى المحتوى الرئيسي

ئایا ئێران ڕازی دەبێت لە سنووری جۆلان دوور بخرێتەوە؟

 
سنووری جۆلان [سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریە]

سەنتەری کارنیگی بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

و: هەژار عوسمان


ئەم بابەتە توێژینەوە و بیروڕا وەرگرتنی ئەو شارەزایانەیە کە سەرقاڵی تۆێژینەوەن لە ئاسایش و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئیلیۆت ئەبرامس | توێژەری باڵا لە ئەنجوومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، یاریدەدەری پێشووی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا

توانای ئێران بۆ مانەوە لەسەر سنووری جۆلان [سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریە] پەیوەندیی بە ڕووسیاوە هەیە، کە بەرگری و بەربەستی ئاسمانی لە بەرامبەر ئیسرائیل بۆ دابین دەکات. ئەگەر، وەک حاڵی حازر کە هەیە، ڕووسییەکان نەیانەوێت ئێران لە سنووری جۆلانەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، ئەوا ئێران زۆر بۆی زەحمەت دەبێت تا بتوانێت لەوێ بمێنێتەوە.

دوو شت ڕوونن. یەکەم، ئیسرائیل توند و سوورە لەسەر ئەوەی ڕێگریی لە ئێران بکات تا نەهێڵێت وەک چۆن لە باشووری لوبنان حیزبوڵای دروست کرد، لە باشووری سووریەش شتێکی هاوشێوە دروست بکات. دووەم، ڕووسیا هیچ ئارەزوویەکی لەوە نییە کە ئێران هەڕەشە بێت بۆسەر ئیسرائیل یان کۆنترۆڵی تەواوی سووریە بکات. ڕووسیا بنکەی سەربازیی زۆری هەیە لە سووریە و ئەسەدێکی لاواز لە دیمەشق کەوتووەتە سەر خواستی ڕووسیا، نەک ئێران. ڕووسیا لە درێژمەودادا - پێچەوانەی ئێران – تەنانەت دەتوانێت دانوستان و گوتوبێژ لەسەر دانانی ڕژێمێکی نوێ لە دیمەشق بکات، تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پارێزراو بێت. جا "لەوانەیە" ئێران ڕازی نەبێت بەوەی لە سنووری جۆلان دوور بخرێتەوە، بەڵام باڵانسی هێزی سیاسی و سەربازی وا دەخوازن کە پێویستە ئێران دوور بخرێتەوە.

کامیلیا ئینتیخابیفەرد | نووسەر، گۆشەنووس، شیکەرەوە و ڕەخنەگری سیاسی

لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران – ئەگەر لەلایەن ئەو کەسانەوە ساز کرابێ کە باسی خراپیی دۆخی ئابووری و گوزەران دەکەن یان باسی دابەشبوونی شاری کازروون [سەر بە پارێزگای فارس]، یانیش ئەو خەڵکە ئایینییەی داوای مافی زیارەتکردنی ئیمام و پیاوچاکان دەکەن - هاوار و هوتافەکان هەمان شت بوون: ''دەست لە سووریە هەڵگرن! بیر لە ئێمە بکەنەوە!'' ئاماژەکە ئەوەیە کە ڕژێمی ئێرانی پاڵپشتی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکات. دابینکردنی پاڵپشتییە داراییەکانیش لە گیرفانی ئێرانییەکانەوە دێتە دەر.

بەم دواییانە، ئیسرائیل بنکە سەربازییەکانی ئێرانی لە سووریە مووشەکباران کرد و ڕایگەیاند کە تاران دەیەوێت بە ئامادەبوونی لە سووریە، ئیسرائیل بکاتە ئامانج و لێی بدات. بینیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوا دەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریە بچێتە دەر، ئەگەر نا ئەوا ڕەنگە ڕژێمی ئەسەد بکەوێت. بۆ پاراستنی ئەسەد، بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی ئەو ئێرانییانەی کە بێزار و دڵتەنگن بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی ئامادەیی ئێرانییەکان لە سووریە و کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان، سوپای پاسداران ئامادەیە لە سنووری جۆلان بکێشێتەوە. بە لای تارانەوە، پێشینەی کار مامەڵەکردنە لەگەڵ خۆپیشاندەران و ناڕەزاکانی وڵاتەکەی کە لە گۆڕینی ڕژێم کەمتریان ناوێت.

بۆ هێورکردنەوەی گرژییە ناوخۆییەکانی وڵات و کەمکردنەوەی جێپێی ئێران لە سنووری جۆلان، عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕۆژی ٢ی حوزەیران لە ڕۆژنامەی 'شەرق'ی ئێرانی وتی: ''هیچ هێزێکی ئێرانی -تەنانەت لە ئاستی ڕاوێژکاریشدا- لە باشووری سووریە بوونی نییە.''

عەلی هاشم | ڕۆژنامەنووسی 'بی بی سی' تایبەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران

یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لە سووریە، جیا لە پارێزگاریکردن لە پێگەی بەشار ئەسەد، دانانی خاڵێکی دابڕی پێشکەوتوو بووە لە بەرانبەر ئیسرائیل. لەناویشیدا دامەزراندنی بنکەی سەربازی و بڵاوبوونەوەی هێزی سەربازیی هاوپەیمانەکانی لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان. دەستهەڵگرتن لەمە دەبێتە نسکۆیەکی گەورە بۆ ئێران. هەر چۆنێک بێت، تاران بەوە ناسراوە کاتێک مەسەلە دێتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی سەری، ئەوکات بەپێی ئەرزی واقیع و پراگماتیکی مامەڵە دەکات، بەتایبەت ئەگەر بێتو دەرئەنجامەکان ببنە هۆی زیانگەیاندن بە کاریگەرییەکانی لە سووریە.

سەرەنجام، ئەگەر ڕێککەوتنی هەنووکەیی نێوان ڕووسیا-ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە جۆلان جێبەجێ ببێت و ڕێگە بە سوپای سووریە بدرێ بەشێوەیەکی بەرفراوان دەست بەسەر جۆلاندا بگرن، ئەوا ڕێی تێدەچێت کە تاران و هاوپەیمانەکانی هەمان شەڕی ساڵی ٢٠٠٦ی لوبنان لە سووریە بەرپا بکەن. ئەگەرچی ئەمە دژوار دەبێ لە سووریە، جێیەک کە ئیسرائیل و ئەمەریکا و تەنانەت ڕووسیاش بەهیچ جۆرێک چاوپۆشی لە وەها هەوڵێک ناکەن.   

سەنەم وەکیل | مامۆستا لە زانکۆی بۆڵۆنیا بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی نێودەوڵەتی، توێژەر لە پەیمانگای ڕۆیاڵ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

حاڵی حازر ئێران هیچ بژاردەیەکی نییە ئەوە نەبێت کە ڕازی بێت بە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل-ڕووسیا بۆ دوورخستنەوەی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە نزیک سنووری جۆلان. لەبەر ڕۆشنایی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ئەو سزایانەی ئەمەریکا لە داهاتوودا بەسەریدا دەسەپێنێت، تاران لەژێر فشارێکی سیاسیی گەورەدایە تاکوو تەوژمە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا، بهێنێتە بەرەی خۆی. هەر پەرەسەندنێکی جووڵەی سەربازیی لە ناوچەکەدا ڕێژەی هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئێران زیاتر دەکات، لە کاتێکدا ئێران پێویستی بە ڕزگاری و هاوکاریی ئابووری و سیاسییە.

بەهەرحاڵ، ئەمە کۆنترۆڵی درێژمەودای تاران سەبارەت بە بەهای سەرمایەگوزارییەکانی لە سووریەدا ناگۆڕێت. تاران بەئاگایە لەوەی کە بەرژەوەندیی ڕووسییەکان و ئیسرائیلییەکان و ئەمەریکییەکان و تەنانەت سوورییەکانیش لە دژی ئەو دەجووڵێنەوە. ئەگەرچی لە کورتخایەندا تاران ڕێز لە یاسا و ڕێسا تازەکانی ڕێککەوتن دەگرێت، تاران بەردەوام دەبێت لەسەر گەمە درێژخایەنەکە و بنکەداکوتانی خۆی لەناو سووریەیەکی پەرتپەرتبوو و لاوازیشدا.

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ئەمشەو بایەکی سارد هەڵ دەکا

نوا سیسیرۆ – چیرۆک و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان ڤاسیلی دوێنێ هیوای هەبوو. لەگەڵ ساشا ی خوشکی لەسەر مێزی موبەقەکە دانیشت و لەفەیان دەخوارد، ساشا دەڵێ '' ڤاسیلی ، گوێی نادەمێ ئەگەر قەحپەیەک دەستخەیت. دەی خۆم دوایی پارەیەکی باش لە باڕ پەیدا دەکەم. دەبێ بیکەیت.'' ''دەزانم، بەس پارە، بزانێ پارەت پێ نییە دەڕوا.'' ''من پارەت دەدەمێ.'' ''نا، پارە، بزانێ پارەم پێ نییە دەڕوا، منیش دەمرم، مردن.'' ''نا، گوێبگرە، تۆ پێویستە گان بکەیت. ئەوە چەند مانگێکە. تەواو شەرمن بوویتە و بڕوابەخۆبوونت لەدەست داوە.'' ''وەک دەوڵەت.'' ''نا، ڤاسیلی ، دەوڵەت نا. دەست هەڵگرە لەم بیرکردنەوە حیزانەت لەسەر دەوڵەت. دەوڵەت گرنگیی بە تۆ نادا، واز بێنە لە بیرکردنەوە لە دەوڵەت و بیر لە کێرت بکەرەوە. ئەمڕۆ کێرت زۆر لە دەوڵەت گرنگترە.'' ''ئێستا زۆر سەرقاڵم بە بیرکردنەوە لە دەوڵەت.'' ''دەوڵەت وەل کە، کێر، بیر لە کێر بکەرەوە.'' ''کێر....

چی تر ناتوانم شەڕ بکەم

دوا نامەی ڤێرجینیا وۆڵف بۆ لیۆناردی مێردی ئیلوسترەیشن: کاترین ڕاتکە هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی ئێوارەیەکی مانگی ئازاری ١٩٤١ ڤێرجینیا وۆڵف بە خووساوی دەگەڕێتەوە ماڵ، هەر ئەوەی کە دواتر وا باس کرا ڤێرجینیا لە هەوڵێکی خۆکوشتندا فەشەلی هێناوە. جەخار، پاشی چەند ڕۆژێکی کەم، لە ٢٨ی ئازاردا جارێکی دیکە هەوڵی خۆکوشتنی دایەوە، لێ ئەمجارەیان لە دەست تەقەلاکانی بۆ ڕاکردن لەو ساتانەی تیایدا دەژیا و بۆ دەربازبوون لە نەخۆشیی ئەقڵی، نەجاتی بوو. لە ڕۆژی مەرگی ڤێرجینیا دا، لیۆنارد ی مێردی نامەیەکی دڵهەژێنەی لەسەر ڕەفەی ئاگردانەکەیان دۆزییەوە. جەستەی ڤێرجینیا دوای حەفتەیەک لە ڕووباری ئووزدا دۆزرایەوە کە گیرفانەکانی لە خڕکەبەرد پڕ کردبوون. دەقی نامەکە؛ عەزیزترینم،   هەست بەو دڵنیاییەوە دەکەم کە دووبارە شێت دەبمەوە. هەست دەکەم جارێکی تر ناتوانین ئەو کات و ساتە سامناکانە ئەزموون بکەینەوە. ئەم جارەیان چاک نابمەوە. هەمدیس چەند دەنگێک دەبیستم، هیچ تەرکیزم نییە. سا ئەمێستا وا خەریکم هەر ئەو شتە دەکەم کە باشترین شتێکە بیکەم. تۆ مەزنترین خۆشبە...

پۆڵ بیتی بە ڕۆمانی ''ناپاکی'' خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ـی بردەوە

پۆڵ بیتی، ڕۆماننووس وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لە گایدهۆڵی لەندەن ''پۆڵ بیتی'' بووە یەکەمین نووسەری ئەمەریکایی سەرەڕای ڕۆمانە تەنزئامێزە نەژادییەکەی (ناپاکی) کە خەڵاتی مان بووکەر لە مێژووی ٤٨ ساڵەیدا بباتەوە. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە زاری پیاوێکی گەنجی ڕەشپێستی ئەفریکایی-ئەمەریکایی بە ناوی ''بۆنبۆن''ـەوە دەگێڕێتەوە کە هەوڵ دەدا هەمدیسان کۆیلایەتی و نەژادپەرستی دابێنێتەوە لە گەڕەکێکی هەژارنشین و دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس . ئەماندا فۆرمان، سەرۆکی لیژنەی داوەرانی خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ گوتویەتی کە نزیکەی چوار سەعاتی خایاندووە تاکوو توانیویانە بگەنە  بڕیارێکی هاوبەش و لە بارەی کتێبەکەشەوە گوتویەتی  ''ڕۆمانەکە ناوسکی هەرچی تابۆی کۆمەڵایەتی هەیە دڕیویەتی و هێناویەتییە دەرەوە. ڕۆمان پێویست ناکا ئاسوودە و دڵخۆش بکا. هەقیقەت بە دەگمەن خۆش و جوانە و ئەم ڕۆمانەش ئەو ڕۆمانەیە کە خوێنەر بە بزمار لە خاچ دەدا و بە خۆشییەوە بەجێی دێڵێ، ئەگەرچی لە کاتێکدا بە بزمار بە خاچەکەوەیت کەچی ختووکەت دێ. ئەمەش ئەو هێزەی...