![]() |
| پۆڵ بیتی، ڕۆماننووس |
وەرگێڕان
و ئامادەکردن: هەژار عوسمان
ڕۆژی
٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لە گایدهۆڵی لەندەن ''پۆڵ بیتی'' بووە یەکەمین نووسەری
ئەمەریکایی سەرەڕای ڕۆمانە تەنزئامێزە نەژادییەکەی (ناپاکی) کە خەڵاتی مان بووکەر لە
مێژووی ٤٨ ساڵەیدا بباتەوە.
چیرۆکی
ڕۆمانەکە لە زاری پیاوێکی گەنجی ڕەشپێستی ئەفریکایی-ئەمەریکایی بە ناوی
''بۆنبۆن''ـەوە دەگێڕێتەوە کە هەوڵ دەدا هەمدیسان کۆیلایەتی و نەژادپەرستی
دابێنێتەوە لە گەڕەکێکی هەژارنشین و دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس.
ئەماندا
فۆرمان، سەرۆکی لیژنەی داوەرانی خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ گوتویەتی کە نزیکەی چوار
سەعاتی خایاندووە تاکوو توانیویانە بگەنە بڕیارێکی
هاوبەش و لە بارەی کتێبەکەشەوە گوتویەتی
''ڕۆمانەکە ناوسکی هەرچی تابۆی کۆمەڵایەتی هەیە دڕیویەتی و هێناویەتییە دەرەوە. ڕۆمان پێویست ناکا ئاسوودە و دڵخۆش بکا. هەقیقەت بە دەگمەن خۆش و جوانە و ئەم ڕۆمانەش ئەو ڕۆمانەیە کە خوێنەر بە بزمار لە خاچ دەدا و بە خۆشییەوە بەجێی دێڵێ، ئەگەرچی لە کاتێکدا بە بزمار بە خاچەکەوەیت کەچی ختووکەت دێ. ئەمەش ئەو هێزەیە وای کردووە ڕۆمانەکە جوان بێ''
ئەماندا
گوتیشی:
''ناپاکی ڕۆمانی ''سەردەمی ئێمەیە و بیرخەرەوەی تەنزەکانی جۆناسان سویفت و مارک تواینە. ماندوونەناسانە داهێنەری تەنزی مۆدێرنە، گاڵتەوگەپەکانی جیددییەتێکی ڕادیکاڵانەی لە خۆیدا حەشار داوە. پۆڵ بیتی پیرۆزییەکان دەمرێنی و مەبەستیەتی قەرەوڵ لە تابۆ سیاسی و نەژادییەکان بگرێتەوە بە زیرەکی و پەرۆشی و مڕەمڕێکەوە.''
هەروەها
گوتوشیەتی
''ڕۆمانەکە ماوەیەکی کەمی دەوێ تا داخڵی دەبیت، بەڵام هەر کە داخڵ بوویت، ئیتر ناتەوێ بێیتە دەرەوە لێی.''
بیتی،
تەمەن ٥٤ ساڵان، لەو گوتارەی ئەمڕۆ پاش بردنەوەی خەڵاتەکە لە کۆنفرانسێکی
ڕۆژنامەوانیدا پێشکەشی کرد گوتی:
''نامەوێ لێرەدا زۆر دراماتیکی دەرکەوم، وەک ئەوەی نووسین ژیانی ڕزگار کردبم... بەڵام نووسین ژیانی پێ بەخشیوم. ئێجگار دڵخۆشم ڕقم لە نووسینە. ئەم ڕۆمانەش ڕۆمانێکی قورسە. نووسین قورسە بۆ من، ئەشزانم قورسە خوێندنەوەی. هەر کەسە و لە گۆشەیەکی جیاوازەوە داخڵ بە ڕۆمانەکە دەبێ. ڕاستییەکەی نووسین ژیانی پێ بەخشیوم. شتێکی خۆشە کە شتێک [ڕۆمانەکە] کە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی دوایی، ئەگەر زیاتریش نەبێ، خەریکی نووسینی بووم، ئێستا وا تەماس لەگەڵ خەڵکی دەگرێ و دەدا لە دڵیان، نەک تەنها لە ئەمەریکا بەڵکوو لە بەریتانیاش. ئەوەش ئەوپەڕی کەیف و خۆشییە.''
پۆڵ
لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێ:
''تەنیا چەند بەستەیەک کاغەزم هەبوو و دەستم کرد بە خوێندنەوەم پاشان ئەو بەستە کاغەزانەشم لێ ون بوو. دواتر زانیم کە ئەوەی بە تەما بووم بینووسم لەناو مێشکمدایە... ئاوازی نووسینەکە، زمانەکەی، هەستوسۆز، گاڵتەوگەپ، هەموویانم پێکەوە گرێدابوو، لەناو مێشکی خۆمدا. تووشی داچڵەکین و سەرسامی هاتم کە بینم دەتوانم شتی وا بنووسم.''
لە
وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی BBCـی بەریتانیدا کە ئاخۆ ئامادەیە کتێبی تر بنووسێ، بیتی
پێکەنی و گوتی:
''هەر زۆر ماندوو و سەرقاڵم، پلان و بەرنامەم ئەوەیە بیر لە نووسین نەکەمەوە تا بتوانم باش بیر بکەمەوە، نەک بنووسم.''
پۆڵ
بیتی یەکەمین ئەمەریکایییە کە خەڵاتی مان بووکەری ئینگلیزیزمان بباتەوە، بڕی
خەڵاتەکەش ٥٠ هەزار پاوەندی بەریتانییە.
![]() |
| پۆڵ بیتی، ڕۆمانەکە و خەڵاتەکەی بەدەستەوەیە |
پۆڵ
بیتی کێیە؟
پۆڵ
بیتی (لەدایکبووی ١٩٦٢) ڕۆماننووس و شاعیرێکی ئەمەریکاییە و بە ڕۆمانی ''ناپاکی''
براوەی خەڵاتی مان بووکەرە.
پۆڵ
لە لۆس ئەنجلس لەدایک بووە و لە کۆلێژی برووکلین ماستەری هونەری لە نووسینی
داهێنەرانەدا وەرگرتووە و لە زانکۆی بۆستنیشدا ماستەری لە دەروونناسیدا وەرگرتووە.
بیتی
لە ساڵی ١٩٩٠دا بە نووسینی شیعر دەستی پێکرد و یەکەم دیوانەشیعریشی ناوی ''بانکە
گەورەکان ڕاوی بانکە بچووکەکان دەکەن'' بوو، لەسەر ئەمەش خەڵاتی کافێی شاعیرانی
نویۆریکانی وەرگرت. دووەم دیوانی شیعریی پۆڵ لە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوبووەوە بە ناوی
(جۆکەر، جۆکەر، دوو).
دوای
شەش ساڵ و لە ١٩٩٦دا یەکەم ڕۆمانی بە ناوی ''کوڕیژگەی سپیپێستی خلیسکڕۆ'' نووسی، لەسەر
ئەم ڕۆمانەش نیو یۆرک تایمز ڕانانێکی ئەرێنییانە و باشی لەسەر نووسی و ڕۆمانەکەی
بە ''گەرماییی تەقینەوەیەکی تەنزئامێزی بەهرەی دڵێکی ڕەشپێسی ژیانی ئەمەریکایی''
ناوبرد. ڕۆمانی دووەمیشی ''گڕکانی تۆف (٢٠٠٠) لەلایەن گۆڤاری تایمزەوە گرنگییەکەی
باشی پێدرا. لە ساڵی ٢٠٠٦دا بیتی ئەنتۆلۆجیایەکی گاڵتەوگەپی ئەفریکایی-ئەمەریکایی
نووسی بە ناوی ''قسە و گاڵەتی پڕوپووچ'' و هەر لەسەر ئەم کتێبەش وتارێکی بۆ نیو
یۆرک تایمز نووسی. لە ساڵی ٢٠٠٨یشدا ڕۆمانی ''سەرزەمینی خەو''ـی نووسی.
لە
ساڵی ٢٠١٥شدا بیتی ڕۆمانی ''ناپاکی- براوەی خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦'' نووسی کە
باس لە کشتیارێکی شارنشین دەکا و هەوڵ دەدا ببێتە شوانی تازەکردنەوەی کۆیلایەتی لە
گەڕەکە هەژارنشینەکانی لۆس ئەنجلسدا. ئیلیزابێس دۆنێلی، ڕەخنەگری ئەدەبی لە
گاردیان ڕۆمانەکەی بە ''شاکارێک کە وا دەکا بیتی ببێتە تەنزنووسترین نووسەری
ئەمەریکا'' ناو برد.
پۆڵ
بیتی هەر بە ڕۆمانی ناپاکی لە ساڵی ٢٠١٦دا دوو خەڵاتی گرنگی ئەدەبی بردەوە کە
ئەوانیش؛ خەڵاتی (بازنەی ڕەخنەگرانی نەتەوەییی بۆ ڕۆمان) و (خەڵاتی مان بووکەر)
پرایز بوون.
![]() |
| ڕۆمانی ناپاکی، براوەی خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ |
چی لەسەر ڕۆمانەکە وتراوە؟
دوایت گارنەر، ڕەخنەگری ئەدەبی لە نیو یۆرک تایمز،
دەڵێ:
''١٠٠ لاپەڕەی هەوەڵی 'ناپاکی'، ڕۆمانە تازەکەی (پۆڵ بیتی)، لە ئەدەبی ئەمەریکاییدا لای من لەم ١٠ ساڵەی دواییدا وێنەی نییە و یەکەمین ١٠٠ لاپەڕەی هەوەڵە ئەوەندە داخکەر و کاریگەر و ڕاچڵەکێن بێ. ڕۆمانەکە لە شوێنیک جێت دێڵی کە چەندان میل دوور لەو شوێنەیە کە هەڵیگرتوویت.''
کەیسی لایمۆن، ڕەخنەگری ئەدەبی لە لۆس ئەنجلس تایمز،
دەڵێ:
''ڕۆمانی ناپاکی لەنێو قورسترین و گرنگترین ڕۆمانە ئەمەریکایییەکانی سەدەی بیستویەکەمدایە... ئەم ڕۆمانە بە جۆرێک خوێنەر دەهاڕێ کە قەت ناتوانێ لەبیری بکا.''
سام ساکس، ڕەخنەگری ئەدەبی لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ،
دەڵێ:
''ڕۆمانێکی تەنزئامێزە لە پلەی باڵادا... وڕوگێژ و جەرگبڕ و ئاوی چاو بەرە.''
بێن مارکوس، ڕۆماننووس، دەڵێ:
''دڵخۆشم کە ئەم کتێبە شێتانەیەم بە تەنیا خوێندەوە، کەس سەیری نەدەکردم، چونکە لەبەر حەسوودی و هیستریا خەریکبوو دەتەقیم. تۆ بڵێی ڕۆماننووسێکی ئەمەریکاییی جەرگبڕی هەزەلی دیکە هەبێ وەک پۆڵ بیتی؟''
سام لیپسایت، ڕۆماننووس و چیرۆکنووس، دەڵێ:
''پۆڵ بیتی بۆ هەمیشە بوو بە یەکێک لە گەپئامێزترین و زەیرەکترین و ئازاترین نووسەرانی ئەمەریکا، ڕۆمانەکەی، ناپاکی، ستانداردێکی تازەی داهێنا.''
مایکڵ سکاوب، ڕەخنەگری ئەدەبی لە ڕادیۆی میللیی
ئەمەریکا، دەڵێ:
''ڕۆمانی ناپاکی بە تەنها یەکێک نییە لە ڕۆمانە گاڵتەوگەپئامێزەکانی ئەم ساڵانە، بەڵکوو دەکرێ بەڕاستی یەکێکیش بێ لە ڕۆمانە گەورە و گرنگە تەنزئامیزەکانی ئەم سەدەیە. شاکارێکی کۆمیدییە، ئەگەرچی لەوەش بەولاترە و یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە گرنگ و ڕاسگۆکان دەربارەی کاردانەوەکان لەمەڕ نەژاد و شوناس لە ئەمەریکا لەم سالانەی دواییدا.''
![]() |
| ئەو شەش ڕۆمانەی پاڵێوراو بوون |
ئەو
شەش ڕۆمانە ئینگلیزیزمانەی پاڵێوراو بوون بۆ بردنەوەی خەڵاتی مان بووکەر ٢٠١٦
·
پۆڵ
بیتی (ئەمەریکا) – ناپاکی
·
دیبۆرا
لێڤی (بەریتانیا) – شیری گەرم
·
گرەیمی
مارکای بێرنێت (بەریتانیا) – پرۆژە خوێناوییەکەی کابرا
·
ئۆتێسا
مۆشفێگ (ئەمەریکا) – ئیلین
·
دەیڤد
سالای (کەنەدا-بەریتانیا) – هەموو ئەو پیاوە ئەمەیە
·
مادێلین
سیێن (کەنەدا) – مەڵێ هیچمان نییە



