التخطي إلى المحتوى الرئيسي

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ سەرگەورە



ن: چاس دەبلیو فریمان – باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە سعودیە، دیپلۆمات و شیکەرەوە و نووسەر
و: هەژار عوسمان

ڕۆژگارێک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیان بە پارێزگاری و ڕێنوێنی و پشتگیریی ئەمەریکا دەبەست. کەنداوی سوێز دەرسێکی وای فێری ئیسرائیل و بەریتانیا و فەرەنسا کرد کە بەبێ قایلبوونی واشنتن، سیاسەتەکانیان بۆ ناچنە سەر و سەرکەوتوو نابن. پاشگەزبوونەوە و هەڵگەڕانەوەی میسڕ ئاستی توانای خۆی بۆ کێبڕکێکردن لەسەر بریکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیشانی ڕووسیا دا. ئەوە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بوو کە وای کرد هەریەک لە ئیسرائیل و میسڕ و ئەردەن کۆتایی بە جەنگی نێوانیان بهێنن.
پایە و جێگیربوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەشێکی پەیوەندیی بەو ناوەندگیرییە دیپلۆماسییەوە هەبوو کە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بوو بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و شەرعییەتدان بە ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتە عەرەبە دراوسێکانییەوە. جگە لەو دۆزانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، زۆرێک لە حوکوومەتە عەرەبییەکان شوێن ئەمەریکا کەوتوون بۆ هەر کوێیەک پێشڕەوی کردبێت. هەرەسی یەکیەتیی سۆڤیەت کاریگەریی ڕووسیای لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر جێگەی دیکەش سڕییەوە.
بۆ بیرهێنانەوەی ئەم مێژووە دەبێت تیشك بخەینە سەر مەودای گۆڕانکارییە جیۆپۆڵەتیکییەکان کە لە ماوەی ئەم سەدەیەدا ڕوویان داوە. ئەمەریکا چی تر چێژ لە پێشەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینێت. هێزە کۆڵۆنیاڵەکانی پێشووتر پێویستیان بە پشتگیریی ئەمەریکایە بۆ دەستوەردان لە ناوچەکەدا، ئەگەرچی وڵاتانی ناوچەکە ئێستا ئیتر سەربەخۆ ئیشی خۆیان دەکەن، دڵنیان کە دەتوانن بۆ هەر شتێک کە دەیکەن پشتیوانیی ئەمەریکا بەدەست بهێنن. وا دیارە لەم شتەدا هەڵە نەبن، بە حوکمدان لەسەر پشتگیریی ئەمەریکا لە شەڕەکانی ئیسرائیل لە هەمبەر دراوسێکانی، هەوڵ و تەقەلاکانی وڵاتانی خلیجی عەرەبی بۆ ڕووخاندنی حوکوومەتی ئەسەد لە سووریە، هەروەها وێرانکردنی هەنووکەیی یەمەن لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە.
لەم سەدەیەدا، ''پرۆسەی ئاشتی'' سەرپێخراوی ئەمەریکا لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان خزمەتی بە جۆرێک لە فەوزا و ئاڵۆزی کردووە لە کاتێکدا ئیسرائیل فەڵەستینییەکان لە ماڵەکانی خۆیان ڕادەگوێزێت، خاکەکەیان دەداتە دەم خاکی خۆی، هەروەها نکوڵی لە خودموختارییان دەکات. بەهۆی زیانبەرکەوتنی پایەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ''پرۆسەی ئاشتی'' کۆتایی هات. ناساندنی ژوورسالیم [قودس] وەک پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە بە بڕیارێکی یەکلایەنەوە وەک گەورەترین مەهزەلەی دیپلۆماسی لە جیهاندا هاتووەتە هەژمار.
لە نەبوون و غیابی سترایتیجدا، ئارەزوو بۆ مانەوە لە ناوچەکەدا بە پاڵپشتیکردنی کردەوەی بریکارەکان سیاسەتی ئەمەریکا بەڕێوە دەبات. جووڵەی بریکارەکانیش سنووری ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی بڕیوە و بەرەو جۆرێک لە خۆسەریی کۆمەڵایەتی و بازرگانی بردوون. تا ئەو ڕادەیەی کە ئێستا ئەمەریکا زیاتر شوێن بریکارەکانی دەکەوێت لە ناوچەکەدا وەک لەوەی پێشەنگیان بێت و ئەمەش کاردانەوەی ملدان و گوێڕایەڵیی ئیدارەی ترەمپە بۆ دوژمنایەتیی ئیسرائیل و سعودیە لە هەمبەر ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.
لەم سەروبەندەدا، چەند کردەوەیەکی کەمی سەربازی هاوزەمان لەگەڵ دیپلۆماسییەتێکی وەستایانە وای لە ڕووسیا کرد کە تراجیدیای سووریە بۆ خۆی بقۆزێتەوە [ڕووسیا لەلایەن حوکوومەتی دیمەشقەوە بانگهێشتی سووریە کراوە] تاکو ببێتە ئەو ئەکتەرە دەرەکییەی کە لە پەیوەندییەکانی ناوچەکەدا زۆرترین چاوی لەسەر بێت. تورکیا، کە ڕۆژگارێک لە دەرەوەی ناوچەکەدا بوو و ناتۆی دوژمنی ڕووسیا بوو، ئێستا بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتە دەست، ئەم جارەیان هەماهەنگیی لەگەڵ ڕووسیا لەناو سووریەدا زۆر شت دەگەیەنێت. میسڕ، ئێران، ئیسرائیل، سعودیە و تورکیا هەموو خەریکی چاندنی تۆوی پەیوەندین لەگەڵ مۆسکۆ. ئامانجی هەموویان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەی زیاد لە ڕادە پشتبەستنە بە ئەمەریکا کە پەیوەندییەکانی لاواز کردووە. هەمان ئامانج وای لێ کردوون کە هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ بنیاتنانی بازاڕ لە چین و هیندستان و هەروەها بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی هەر یەکە لە چین و هیندستان لە سیاسەتی دەرەکییان. 

بەردەوامیی ئاکامەکانی هێرشی ئەمەریکا بۆسەر عێراق
هێرشی ئەمەریکا بۆسەر عێراق وڵاتی بەرەو پاشەگەردانی و شەڕی ئایینی پەلکێش کرد، بەجۆرێک کە پەیوەندیی نێوان سوننەکان و شیعەکانی لەڕووی ئایینییەوە بەرەو تەڵخ و تاری برد. سیاسەتەکانی ئەمەریکا، کە جەختی لەسەر گۆڕانی ڕژێم کردبووەوە، هەژموونی سیاسیی لە عێراق و کاریگەری و نفووزی بەهێز لە سووریە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان، بە ئێران بەخشی. شکست و ڕووخانی قەڵەمڕەویی لە شام گەرای ترسناکی بزووتنەوەی تیرۆرستیی نوێی لێ کەوتەوە کە بە عێراق، سووریە، سۆماڵ، میسڕ، یەمەن، لوبنان و ساحیلی ئەفریقا بڵاو بوونەوە.
هەر لە سەرەتاوە، هێزە ئیسلامییەکانی سووریە دڵخۆش بوون بە پشتیوانیی دوژمنە بیانییەکانی حوکوومەتەکەی ئەسەد، لەناویاندا ئیسلامییە توندڕەوەکان، سوورییەکانی تاراوگە، زۆرینەی وڵاتانی خلیجی عەرەبی، تورکیا، ئیسرائیل و ئەمەریکا. لەو کاتەی شەڕی بریکارەکان تەشەنەی سەند، هەرەسێکی گەورەی پەنابەر لە سووریەوە یەکیەتیی ئەورووپای تووشی ناسەقامگیری و شلۆقی کرد. شەشسەد هەزار کەس مردن و دواتریش ١١ ملیۆن سووری ئاوارە بوون، ئەسەد لەنێو کۆپانەکەی خۆی لە دیمەشق مایەوە. ئەسەد شکستی بە ئۆپزسیۆنە چەکدارەکانی خۆی هێنا بەڵام بۆ هەمیشە چاولەژێر و قەرزبازری ئێران و حیزبوڵای لوبنان و ڕووسیایە بۆ ئەم سەرکەوتنە. گیانەڵا و لنگەفرتێکانی سووریە وا خەریکە لە شەڕێکی فێڵبازانەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا کۆتایی دێت. ئیسرائیل، کە پاشاگەردانی و کەرتبوونی سووریەی دەوێ، ئێستا ململانێیەتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەیی شەڕانگێزانەی ئێران لە سووریە و لوبنان. سعودیە و هەندێک لە وڵاتانی خلیجی عەرەبی کە کەوتن و بەزینی ئەسەدیان دەویست، ئێستا مەجبوورن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ژیان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
دەستوەردانە هەڵەکانی ئەمەریکا و کاری سەربەخۆی دەوڵەتە بریکارەکانی دۆخی ناوچەکەیان بەم ڕۆژە گەیاند، بەرەیەکی دژە-ئەمەریکایی ڕەگداکوتراوی جیهانی لە ئاسیا و ئەفریقادا سەری هەڵدا. ئەو جەنگانەی ئەم دۆخەیان هێنایە ئارا - شەڕی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دوای هێرشە ڕێکخراوەکەی ١١ی سێپتێمبەر، ناسەقامگیریی عێراق، ڕووخانی حوکوومەتی لیبیا و سیاسەتی ناکۆک و دژبەیەکی نالۆجیکی کە بووە هۆی پشتیوانیی لە دوژنمە هاوبەشەکان لە سووریە – خەریکە دەگەنە کۆتایی، یانیش ئەو جەنگانە سەری ئەمەریکا دەخۆن و دەبنە هۆی شکست و بەزینی. چی تر گۆڕەپانێک نەماوەتەوە بۆ هێزە ئیمپریالییەکان، ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ڕکێفی شەڕوهەڵای مەزهەبی و ئایینیدایە، هەوڵەکانی عەرەب بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانی کە ئەمەریکا بەجۆرێک پشتیوانیی لێ کردووە، هەروەها قۆرخکردنی مەهزەلییانەی بڕیارە سیاسییەکانی ئەمەریکا لەلایەن دەوڵەتە بریکارەکانی ئەمەریکا.

چوار ئاڕاستەی گشتی لە ناوچەکەدا
لێرەدا چوار سەرنجی بنچینەیی دەخەمە ڕوو لەسەر تێکڕای ئاڕاستە گشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یەکەم، ئایین وەک بزوێنەر و ئاژووانی مێژوو گەڕاوەتەوە. ڕۆژگارێک ململانێی ناسیۆنالیزمەکان هەبوو، ئێستا ململانێی ئیسرائیلی-فەلەستینی بووەتە بەشێک لە شەڕوهەڵای فڕە ڕەهەندی ئایینی لە ناوچەکەدا. توندڕەوە سوننی و شیعییەکان توندتوژیی زۆریان بەرامبەر زایۆنیزم، کە لە ئایدۆلۆجیای هەردوولایاندا بووەتە چەقی بیرکردنەوەیان،  ئەنجام داوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ دۆزی فەلەستینییەکان. ئەم مەوقیفە چێژی لە پشتیوانیی فراوانی جیهانی ئیسلامی بردووە. سەرەڕای بەرژوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئیسرائیل، عەرەبە پراگماتیستەکان پابەستن بە غەزەب و بێزاریی موسوڵمان لە زاینۆیزم. لە هەمان کاتدا، گۆڕینی ئایینی جوولەکە بۆ دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستی ئایدۆلۆجی لەلایەن زایۆنیستە توندڕەوەکانەوە مەترسی لەسەر ئیسرائیل و جوولەکەکانی جیهان هەیە بۆ لادان لەسەر ڕێڕەوەی سەرەکی و شوناسی ئەو دەوڵەتەی ناوی ''دەوڵەتی جولەکەیە'' و لادان لە بەهاکانی جولەکە و زیادبوونی ڕەوشتی و ئاکاری نامرۆڤانە. ناخۆشبەختانە، هەر وەک چۆن هیندۆتۆڤا [ناسیۆنالیزمی هیندی] خۆی بە سیاسەتی هیندییەوە توند گرتووە، هەر بەو شێوەیەیش ئیسلامۆفۆبیای هیندی نزیکە لە ئیسرائیلەوە، کە خەریکە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی پارێزگاریی لە بەرگریی وڵات.
دووەم، چاوەڕوانینەکردنی ئەو هێزە دەرپۆقیوانەی کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای هاوبەشیکردنن لەگەڵیان لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا. چین و هیندستان خێراترین بازاڕی گەشەکردووی هەناردەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەگەرچی چین بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە خۆی دوور دەگرێ لە ململانێ و ڕووبەرووبوونەوەکانی ناوچەکە – ئەگەر ئەو ململانێیانە هیی ئیسرائیل-فەلەستین یان هیی وڵاتانی خلیج- ئێران بن. چین لە ئێستادا گەورەترین حازری کەرتی نەوتە لە عێراق، سەرمایەگوزارێکی گرنگە لە پیشەسازیی میسڕی و ئێرانیدا، هێزێکی گەشەسەندووە لە ئەندازیاری و بنیاتنان لە خلیج، هەروەها بازاڕێکی سوودبەخشە بۆ سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و تەکنەلۆجیای ئاسایشیی ناوخۆیی. کرێکارانی هیندستان و پاکستان بڕبڕەی پشتی ئابووریی خلیجی عەرەبین. هەر وەک چۆن بەهۆی سەرمەگوزاریی ئەفغانستان لە بەندەری چابهاری ئێرانی، پاکستان خۆی دوور دەگرێ لە دەستوەردان لە ئەفغانستان، هەر وایش هیندستان خۆی دوور دەگرێ لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سێیەم، بێجگە لە ئەمەریکا، هەموو هێزە دەرەکییەکان شکستیان هێناوە لە هاوبەشیکردنیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات کە تووشی هیستریای ئێران هاتوون. سیاسەتی ئەمەریکا شوێن هەمان فۆکەسی ئیسرائیل کەوتووە لەمەڕ توانای ئێران بۆ بوون بە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم. ئەمەریکییەکان ڕۆڵی ئێمە لە فراوانبوونی نفووزی سیاسیی ئێران لە ناوچەکەدا ڕەت دەکەنەوە، کە خەمی سەرەکیی وڵاتانی خلیجی عەرەبییە. خوێندنەوە و ڕێگەی هەڵەوپەڵەی واشنتن لەمەڕ گەمارۆی سەر قەتەر لەلایەن ئیمارات و سعودیەوە ئەم کاردانەوەیەی خولقاندووە. کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەلایەن هیچ کام لە زلهێزەکانی دنیاوە پشتگیری ناکرێ. دۆخە بە جۆرێکە کە ئەوە ئیسرائیل و ئەمەریکان کەنار خراون نەک ئێران.
چوارەم، مەترسییەکی هەقیقیی گەورە لە ئارادایە ئەویش پاش ململانێ و شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە سووریە و شەڕی بریکارانەی وڵاتانی خلیج لەگەڵ ئێران کە بەرەو جەنگێکی گەورە هەنگاو دەنێ. یەکێک لە سیناریۆکانی ئەم جەنگە هێرشی ئیسرائیل دەبێ بۆسەر ئێران بە هاوکاریی سعودیە، ئەمەش وا دەکەوێتەوە کە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ و لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەگەری ئەوەش هەیە کە هێزەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریە و لوبنان هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و هەوڵێکیش هەیە کە ئێران بەرهەمی نەوتی ئیمارات و سعودیە وێران بکات. ڕوون نییە کە ئەم جەنگە چۆن کۆتایی دێت. بەڵام گواستنەوەی سیاسەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر ئێران بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی خلیجی عەرەبی، وای کردووە کە ئەمەریکا لە بارێکدابێ کە نەتوانێت بڕیار لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارە و زۆر پرسیاری دیکەیش بداتەوە.

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان     وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین. هاروکی موراکامی هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.'' لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا ...

ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی

ڤاسیلی پیرۆڤ، پۆرترێتی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، ١٨٧٢ ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشتی و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبێتن. توانا سەیروسەمەرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک [ڕاسکۆلینکۆف] یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسەکانیش. دەنگ و دیدگا پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک '' ئی. ئێم. فۆڕستەر '' بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و ڕۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.'' لەم بابەتەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکی مان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە: ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا ساڵی ١٨٣٧، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆر ی لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ . خولقوخووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبو...

کوردەکان گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێکرد

یووست هیڵتەرمان * وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان لە ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لا...