ڕۆتیناتی ڕۆژانەی
نووسەرە گەورەکان
وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان
ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان
ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت
بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە
تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە
خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین
ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و
پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە
باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە
بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین.
![]() |
| هاروکی موراکامی |
هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە
شتێکی گرنگ.''
لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی
خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا:
کاتێک
خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا شەش
سەعات دەنووسم. لە دواینیوەڕۆدا، دە کیلۆمەتر ڕادەکەم یانیش ١٥٠٠ مەتر مەلە دەکەم
(یانیش هەردووکیان دەکەم)، پاشان کەمێک دەخوێنمەوە و ئنجا گوێ لە میوزیک دەگرم. لە
سەعات نۆی شەودا دەچمە نێو تەختی خەو و ئەم ڕۆتیناتە هەموو ڕۆژێ بەبێ ئەوەی
بگۆڕدرێ دووبارە دەکەمەوە. دووبارەبوونەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ؛
دووبارەبوونەوە فۆڕمێکە لە خەواندنی موگناتیسی، خۆم خەو لێ دەخەم تاکوو بگەمە
قووڵترین بارودۆخی ئەقڵی.
ئەمما
وەها دووبارەیییەک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ – شەش مانگ تا ساڵێک – بڕێکی باش لە
توانای ئەقڵی و جەستەیی دەوێ. لەو حاڵەدا، نووسینی ڕۆمانێکی درێژ وەک مەشقکردن
وایە بۆ زیندوومانەوە لە ژیان. توانای جەستەیی پێویستییەکە هەر وەک هەستارییەکی
هونەرمەندانە و داهێنەرانە.
![]() |
| ئێرنست هەمەنگوەی |
ئێرنست هەمەنگوەی: ''من هەموو بەیانیانێک دەنووسم.''
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جۆرج پڵیمپتن، هەمەنگوەی
ڕۆتیناتی ڕۆژانەی خۆی ئاشکرا دەکا:
کاتێک
خەریکی ئیشکردنم لە کتێب یان چیرۆکێکدا، هەموو بەیانییەک لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین
تیشکی ڕۆژدا دەست دەکەم بە نووسین. هیچ کەس نییە بێزارت بکا و دنیا لەو دەمەدا
سارد و خۆشە و تۆیش بە نووسین گەرم دادێیت. ئەوە دەخوێنیتەوە کە نووسیوتە و هەر
لەو شوێنەی کە وەستاویت دەزانیت دواتر بە تەمای چی بنووسیت و ئیتر دەست پێ
دەکەیتەوە.
دەنووسیت
و دەنووسیت تا دەگەیتە ئەو شوێنەی کە ئیتر شەربەتەکەت چۆڕێ لێ دەبڕدرێ و دەزانیت
دواتر چی ڕوو دەدا و دەوەستیت و هەوڵ دەدەیت لەناو ئیشەکەتدا بژیت هەتا ڕۆژی دواتر
کە دێیتەوە سەری. با بڵێین، لە سەعات شەشی بەیانییەوە دەستت پێ کردووە و ڕەنگە
هەتا نیوەڕۆ یان پێشتر بخایەنێ.
کە
دەوەستیت ئیتر خاڵی بوویتەتەوە، لە هەمان کاتیشدا قەت خاڵی نابیتەوە و هەر پڕیت،
هەر وەک ئەوەی عیشقبازی و دەستبازی لەگەڵ ئەو کەسە بکەیت کە خۆشت دەوێ. هیچ شتێ
ئازارت نادا، هیچ شتێ ڕوو نادا، هیچ شتێ مانای هیچ شتێ نادا هەتا ڕۆژی دواتر کە
دەست دەکەیتەوە بە نووسین.
![]() |
| ناسان ئینگڵاندەر |
ناسان ئینگڵاندەر: ''مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە.''
ناسان ئینگڵایدەر یەکێکە لەو چیرۆکنووسانەی
چەندان خەڵاتی وەرگرتووە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ''دەیلی بیست'' قسە
لەبارەی لادان و وەلاخستنی گشت ئەو شتانە دەکا کە دەبنە ڕێگر لە حاست نووسینی
ئەودا:
مۆبایلەکەت
بکوژێنەرەوە. ڕاستگۆیانە پێت بڵێم، ئەگەر دەتەوێ بنووسیت و ئیش تەواو بکەیت، ئەوا
دەبێ فێر ببیت چۆن خۆت لە هەموو شتێک داماڵیت. نامەگۆڕینەوە نییە، ئیمەیل نییە،
فەیسبووک نییە، ئینستاگرام نییە. هەر شتێک کە تۆ ڕۆژانە خەریکیت و دەیکەیت،
پێویستە لە کاتی نووسیدا وەلای بنێیت. زۆربەی کاتەکە (ئەمەیش دانپێدانانێکی
گێلانەیە)، دەنووسم و شتێکم لە گوێچکەم ئاخنیوە – تەنانەت ئەو کاتەی ماڵەکە قوڕوقپ
و مردوویشە.
![]() |
| کورت ڤۆنیگەت |
کورت ڤۆنیگەت: ''من هەمیشە شناو و مەشقی ماسوولکە
بەهێزکردن دەکەم.''
لە ساڵی ١٩٦٥دا، کورت ڤۆنیگەت نامەیەک [کە دواتر
لە ژێر ناوی ''کورت ڤۆنیگەت: نامەکان'' وەک کتێب بڵاوبووەوە] بۆ هاوژینەکەی دەنێرێ
و لەبارەی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی خۆیەوە بۆی دەنووسێ:
سەعات
٥:٣٠ خولەکی بەیانی لە خەو هەڵدەسم، تا سەعاتی ٨ خەریکی نووسین دەبم، لە ماڵەوە
نانی بەیانی دەخۆم، تا سەعات ١٠ خەریکی نووسین دەبم، بە پیاسە دەچمە ناو شارەکە،
بازاڕ دەکەم، دەچمە نزیکترین مەلەوانگەی ئەو نێوە و نیو سەعات مەلە دەکەم، سەعات
١١:٤٥ خولەک دەگەڕێمەوە ماڵەوە، نامەکانی نێو سندووقی پۆستە دەخوێنمەوە، لە
نیوەڕۆدا نان دەخۆم. لە دواینیوەڕۆیاندا کاری قوتابخانە دەکەم، یان دەرس دەڵێمەوە
یانیش خۆم ئامادە دەکەم. کە سەعات ٥:٣٠ لە قوتابخانەوە دەگەڕێمەوە ماڵ؛ نانی
ئێوارە لێ دەنێم، دەخوێنمەوە و گوێ لە میوزیکی جاز دەگرم (لێرە زۆربەی گۆرانی و
میوزیکە خۆشەکان لە ڕادیۆدا پەخش دەکرێ)، لە سەعات ١٠ دەخزێمە نێوی تەختی خەو.
هەمیشە شناو و مەشقی ماسوولکە بەهێزکردن دەکەم؛ ئاوا هەست بە گڕوتینێکی زۆر دەکەم.
![]() |
| جۆدی پیکۆڵت |
جۆدی پیکۆڵت: ''ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ
بکەیت.''
دوایین حەوت کتێبی جۆدی پیکۆڵت ژمارە ١ی لیستی
پڕفرۆشترینینەکانی ''زە نیو یۆرک تایمز''ـن. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نوا چارنێی،
جۆدی باسی ڕێچکەی نووسین و داهێنانی خۆی دەکا:
من بڕوام
بە شتێک نییە ناوی بەربەست بێ لە بەردەم نووسەران، بەربەست شتێکە دەنێو دەستەکانی
خۆتدایە. ئەگەر کاتێکی زۆرت لە بەردەمدایە بۆ نووسین، سا دانیشە و بنووسە. ناکرێ
هەموو ڕۆژێ باش بنووسیت، بەڵام دەتوانیت هەمیشە هەڵەبژاری لاپەڕەیەکی خراپ بکەیت.
ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت.
![]() |
| مایا ئەنجیڵۆ |
مایا ئەنجیڵۆ: ''ژوورێکی خەوتنم هەیە، فەرهەنگێک
و تەوراتێکیش.''
لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٣دا لەگەڵ گۆڤاری ''زە
دەیلی بیست''، ئەنجیڵۆی شاعیر و نووسەری ئەمەریکایی باسی نووسین و خووە ڕۆژانەیییەکانی
خۆی دەکات:
لە شارۆچکەکەی خۆمدا ژوورێکم لە هۆتێلێک بەکرێ
گرتووە و مانگانە کرێ دەدەم. سەعات ٦:٣٠ خولەکی بەیانی پیاسەیەکی ئەو دەوروخولە
دەکەم. ژوورێکی خەوتنم هەیە؛ تەختێکی خەو، مێزێک و حەمامێک. فەرهەنگێک و
تەوراتێکیش. بۆ ئەوەی مێشکم کەمێ وەحەوێ یاری کاغەز و تێپەڕەوشە دەکەم، وا بزانم
نەنکم ئەمەی فێر کردم.
قەت لەوێ ناخەوم و سەعات ٢ دەگەڕێمەوە ماڵەوە و
ئەوە دەخوێنمەوە کە بەیانییەکەی نووسیومە، ئنجا هەوڵ دەدەم هەڵەبژار و پاکنووسی
بکەم.
![]() |
| هێنری میلەر |
هێنری میلەر: ''زۆر لە خۆت مەکە
بۆ نووسین.''
هێنری میلەری گەورە ڕۆماننووسی
ئەمەریکایی لەژێر ناونیشانی ''پرۆگرامی ڕۆژانە''، ڕۆتیناتی نووسینی خۆی و ئەوەی چی
بکەین لە درێژاییی ڕۆژدا و چۆن کارێکی بەفەڕ و پیت بێتە ئەنجام و لەپێناو
تەندروستیی جەستەیی و ئەقڵیدا ئەم شتانەی یادداشت کردووە و نووسیونی:
بەیانیان:
گەر سەرلێشێواو و باڵانس شێواویت،
تێبینییەکانت وەک دنە و هاندەر یادداشت بکە. ئەگەریش لە هەلومەرجی لەباردایت،
بنووسە!
نیوەڕوان:
ئیش لەو بەشەی کتێبەکەدا بکە کە خەریکیت
دەینووسیت، شوێن پلانەکەت بکەوە بە هۆشەوە. زۆر لە خۆت مەکە بۆ نووسین و قەوبڕ
مەکە. لە یەک کاتدا یەک بەش تەواو بکە، وا باشە.
ئێواران:
دۆستان ببینە. لە قاوەخانەکاندا
بخوێنەرەوە. بە دوای بەش و بڕگە نائاشناکاندا بگەڕێ - بەپێ ئەگەر دنیا تەڕوتووش
بوو، بە بایسکڵ ئەگەر دنیا وشک و برینگ بوو. بنووسە، ئەگەر میزاجت هەبوو، بەڵام
تەنیا بیرت لای پرۆگرام بێ. ڕەسم بکە ئەگەر بەتاڵ و ماندوو بوویت. تێبینی لای خۆت
بنووسە. هێڵکاریی بکە، پلان دانێ.
![]() |
| هەنتەر ئێس. سۆمپسن |
هەنتەر ئێس. سۆمپسن: ''زۆر لە خۆت مەکە
بۆ نووسین.''
ئەمەی خوارەوە ڕۆتیناتی ڕۆژانەی هەنتەر ئێس.
سۆمپسنە؛ نووسەر و گەورە ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی و خاوەنی بزووتنەوەی
ڕۆژنامەگەریی گۆنزۆ [ستایڵێکی نوێ لە ڕۆژنامەگەری کە دوور بوو لە بانگەشە بۆ
بابەتیبوون و زۆرجار پەیامنێر دەبوو بەشێک لە بابەتەکە و بە ڕاناوی یەکەم کەسی تاک
هەواڵ یان ڕیپۆرتەکە دەنووسرا و لە ساڵانی حەفتاکانی سەتەی بیست سەری هەڵ دا]:
٣:٠٠ـی شەو: هەڵسان لە خەو
٣:٠٥ـی شەو: ویسکیی شیڤاز و ڕۆژنامەکانی بەیانیان، جگەرەی دۆنهیڵ
٣:٤٥ـی شەو: کۆکاین
٣:٥٠ـی شەو: پێکێکی تر شیڤاز، جگەرەی دۆنهیڵ
٤:٠٥ـی شەو: یەکەم کوپی قاوە، جگەرەی دۆنهیڵ
٤:١٥ـی شەو: کۆکاین
٤:١٦ـی شەو: شەربەتی پرتەقاڵ، جگەرەی دۆنهیڵ
٤:٣٠ـی شەو: کۆکاین
٤:٥٤ـی شەو: کۆکاین
٥:٠٥ـی شەو: کۆکاین
٥:١١ـی بەیانی: قاوە، جگەرەی دۆنهیڵ
٥:٣٠ـی بەیانی: سەهۆڵی زیاتر بۆ ناو شیڤازەکە
٥:٤٥ـی بەیانی: کۆکاین، هیی تر، هیی تر.
٦ـی بەیانی: ماریوانا تا ڕۆژەکە خۆش بێ
٧:٠٥ـی بەیانی: بیرەی هاینکن، دوو مارگرێتا [کۆکتێلی تەکیلا و خۆشاوی
ئەناناس و لیمۆ و هەندێجاریش خوێ لە لێواری گڵاسەکە دەدرێ، هەر وەک بیرەی
مەکسیکی]، زەڵاتەی کەلەرم، زەڵاتەی تاکۆ، دوو ئەڵقەپیاز، کێکی گێزەر، ئایسکرێم،
شفتەی فاسۆلیا، دۆنهیڵ، هاینکنێکی تر، کۆکاین، ئنجا لێخوڕین بەرەو ماڵەوە، بە
گڵاسێک وردە سەهۆڵی تێکەڵ بە شیڤاز.
٩ـی بەیانی: کێشانی کۆکاین بە جیددی
١٠ـی بەیانی: نوقڵی خۆش
١١ـی بەیانی: شارترۆزی فەڕەنسی، کۆکاین، ماریوانا
١١:٣٠ـی بەیانی: کۆکاین، هیی تر، هیی تر.
١٢ـی نیوەڕۆ: هەنتەر ئێس. سۆمپسن ئامادەیە بۆ نووسین
١٢:٠٥ هەتا ٦ی ئێوارە: شارترۆزی فەڕەنسی، کۆکاین، ماریوانا، شیڤاز، قاوە،
هاینکن، جگەرەی قاوە، شەربەتی ترێ، دۆنهیڵ، شەربەتی پرتەقاڵ، جن، سەیرکردنی فیلمی
ڕووت
٦ـی ئێوارە: شاپمانیا، چلوورەی سەرقاوە، پاستای ئەلفرێدۆ
٨ـی شەو: نیشانەکانی ئارامی و ئاسوودەیی
٨:٢٠ـی شەو: خەوتن








