پێویستە ئەمەریکا کۆتاییەک بۆ ئەم پریشکی ئاگرە دابنێت بەرلەوەی زۆر درەنگ
ببێ
ن: ئادەم ئێرلی، باڵوێزی
ئەمەریکا لە بەحرەین (٢٠٠٧-٢٠١١)
و: هەژار عوسمان
وەک ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشوودا ئاگر و
تەقەمەنییەک نەبووبێ، وا ئێستا لەسەر لێواری ململانێیەکی دیکەیە و هەڕەشەیەکی زیاترە
لەسەر وێرانبوون و دابەشبوون لە هەرێمێکی گرنگی جیۆستراتیجیدا. ''پرسی کورد''، کە
چەندین سەدەیە مەراقی کردووە بە دڵی ئیمپراتۆریەتەکان و زلهێزەکاندا، وەک پریشکی
ئاگرێکی گەورە و مەترسیدار بە توانا و کاریگەرییەکی بوومەلەرزەئاساوە سەری
هەڵداوەتەوە.
کوردەکان زۆرجار وەک ''گەورەترین گەلی بێدەوڵەت''
ئاماژەی پێ دەکرێ. ژمارەیان نزیکەی 30 ملیۆنە و بەشێکی فرەوانی هەریەک لە عێراق،
ئێران، تورکیا و سووریایان پێک هێناوە و نیشتەجێن تیایاندا. لە ١٠٠ ساڵی
ڕابردوودا، داوای خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆییان کردووە، لە بەرانبەریشدا هێزە
هەرێمییەکان بە زەبروزەنگ وەڵامیان داونەتەوە و سەرکوتیان کردوون. بۆ نموونە؛ لە
هەڵمەتی ئەنفالدا، سەددام حوسێن زیاتر لە ٢٠٠٠ گوندی وێران کرد و ١٨٠٠٠٠ کەسی
کوردی لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٦-١٩٨٩ لە باکووری عێراقدا کوشت. لە هێرشە
کیمیاییە بەدناوەکەی سەددام بۆ سەر شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨، ٥٠٠٠ کوردی تەنیا
مردن.
ئەمڕۆ، عێراق و سووریا بەدەستی ململانێی ناوخۆییەوە
تووشی لەرزین هاتوون. توندوتیژی، بێماڵوحاڵبوون، ئەو بۆشایییە سیاسییانەی داعش
دروستی کردوون. دڕندەییی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، دەستوەردانەکانی سەربازیی
تورکیا و ڕووسیا و ئێران و ئەمەریکا ژینگەیەکی وەهایان خولقاندووە کە تیایدا
ئەکتەرە نێوخۆییەکان پێشبڕکێیانە لەسەر دەسەڵات و گرتنەدەستی ناوچە و هەرێمەکان،
کوردەکانیش لەمە بەدەر نین.
لە ٢٥ی سێپتەمبەردا و سەرڕای بەرهەڵستییەکانی ئەمەریکا،
تورکیا، عێراق، ئێران و یەکێتیی ئەورووپا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی
سەربەخۆیی ئەنجام دا. نەوەدوسێ لە سەدی دانیشتووان دەنگیان بە بەڵێ دا. هەر دوای
چەند ڕۆژێک لە دەنگدان، هێزە ئێرانییەکان چوونە ئەو ناوچانەی بەدەست کوردەکانەوە
بوون [ناوچە جێناکۆکەکان] و دەریان پەڕاندن. ئێستا ئێران پۆستاڵی لەسەر بەشێک لە
خاکی عێراقە کە هەرگیز پێشووتر لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا نەبووە. ئەم دەستوەردانە
ئاماژەیە بۆ نسکۆیەکی مێژوویی دیکە نەک بەتەنها بۆ خەونی نەتەوەییی کوردەکان
بەڵکوو بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش.
هەمان سیناریۆ لە سووریا لە ئارادایە. گرووپێکی کوردیی
جیا، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و باڵە سەربازییەکەی، یەکینەکانی پاراستنی
گەل (یەپەگە)، کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری خاکی باکووری سووریایان کردووە. پەیەدە/یەپەگە
دوو لقی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن، کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا شەڕی
گەریلاییان لە دژی حکوومەتی تورکیا کردووە. پەکەکە بەرپرسیارە لە تەقینەوە، کوشتن،
ڕفاندن و چەندین هێرشی سەربازی کە هەزاران کەسی لە تورکیا و دەوڵەتانی دراوسێیدا
کوشتووە. هەروەتر پەکەکە، لەلای ئەمەریکا، لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆرستییە دەرەکییەکاندایە.
سەرڕای پەیوەندیی نێوان پەکەکە و یەپەگە، یەپەگە
هاوپەیمانی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایە لە جەنگی دژی داعش لە سووریا، لەبەر هۆکارێکی
سادە؛ یەپەگە کاریگەرترین هێزی شەڕکەرە لەو ناوچەیەدا. ئەمەریکا چەکی بۆ یەپەگه
دابین کردووە، هەروەها پشتیوانیی لۆجیستیکیی پێویست بۆ ئەو ناوچانەی سووریا کە لە
دەستی داعش ئازاد کراون. (پێشتووتر یارمەتیی ئەمەریکی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێزی بەرگریی نیشتمانی دابین کراوە، لەناو ئەو
هێزانەشدا یەپەگە گەورەترین و بەتواناترین ڕکابەرە.) لەگەڵ گرتنەوەی ڕەقە،
پایتەختی بەقسەی-خۆیان خەلافەت، لە ئۆکتۆبەردا، هەڵمەتی سەربازیی دژی داعش لە
سووریا گەیشتووەتە کۆتایییەکەی.
ئەمما ئێستا، بزووتنەوەیەکی چەکداریی پڕچەک، شەڕکەر و
یەکگرتوومان لەناو دەستدایە کە ناوچەیەکی گرنگی هاوسنوور لەگەڵ تورکیایان لەژێر
دەستدایە. ڕوون و ئاشکرایە کە ئەنقەرە خەمیەتی و نیگەرانە، لەبەر ئەو ئەگەرە
واریدەی [ڕێتێچووەی] کە پەیەدە-یەپەگە لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە یەکبگرنەوە بۆ
دروستکردنی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری کە تەحەددای سنوورە نەتەوەیییەکانی ئێستا و
دەسەڵاتێکی خاوەنسالار و سەروەری دەکات.
لە سەرەتای ئۆکتۆبەردا، سوپای تورکیا و تانک و
زرێپۆشەکانیان بە نیازی نەخشەدادان بۆ دانانی سنوورێک بۆ پێشڕەوییەکان و
فرەوانبوونی دەسەڵاتی سەربازیی ئێستای یەپەگە لە باکووری سووریا چوونەتە ناو خاکی
سووریاوە. ئەم جووڵەیە بە هەماهەنگی و پشتیوانیی هێزەکانی ڕووسیایە و دوای هەڵمەتە
سەربازییەکەی پێشووی تورکیا دێت لە سووریا: ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات. پێشووتریش ئەو هێزانە لە سووریا هەبوون و لە بەرەی ڕژێمی
ئەسەددا شەڕیان کردووە.
تەواوی پێکهاتەکان لە شوێنێکدان کە شوێنی ئاگرێکی خەتەرناکە:
لەلایەک یەپەگە [شەڕڤانان لە ڕۆژاڤا]؛ لە لایەکی تر تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ سوورە
لەسەر ئەوەی هەرشتێک ڕابماڵێت کە مەترسی هەیە بۆ سەر یەکێتیی خاکەکەی؛ لەلایەکی تر
دوو هێزی دەرەکی (ئێران و ڕووسیا) کە مەبەستیانە دەسەڵاتێکی بێبەزەییانەی ئەسەد
بەسەر تەواوی سووریادا بسەپێنن؛ هەروەها زلهێزێکی بێچارە (ئەمەریکا) کە تا ئێستا
سیاسەتێکی ڕوونی بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و بەرژەوەندیی
هاوپەیمانەکانیشی پێشان نەداوە.
فتیلەکە داگیرساوە و ئەگەری چەندین تەقینەوە لە
ئارادایە. شکستی عێراق و سووریا لە کۆنترۆڵکردنی خاکەکەیان وای لە کوردەکانی
هەردوو وڵاتەکەدا کردووە بۆ شوێنکەوتنی خەونە نەتەوەییەکانیان چەندین جووڵەی گورج
و مەترسیدار بکەن. ئەم جووڵانە ڕووبەڕووی هێزی حکوومەتەکانی تورکیا، سووریا، عێراق
و ئێران دەبنەوە، کە باوەڕیان وایە سنوورەکانیان لە خەتەردان، ئەگەر بێتو
سنوورەکانی ئێستایان نەبن. سیاسیەتی بەرپرسیارانەی ئەمەریکا دەبێت سیاسەتی هێورکردنەوەی
دۆخەکە بێت، نەهێڵێت زیاتر ئاڵۆز ببێ و لەنێوان هەموواندا تێگەیشتنێک بێتە ئاراوە،
بەتایبەتیش پەیەدە-یەپەگە، کە ئەمەریکا بە ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشکردن بۆ سەر دۆخی
ئێستا و ئەوەی ئەرزی واقیعە قایل و غافڵگیر نەبێ.
سەرچاوە: foreignpolicy
