یووست
هیڵتەرمان*
وەرگێڕانی
لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
لە
ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق،
مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە
بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا
بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی
ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە.
بە
پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی
کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی
چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و
دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی
ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری
کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە
ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لایەنێکی
دەسەڵاتداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوتا سیاسییەکەی پارتی دیموکراتی
کوردستان، کە پێشووتر دژایەتیی ڕیفراندۆمیان کردبوو و ئەو هەلەیان قۆستەوە و
مێزەکەیان بەسەر بارزانیدا قڵپ کردەوە. هەر زوو، ئەم هێزانە زۆربەی ئەو ناوچانەیان
گرتووە کە لە دەستووری عێراقدا بە ناوچەی جێناکۆک ئاماژەیان پێ کراوە: ڕێڕەوێکی بەرفرەوانی
خاک کە لە سنوورەکانی ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ سنوورەکانی سووریا و کەرکووکیش
وەک ناوەندەکەی، کە هەم هەولێر و هەمیش بەغدا داوای دەکەن. پێشمەرگەکانی (ی.ن.ک) و
(پ.د.ک) لەو ناوچانە یان کشاونەتەوە یانیش هەڵاتوون.
ڕەنگە
کۆست و خوورپەی هەرە قورس بۆ کوردەکان دژایەتیی واشنتن بووبێ بۆ ڕیفراندۆم و
گرتنەوەی کەرکووک. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتییەکی زۆروزەبەندی
سەربازیی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە لێ کرا، ئەمە وای کرد چاوەڕوانییەکی زۆریان
لەو وڵاتانە هەبێت بۆ پشتگیریکردن لە موزایەدەی سەربەخۆیی. کەچی ئیدارەی ترەمپ
پشتگیریی پێشڕەوییەکانی هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێرانی
کرد.
کوردەکان
دەپرسن بۆچی واشنتن دژایەتی مافی ڕەوای چارەی خۆنووسینیان دەکات، مافێک کە
ڕۆژگارێک ئەمەریکییەکان خۆیان ئەزموونیان کردووە، دوای ئەوەی لە ٢٠٠٣ بەدواوە،
بەتایبەتریش لە شەڕی دژی داعشدا، سەلماندوویانە کە هاوپەیمانی حەقیقی ئەمەریکان لە
عێراق؟ ئنجا بۆچی ئەمەریکا وای لێکردن ئەو بڕوایەیان لا دروست ببێ کە دەبێ ڕێگەی
سەربەخۆیی بگرنە بەر، تەنها بۆ ئەوەی سزایان بدات پاش گوزارشتکردن لە قووڵترین
ئامانجی خۆیان؟
کوردەکان
مێژوویێکی دوورودرێژیان هەیە لە بەهەڵەخوێندنەوەی نیەتی ئەمەریکا. زنجیرەیەک لە
سەرۆکەکانی ئەمەریکا دژایەتییان بۆ گۆڕینی سنوورە هەنووکەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دووپات کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، واشنتن دەمێکە پێویستی بە کوردەکانە تا وەک
هاوپەیمانێکی جێگیری بمێنێتەوە لە ململانێ و شەڕەکانی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت،
ئێران، سەددام حوسێن و داعش. سەرۆکە کوردەکان ئەم ئاماژەیەیان بەناڕوونی پێ گەیشتووە،
یان ڕەنگە وا بیریان کردبێتەوە کە پێیان گەیشتووە و تێی گەیشتوون. لەوەش بترازێ،
پاش ٢٠٠٣، دەنگە بەهێزەکان لە واشنتن، لەناویاندا؛ جۆن مەککەین و جۆ بایدن،
پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و
نەرمییان لە بەرانبەر سەربەخۆبوونی کورددا پێشان داوە. کوردەکان، یەکێک لە
گەورەترین نەتەوە بێ-دەوڵەتەکان، ویستیان بڕوا بەم سیاسەتە بێنن.
داخوازیی
کورد بۆ سەربەخۆیی تەمەنی ١٠٠ ساڵە. هەروەتر هەستی سکاڵا و ناڕەزایەتیشیان. وا
هەست دەکەن لەگەڵ بۆهێڵێکی ناتەواوی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتدا گەورە بوون کە تیایدا ناپاکی
و ستەم و نادادپەروەریی لەسەر چەسپێندراوە، ئەم بۆهێڵەش نەوە دوای نەوە بەبێ
چارەسەر گواستراوەتە بۆ یەکتری. هەر لەبەر ئەمەیە کە زۆر داخلەدڵن لە بەستنی ڕێککەوتنە
نهێنییەکەی نێوان مارک سایک و فرانچیۆس جۆرجس پیکۆ، لە گەرمەی یەکەم جەنگی جیهان
لە ساڵی ١٩١٦، کە تیایدا دەسەڵاتەکانی داهاتوو و کاریگەریی بەریتانیا و فەرەنسایان
نەخشاندبوو: نەک لەبەرئەوەی پەیماننامەیەکی ڕاستەقینەیان بۆ لێدان لە عوسمانییەکان
بەرهەم هێنابوو، بەڵکوو لەبەرئەوەی ئەو سنوورانەی ئەوان کێشابوویان، ئەو نیەتەی
بەدەستەوە دەدا کە غەنیمەتەکان بەسەر سەرانی ئیمپراتۆرانی پێشوودا دابەش بکەن.
ساڵی ١٩٢٠ ڕێککەوتنەکەیان بەهۆی پەیماننامەی سیڤەرەوە کرا بە یاسا، کە ئەگەری
دەوڵەتێکی کوردی تیادا بەدی دەکرا. بەڵام لە ماوەی سێ ساڵدا، نیوەی بەڵێنەکان لە
پەیماننامەی لۆزاندا پشتگوێ خران.
چی
دەبوو ئەگەر هێزە کۆڵۆنیاڵەکان لە ساڵانی ١٩٢٠ـەکاندا ڕێگەیان بە کوردەکان بدابا
دەوڵەت دابمەزرێنن؟ دەرەنجامە گریمانەییەکەی دامرکانەوەی کوردەکان بوو لە ئاستێکی
باڵادا، هەر وەک دامرکانەوەی عەرەبەکان لە سەدەی ڕابردوودا پاش دابەشکردن یان
دروستکردنی جیهانی عەرەبی. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەوەی فەرەنسا و بەریتانیا وێنایان
کردبوو بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، بوار و پانتاییەکی کەمتر بوو لەو ناوچانەی
کوردنیشینن. نەتەوەی کورد پارچەپارچەکراوە و، ڕێک وەک عەرەبەکان، ئەزموونی تاڵاو و
پەرۆشیی چەندان نەوەیان هەیە بۆ یەکخستەوە. تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ کوردەکان
دەوڵەتیان دابمەزراندایە، ئەو سۆزی یەکخستنەوەیە هەر وا بە بەهێزی دەمایەوە.
هەروەها ململانێشیان کردووە بۆ دەرچوون و ڕزگاربوون لەم فشار و زۆرلێکردنانە. لە
بری دەوڵەت، کوردەکان، بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، دەیان ساڵە
دابەشکراون و دەیان ساڵیشە وەک گرووپ و کەمەنەتەوایەتی شەڕ بۆ مافەکانیان دەکەن،
کۆشش و ململانێکانیشیان وەک گرەوێک وایە لەسەر دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.
لە
کاتێکدا شوناسی نەتەوەیی هاوبەشی کوردان یەکیان دەخات، وەک خەڵک، بەڵام وەک چەندان
گرووپی ئیتنیکی دابەش بوونە – لە ڕووی زار، ئایدۆلۆجیای سیاسی و کەسایەتی و
ستراتیجی لەپێشینەی سەرکردەکانیان. جیا لەوەش، توانەوەی زۆرەملێیان لەنێو چوار
کەلتووری جیاوازدا شکڵی بەخشیووە بە تێڕوانین و فۆڕمی ململانێیان لە هەر ژینگەیەک
لەو چوار ژینگەیەدا. بۆ نموونە؛ زۆرینەی کوردانی شاری سلێمانی، کە بە زاری سۆرانی
قسە دەکەن، بەحاڵ لە کەسێکی خەڵکی دهۆک تێ دەگەن کە بە شێوەزاری بادینی قسە دەکات.
ئەوە تەنها لە عێراق وایە. ئەو هۆکارانەش لە ئامانجی پارتە سیاسییەکان بۆ خەونی
سەربەخۆیی کە هەیانە زیاتر حسابیان بۆ دەکرێت. کوردانی بەسیاسیکراوی شوێنکەوتووی
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیا، کە ڕابەرەکەیان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە،
ململانێی بارزانی دەکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی تەواوی بزووتنەوەی کوردی. ئەو دوو
پارتە لە ڕابردوودا پێکدادان لەنێوانیان ڕووی داوە و دەشکرێ ڕووبداتەوە، لە کاتێکدا
گەریلاکانی پەکەکە لەم ساڵانەی دواییدا بنکەکانیان لە باکووری عێراقدا فرەوان
کردووە. ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا سەرکەتووانە ئەم دابەشبوونەوەی کوردەکانیان
وەک هەلێک قۆستووەتەوە و کەڵکیان لێ وەرگرتووە. تەنها هیوا کە کوردەکان هەیانە
ئەوەیە ئەم دەوڵەتانە جەرگبڕانە لاواز ببن –وەک چۆن پێشتر عێراق و سووریا لاواز
بوون، لە دیدگای ئەواندا- بە جۆرێک کە نەیانپەرژێتە سەر پێشڤەچوونیان بەرەو
دەوڵەتداری، بەهەرحاڵ، لە هەندێک بەشی کوردستاندا، دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە سنووردار
ببن.
لە
سەدەی ڕابردوەوە، کوردانی عێراق بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی متمانە و باوەڕێکی
لەڕادەبەدەرن کە ئەمەریکا لە کۆت و بەندی کۆنترۆڵی ناوەند (بەغدا) ڕزگاریان بکا.
پەیوەندییەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٧٠، کاتێک موستەفا بارزانی لە دژی
ڕژێمی بەعسی عێراق داوای یارمەتی لە واشنتن کرد، دوای ئەوەی زاڵمەپیاوی ڕژێمەکە،
سەددام حوسێن، سەرپێچی ڕێککەوتنێکی واژۆکراوی ساڵی ١٩٧٠ی کرد کە تیایدا بەڵێنی
ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەری) بە کوردانی عێراق درابوو. کاتێک بارزانی دەستی دایەوە
شۆڕش، کوردەکان پشتیوانییان لە (سی ئای ئەی)ـەوە وەرگرت، لەبریدا دەیانویست شەڕی
حکوومەتی عێراقی گوێڕایەڵی سۆڤیەتیان بۆ بکەن. پشتیوانییەکە هەرگیز لە ئۆتۆنۆمیی
کوردان لە عێراق بەولاوە چ بەڵێنێکی دیکەی تیادا نەبوو، تەنانەت پاش ئەوەی بارزانی
پێشنیازی دەستگرتن بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکی بۆ ئەمەریکا کردبوو، لە حاڵی
سەرکەوتندا.
![]() |
| مەلا موستەفا بارزانی، شوباتی ١٩٦٣ |
ئەمەریکا
هەندێک هۆکاری دیکەی هەبوون کە لەبەرچاوی گرتوون: کاتێک شای ئێران ساڵی ١٩٧٥ ناوبژیی
ڕێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئاوەڕێی شەتەلعەرەب کرد، لە بەرامبەریشدا
بڕینی پشتیوانیی سەربازی بۆ بارزانی. واشنتن شوێن ئەو ڕێککەوتنە کەوت، شۆڕشی
کوردەکانیش تووشی نسکۆ هات. پێشمەرگە زیندووەکان بەرەو ئێران هەڵاتن، موستەفا
بارزانیش لە ئەمەریکا بە دوای سەلامەتیدا دەگەڕا، کە هەر ماوەیەکی کەم دوای
گەیشتنی بەوێ، کۆچی دوایی کرد. لەو ماوە کورتەی لە ئەمەریکا بوو، نەجمەدین کەریم
پزیشکی تایبەتی بارزانی بوو، کە ماوەی شەش ساڵ پارێزگاری کەرکووک بوو تا کاتی
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی عەبادی لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، کۆتاییەکی بۆ
هەڵسوکەوتەکانی دانا.
مەسعوود
بارزانی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەی باوکی گرتە ئەستۆی خۆی، بەو هیوایەی ئەوەی بارزانیی
باوک دەستی پێکردبوو ئەم تەواوی بکات. بەڵام بارودۆخەکان ڕەق و نالەبار بوون.
(پ.د.ک) بەدەست دووکەرتبوونە لاواز و دامرکێنەوەکانەوە ئازاری چەشت. جەلال
تاڵەبانی، کە سەرەتای ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد، یەکێتیی نیشتمانیی
کورستانی هاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند. لە شەڕی نێوان ئێران-عێراقی
ساڵانی ١٩٨٠، هەردوو حزبەکە لە بەرەی ئێران بوون، لە کاتێکدا ئەمەریکا پشتگیریی
سەددام حوسێنی دەکرد لە دژی مەلا ئیسلامییە دڵگەرم و پەرۆشەکان. ئاکامەکەی تۆڵە و
پادداشتی سەربازیی سەددام حسێن بوو، کە تیایدا سەتەلایتی هەواڵگری و چەندین شێوەی
دیکەی پشتگیری لە ئەمەریکاوە وەرگرت، هەروەها سوودی لە (چاوی کوێر) چاوداخستنی
ئەمەریکا وەرگرت و چەکی کیمایی دژ بە ئێران و کوردە یاخیبووەکان بەکارهێنا. هێرشی
گازی ژەهراوی بۆ سەر شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨، کە هەزاران کەسی تیادا بوونە
قوربانی، لوتکەی ئەم چاوپۆشییە گاڵتەجاڕییەی تاوانی جەنگ بوو کە تاکتیکی
یەکگرتنەکە بوو. سەددام یاخیبوونی کوردەکانیشی بە ئەنفال بنبڕ کرد، لە ئەنفالدا
هێزە ئەمنییەکانی سەددام بە سیستماتیکی دەیان هەزار کوردیان خڕ کردووە و لەناویان
بردن.
![]() |
| مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لەبەردەم وێنەیەکی کێشراوی مەلا موستەفادا وەستاون |
کە
سەددام کوەیتی داگیر کرد بەختی کوردەکان گەڕایەوە. چارەنووسی خۆیان خستە دەستی
خۆیان، دەسەڵاتی عێراقییان لە ناوچەکانی خۆیان هێنایە لەرزە. بەڵام هەر کە
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی عێراقی لە کوەیت وەدەرنا، حەجم و ناواخنی ئیدارەی جۆرج
بووشی باوک دەرکەوت، کە سەددامێکی لاوازبوو و زەڕبەخۆری لە بەرانبەر ئێراندا
بەجێهیشت، کە هەڕەشە بوو بۆ سەر ژیان و خەون و ئامانجی کوردەکان. لەگەڵ ئەوەشدا
ڕزگاربوونی کوردەکان لە دەست سوپای گەڕاوەی سەددام هۆیەکەی ئەمەریکا بوو:
ئاسمانێکی پارێزراو و دژە فڕین لە باکووری عێراقدا هەبوو. دووچاربوونی کوردەکان بە
ئەمەریکا بە ئەوج گەیشت، هاوشانی ئەوەش داوایان لە واشنتن کرد لە دەست سەددام
بیانپارێزێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، کوردەکان هەرگیز بەتەواوی تێنەگەیشتن
بۆچی بووش شکستی هێنا لە لابردنی سەددام حوسێن. تێشنەگەیشتن بۆچی ئەمەریکا
ستەمکارێک لە شوێنەکەی خۆی دەهێڵێتەوە، لە کاتێکدا ئەوان هەموو جۆرە ئامادەیییەکی
خۆیان پێشان دابوو، تەنانەت ئەگەرچی توانای تەواوەتیشیان نەبوو تاکوو خۆیان لەژێر
چنگی دڕندەیی ئەودا دەرباز بکەن. ئایا ئەمەریکا لە بەرەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
نەبوو؟ کوردەکان، کە تاڵاوی ترسناکترین پێشێلکاریی مافەکانیان بەدەست ڕژێمەکانەوە
چەشتبوو، پێشنیازی بوون بە هاوپەیمانی ڕۆژئاوایان کردبوو لە باکووری عێراق –
پێشنیازی دیموکراتی و ئاوەڵایی بۆ بازرگانی. هێشتا هیچ باسێک لەمەڕ سەربەخۆییەوە
نەبوو، تەنها باسی حکوومەتی خۆجێی هەبوو لە چوارچێوەی سنووری وڵاتاندا. زۆرترین
شتێک کە واشنتن بۆ کوردەکانی کردبوو پاراستنیان بوو لە دڕندەیی و توندوتیژیی
زیاتر. بەهۆی نادیدەنەگرتنی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ و پشتگیری و ڕێزدانان بۆ
سنوورەکانی ناوچەکە، کوردستان بەو جۆرە بەجێهێڵدرا.
لە کاتێکدا کوردەکان لە دەیەی پێشوودا ئەزموونی دیفاکتۆی
سەربەخۆییان کرد، لەژێر چەپۆکی ئابوورییەکی یەکگرتوو و بەهێزی نێوان تورکیا،
ئێران، سووریا و عێراق و ئابڵووقە نێودەوڵەتییەکانیشدا ململانێی مانەوەیان کرد.
هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢ دابەشکاریی هێزی لەنێوان (پ.د.ک.) و (ی.ن.ک) بەرهەم هێنا
کە هەر زوو شکستی خوارد. تێڕوانینە سیاسییەکانیان کەمێک جیاوازە، بەڵام لەسەر
کەسایەتیی سەکردەکانیان (کەرتبوونی بارزانی-تاڵەبانی دوای ١٩٧٥) پێکدادان
لەنێوانیاندا ڕووی داوە و هەریەکەشیان بۆ خۆیان ویستوویانە دەستیان بە دەرامەتی
گومرگی سنووری تورکیا ڕابگات. ئەمەش ململانێیەکی خوێناوی لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨
لێ کەوتەوە، کە لە ئابی ١٩٩٦، بارزانی بانگهێشتی هێزەکانی سەددامی کرد تا بێنە ناو
کوردستانەوە و پێشمەرگەکانی تاڵەبانی ڕاو بنێن.
بەلای واشنتنەوە، ئەم خەبات و تێکۆشانانەی کورد
بێزارییەکی بچووک بوون، بەڵام داگیرکردنی کورتخایەنی کورستان لەلایەن سەددامەوە
ئەمەریکای ناچارکرد ناوچەکە بگەڕێنێتەوە باری پێشووتری بە هاوکاریکردنی هاوبەشە
کوردییەکانی. ئەو سەرکردە کوردانەی لە سەردەمانێکدا من قسەم لەگەڵیان کردووە
بەدەست بڕیاری شەڕی ناوخۆوە ئازاریان چەشتووە، هەروەها لە کاتی شەڕیشدا، واشنتن ئەو
چینە دەسەڵاتدارە گەنجەی ئاگادار کردەوە کە وزەی ئەوان پێویستە لە بنیاتنانی
دەوڵەت لە ئاییندەدا بخرێنە گەڕ. لە کۆتاییدا بیرکردنەوەکانی ئەمەریکا کۆتایییەکی
بۆ شەڕی براکوژیی کوردەکان دانا. هەردوو حزبەکە بە دامەزراندنی دوو حکوومەتی
جیاواز لە دوو ناوچەدا کە خۆیان حوکمڕانییان دەکردن دەستیان پێکردەوە، هەر یەکەیان
بە دوو چاوی وریا و ئاگادارەوە چاودێریی یەکتریان دەکرد.
داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە
گۆڕانکاریی یەکلاکەرەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. کوردەکان هاوپەیمانی نەگۆڕی واشنتنن،
فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا (زیاتر لە سەرکردە سیاسییەکان) هیچ نین ئەگەر
دڵسۆز و پارێزەری هاوبەش و هاوپەیمانە لۆکاڵییەکانیان نەبن. داگیرکردنی عێراق گرێی
بەختی کوردەکانی کردەوە – هیوای زۆریشی پێ بەخشین. ئەگەر واشنتن ئامادە بووایە لە
ڕابوونی ئەواندا پشتیان بێت، ئەوا کوردەکانیش چاوپۆشییان لە تێوەگلانی ئەمەریکا لە
هەڵەبجە و ئەنفال دەکرد. بەهەرحاڵ، هەموو کەس بەخشندە نییە. نەوشیروان موستەفا
ئەمینی ڕەوانشاد، جێگری درێژخایەنی تاڵەبانی، وەک بیرمەندێک و بە تێگەیشتنێکی
قووڵی مێژووییانەوە بۆ مەسەلە ستراتیجییەکان، ساڵانێک لەمەوبەر پێی گوتم هەمیشە
هۆشداری ئەوەم داوە کە ناکرێ بەوپەڕی دڵنیایییەوە هەموو هێلکەکانمان بخەینە
سەبەتەی واشنتنەوە لەبەر ئەو جۆرە مامەڵانەی لە ڕابردوودا لەگەڵ کوردەکان کردوونی.
![]() |
| هێنانە خوارەوەی پەیکەری سەددام حوسێن بە یارمەتی مارێنزەکانی ئەمەریکا، نیسانی 2003، بەغدا |
بەڵام ئیدارەی جۆرج دەبلیو بووشی باوک لە هەمووان زیاتر
لە کوردەکانەوە نزیکتر بوو. لە ژینگە بەردەوام نەیارەکەی عێراقدا، بووش کوردەکانی
وەک دۆست و گەلێکی کراوە و جێباوەڕ و هاوتایەکەی بەسوود دەبینی لە دژی سەرکردە
دەمەقاڵەکەرەکانی شیعە، کە بە دڵسۆزی خۆیان لەنێوان واشنتن و تاراندا دابەش ببوون.
ئەمەریکا ئارامیی هەرێمی کوردەکانی کردە گەنجینەیەک بۆ خۆی، هەروەتر (توانا)
پۆتێنشیاڵە ئابوورییەکەشی. بەڵام نیەتی ڕوون بوو کە دەیویست دەوڵەتی عێراق بنیات
بنێتەوە، سوپا و سنوورە دەرەکییەکانیشی. هەموو ئەو شتەی تا ئێستا ئەمەریکا بەڵێنی
بە کوردەکان داوە تەنها بازرگانی و پارێزگاری بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دۆخە نوێیەی هاتە ئارا هیوای زیاتری
بە کوردەکان دەبەخشی. ڕێی بە کوردەکان دەدا ڕۆڵی ناوبژیوان بگڕێن لە بەغدا، بەهۆی
تاڵەبانییەوە وەک سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆتۆنۆمییەکەی بۆ گۆڕین بە
هەرێمێکی فیدڕاڵ لەژێر دەسەڵاتی بارزانی. لەوەش زیاتر، دەستووری عێراق هەلی
وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی پێ دابوون کە کاتی سەددام لە جێی کوردەکان عەرەبەکان
نیشتەجێ کرابوون – ناوچە جێناکۆکەکان- ئەمەش بە جۆرێک هەلی کۆنترۆڵکردنی ناوچە
دەوڵەمەند بە نەوتەکان بوو.
بە هاندانی ئیدارەی بووش، ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان وەلا
نا تاکوو بەرەیەکی بەهێز لە دژی دەسەڵاتە تازەکانی بەغدا پێک بێنن، ئەو
دەسەڵاتانەی هەرگیز جێی متمانە نەبوون. کوردەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێکی ستراتیجی کە ڕێگەی
پێ دەدان پێکەوە بە هاوبەشی نەوت لە ناوچە کوردییەکان دەربێنن. تا ئەو ڕادەیەی کە
(پ.د.ک) و (ی.ن.ک) بەجۆرێک سەرمایەگوزارییان کرد کە کەشێکی دڵخوازی سەرمایەگوزاریشیان
بۆ کۆمپانیا بیانییەکان هێنایە ئارا، هەروەها پاڵپشتیکردنی دارایی دۆستەکانی خۆیان
و قوتدانی سێکتەرە گشتییەکانی هەرێم لەلایەن دڵسۆزان و پیاوانی خۆیانەوە.
ڕێککەوتنە نەوتییەکان زۆر بەبەهاتر بوون و سوودمەنتر
بوون ئەوکاتەی لە ٢٠٠٧دا تورکیا بڕیاری دا لەگەڵ بەغدا و بەجیاش لەگەڵ حکوومەتی
هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن بکات. سەرکرادیەتیی تورکیا پیشنیازی هەماهەنگی تەواوەتی
لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد تاکوو ڕێککەوتنەکە ببێت بە بەشێک لە ئابووریی تورکیا،
بۆ ئەمەش پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان دروست کرد. واشنتن خۆی
پشتگیریی ئەم جووڵەیەی دەکرد و سوودی لێ دەبینی، لە کاتێکدا کۆمپانیا
ئەمەریکییەکان هاوشانی کۆمپانیا تورکی و ئەورووپییەکان چوونە نێو خاکی هەرێمی
کوردستان تاکوو کەڵک لە سامانی نەوت وەربگرن. گرێبەستەکانی دەرهێنانی نەوت
بەشێوەیەکی تایبەتی بەسوود بوون، لە کاتێکدا کە کۆمپانیا بیانییەکان نەک تەنها
بەڵێنی داهات بەڵکوو بەڵێنی دابەشکردنی پارەی نەوتیان بەیەکسانی بە کوردەکان دا –
سەررەڕای ئاستەنگ و بەربەستە بەهێزەکانی بەغدا. حزبە کوردییەکان ئەم دەرفەتە
نوێیەیان تا ئەوپەڕی قۆستەوە، هەتا کۆمپانیا نەوتییە بچووکەکان فریوی کۆمپانیا
نەوتییە زەبەلاحەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل بدەن. لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا،
حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی ڕۆسنەفتی ڕووسی بە
بڕی ١ ملیار دۆلار لە سەرمایەگوزاریی گازی سرووشتیدا (بۆرییە گازییەکان) واژۆ کرد.
بەهەرحاڵ قەبارەی حەقیقی ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگە هەرگیز
نەزانرێت، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئابڕوویەکی باشی لە شەفافیەتی ڕێککەوتنە
نەوتییەکاندا نییە. لێرەوە گەندەڵیی ئاستبەرز خەڵکی هیوابڕاو کردووە لەوەی کە ئەم
حزبانە بەڕاستی بتوانن حوکمڕانی بکەن و سامانی وڵات بۆ خزمەتی خەڵک بەکار بهێنن.
ئەم دۆخە ئەوە ڕوون دەکاتەوە بۆچی گەنجە کوردەکان، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات
خوێندبوویان بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ گەڕانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات، جارێکی تر سەری
خۆیان هەڵگرت و ڕایان کرد، ئەوەش بەهۆی زویربوونیان لە دۆخی گەندەڵی و قۆرخکاری و
خزمخزمێنە. هەروەها ئەوەش ڕوون دەکاتەوە بۆچی بەهاری عەرەبیی ٢٠١١ پێکهاتەیەکی
کوردییانەی هەبوو. خەڵکانی گەنج ڕژانە سەر شەقامەکانی شارە کوردییەکان هەر وەک
ئەوەی لە تونس و میسڕ و چەند شوێنێکی دیکە خەڵک کردیان. دەسەڵاتداران خۆپیشاندەرانیان
سەرکوت کرد، بەڵام بێزاربوون لە گەندەڵیی ئاستبەرز، سنوورداریی مافی سیاسی،
حوکمڕانیی هەژارانە، زیاتر و زیاتر گەشەی کردووە.
ئەوەی سەرکردایەتیی کوردی لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزی و گرژیی
زیاتر ڕزگار کرد، هاتنی داعش و گەیشتنیان بوو بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە
٢٠١٤دا. هیچ ڕێگەیەک لەوە باشتر نییە کە خەڵکی لە دژی دوژمنێکی هاوبەش کۆبکەیتەوە
بۆ ئەوەی خەمەکانیان لەمەڕ حوکمڕانییەکەی ئابڕووبەرانەوە بخەیتە لاوە. ئەو شەڕە
تاڵە خەرجی زۆر ویست و زۆریش گران کەوتەوە؛ نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی
جیهانیشدا یارمەتیدەر نەبوو. مووچەخۆرانی حکوومەت بەبێ مووچە، یان بەبێ مووچەی
تەواوەتی بۆ چەندین مانگ ژیانیان بەڕێ دەکرد. نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارەی عێراقیش
پێویستییان بە هاوکاری و پەناگە بوو لە هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا ئەمە زۆر قورس
کەوتبووەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان کە کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی
کردبوو تەقریبەن هاوکاریی سەربازیی بێمەرجی لە ڕۆژئاواوە وەردەگرت، هەروەها
هاوسۆزیی زیاتریش بۆ وەستانەوە لە دژی کردەوە دڕندانەکانی داعش. پاڵپشتییەکانی
ڕۆژئاوا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، وای کرد بارزانی بتوانێت ماوەی سەرۆکایەتییەکی بۆ
دوو جار و بەبێ دەنگدان درێژ بکاتەوە.
بەڵام سەرکردایەتیی کورد درکی بەوە کردبوو کە بەزاندنی
داعش بەهیچ جۆرێک هیچ لە دۆخی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت و شتی تازە ناهێنێتە
ئاراوە. بارزانی وا تێگەیشت کە یان ئێستا کاتی دەوڵەتە یان هیچ کاتێکی تر. لەگەڵ
تەواوبوونی شەڕی دژی داعش، ئەم گەڵاڵەیە لە تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا
گونجاو دەرکەوتووە: ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی لە شەڕی دژی داعشدا
پاڵپشتیی کوردەکانیان کردووە، بەڵام بە لای کوردەکانەوە شەڕی دژی داعش هەمیشە وەک
هەلێک بووە بۆ پرسە نیشتمانییەکانیان. هەندێک ئاماژەشیان لە واشنتن دیوە کە وەک
پێشنیازی کاتی ڕاگەیاندی سەربەخۆیی لێکیان داوەتەوە، ئەو ئاماژانەش قورساییی
زیاتریان بە پرسەکەیان داوە.
ئەم تەفسیرە لەکوێوە دێ؟ بانگهەڵدانی ڕۆژئاوا بۆ مافی
چارەی خۆنووسینی کوردەکان دەنگی دابووەوە، ئەم دەنگۆیە کاریگەریی لەسەر
بیرکردنەوەی سەرکردە کوردەکانیش هەبووە. هەروەها بۆ ڕای گشتیی کوردستان و ڕۆژئاواش
وایان پێشان دابوو کە ئەمە بەهۆی قورسایی و هێزی پەیوەندییە گشتییەکانەوەیە لە
واشنتن. ئەم بانگهەڵدانانە لە چوار جۆری سەرەکی بوون، کە ڕەنگە بەیەکدا چووبن و
بەیەکیان خواردبێ.
گرووپی یەکەم (جۆری یەکەم) کەسانێک بوون بەشوێن قازانجدا
دەگەڕان. ڕۆژێک لە عێراق دیپلۆماتی سیاسی بوون و بەشداری چەندین گفتوگۆی
هەستیاریان کردووە، بۆ ڕۆژی دوایی وەک نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕاوێژکار سەروگوێلاکیان
لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە و پەیوەندییەکی باشیان لە ئاستی باڵادا لەگەڵ حکوومەت
هەبووە، نیەتیان ئەوە بوو لە بەخشینەوەی ئامۆژگارییەکانیان قازانج بکەن و سوپاسی
ئەزموونیان بکرێت. گرووپی دووەم کەسانێکی ڕۆمانتیک بوون کە بەڵێنی زلیان بە کورد
داوە و بەوە قایلیان کردوون کە ڕاگەیاندنی دەوڵەت تاکە ڕێگەیە کە کوردەکان لە
مەترسی و زیانەکانی داهاتوودا دەپارێزێت. دەکرێ ئەوان لۆبیکەرێکی کاریگەر بن،
لەبەرئەوەی دەنگیان دلێرە. نموونەیەکی لەو جۆرەیش، فیتنەگێڕی فەرەنسی، بێرنارد
هێنری لێڤییە.
گرووپی سێیەم لەو کەسانە پێک دێن کە پرسی کوردەکان لە
ڕیزی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا دادەنێن. ڕایەڵەی ئیسرائیل و بارزانییەکان
دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٦٠، کاتێک ئیسرائیل پشتگیریی شۆڕشی کوردەکانی دەکرد بۆ
دابەشکردن و لاوازکردنی جیهانی عەرەبی کە نەیاری خۆی بوو. خۆشەویستیی پارتی
دیموکراتی کوردستان بۆ ئیسرائیل، لە ئاکامدا، وەک خۆی ماوەتەوە و کەمی نەکردووە،
ئەگەرچی کوردەکان خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ فەلەستینییەکاندا هەیە کە ئەوانیش
بێدەوڵەتن. لە ساڵانی ١٩٧٠، ئیسرائیل لە دژی یەکێتیی عەرەب پشتیوانیی سەربازی بۆ
کوردەکان دابین کردووە. لە پاڵپشتیکردنی ڕیفراندۆمی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، ڕەنگە بینجامین
ناتانیاهۆ دەوڵەتی کوردیی وەک بەرگریکارێکی بەهێز لە دژی ئێران سەیر کردبێ.
ئەندامانی گرووپی چوارەم پشتیوانیی کوردەکانیان کردووە
لەبەرئەوەی هەڵوێستێکی دژە ئێرانی لە ئەزموونی دەیەی پێشوو لە عێراق دەبینرێت، لە
کاتێکدا، وەک سەربازە ئەمەریکاییەکان، لەڕێی خەلیفەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هێرش
بوونەتەوە، یاخود ڕەنگە بارزانی وای هەستکردبێت کە ئێستا هەلێکی زێڕینە تاکوو سوار
شەپۆلی ئەمەریکا کە مەترسییەکانی لە داعشەوە گوازراوەتەوە بۆ ئێران، ببێت. بارزانی
بەگشتی دژی شۆڕشی ئێران و لێکەوتەکانیشی بووە. وتارە گشتییە ئاسوودە و پڕ ئازایەتییەکانی بارزانی ئەوەیان
پێشان دەدا کە ئەو هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوە لە ڕووبەڕووبوونەوە تازە هەرێمییەکەدا
و لە بەرەی ئەمەریکا، ئیسرائیل، سعوودیە و تورکیا دەردەکەوت، ئەمەش پێگەی ئەوی لە
هەرێمە کوردییەکەدا بەهێزتر کرد و هەنگاوێکی تری هاویشت بە ئاڕاستەی ئاواتی
سەربەخۆیی.
ئەمە هەمیشە قومارێکی مەترسیدار بووە. ئەگەر بارزانی وای
بیرکردبێتەوە کە ئیدارەی ترەمپ لە ڕووی هاوسۆزی و نمەکگیری و پێویستیی
ستراتیجییەوە پاڵپشتی کوردەکانی کردووە، ئەوا زۆر بەهەڵەدا براوە. ئەمەریکا
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی وەک دوو بەڵێندەری
ئاساییشی بەهێز و ئامادە بەکارهێناوە، بەردەوامیش سوورە لەسەر، ئەگەر بەناویش بێت،
یەکپارچەییی خاکی عێراق وەک ئاستانەیەک لەبەردەم هەژموون و دەسەڵاتێکی ئێرانی
بەسەر هەرێمێکی کوردستانی لەناوخۆدا پەرتەوازەبووی لاواز لە ڕووی ئابوورییەوە.
پەیوەندیی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و کوردەکان لەسەر بەدحاڵیبوونێکی ئارەزوومەندانە
سەرچاوەی گرتووە: واشنتن بەئەنقەست خۆی دوور دەگرێت لە پەیوەندییەک ''لەسەر بنەمای
گرێبەست'' لەگەڵ کوردەکان؛ لە بەرانبەردا، کوردەکان باوەڕیان وایە ئەم ماوانەی
نێوانیان ئاقیبەت ئەمەریکا بە لای پشتگیریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی
ڕادەکێشێت. ڕووداوەکانی ئەم دواییانە ئەوەیان پێشان دا کە کوردەکانی جارێکی دیکەش
بەهەڵەدا چوون.
ئەمڕۆکانێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتە ئەو
سنوورانەی لە ساڵی ١٩٩١دا کێشراون، ئەو کاتەی هێزەکانی سەددام لە هەرێمی کوردستان
کشانەوە، ئەویش لە دەرئەنجامی هەڵایسانی جەنگی کوەیت و ڕاپەڕینی کوردەکان لە باکوور.
ڕووخانی هێزەکانی موستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥دا بەزین و دۆڕاندنی هاوسەنگی بوو.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا، هەر دوو بارزانی لۆمەی ئەمەریکایان کرد، هەروەتر لە هەر دوو
حاڵەتەکەدا ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا. حەقیقەتە خەمگینەکە ئەوەیە کە کوردەکانی
عێراق خاکدەورەدراو ماونەتەوە، بارودۆخیان بە هەوەسی دراوسێ بەهێزەکانیان بڕیاری
لەسەر دەدرێ. لە ناوخۆشدا، لە دوو دەیەی پێشوو زیاتر دابەش و کەرت بوونە. پارتی
دیموکراتی کوردستان بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاواری ''ناپاکی'' دەکات
لەبەر هاوکاریکردنی هێزە فیدڕاڵییەکانی عێراق کە چوونە ناو کەرکووکەوە، بەڵام
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بانگهێشتکردنی هێزەکانی سەددام بۆ هەرێمی کوردستان
لە ساڵی ١٩٩٦ بیری بارزانی دەخاتەوە. بەم جۆرەش بازنەیەکی تر تەواو دەکرێت.
ئەگەر بێتو خێزانی دەسەڵاتداری بارزانی، یاخود دەسەڵاتی قۆرخکاری
پارتی-یەکێتی، لەم نسکۆ خەتەرناکە زیندوو بمێننەوە یان نا ئەوا مەیل و هەوڵ بۆ
دەوڵەتی کوردی هەر دەمێنێت. گەنجێکی کورد بە تاسەی دوو شتەوەیە: یەکەم، نەمانی ئەو
دوو حزبە، تاکوو لەلایەن حکوومەتێکی یەکگرتووتر و چالاکتر و دیموکراتیتر و کەمتر
گەندەڵەوە جێیان بگیرێتەوە. دووەمیش، قووڵتربوونەوەی بەربەرەکانی و دوژمنایەتیی
نێوان ئەمەریکا و ئێران و تورکیا شوێنێکی تازە بە کوردەکان ببەخشێت تاکوو هەناسەی
تیادا بدەن و هەلی ئەوەشیان بۆ بڕەخسێنێت دیسانەوە دەست بە بنیاتنانی دەوڵەت بکەن.
یەک شت هەیە مسۆگەر و گومانهەڵنەگرە: هیوای کوردەکان بۆ سەربەخۆیی هەرگیز نامرێت.
*یووست
هیڵتەرمان: بەڕێوەبەری پرۆگرامی کۆمەڵەی قەیرانی
نێودەوڵەتی؛ باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەرچاوە:



