گوزەرێک بەنێو ژیان و فیلمەکانی کریستۆف کیشلۆڤسکیدا
![]() |
| کریستۆف کیشلۆڤسکی |
وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان
ژیانی کیشلۆڤسکی یان کیشلۆڤسکی کێ بوو؟
کریستۆف کیشلۆڤسکی (Krzysztof
Kieślowski) یەکێک بوو لە فیلمساز و سیناریۆنووسە بەناوبانگ و
کاریگەرەکانی پۆڵەندا و پەنجا ساڵی ڕابردووی ئەورووپا. لە ٢٧ی جونی ١٩٤١،
لە گەرمەی دووەم جەنگی جیهان و دەورانی شەڕوشۆڕ و ترس، لە وارشۆی پایتەخت
لەدایک بوو و لەگەڵ باوکی ئەندازیاری کە نەخۆشیی سیلی هەبوو، زۆر شوێن گەڕاون بە
ئومێدی پەیداکردنی دەرمان و لە زۆر شارەدێ ژیاون. لە ساڵی ١٩٥٧ و لە تەمەنی شانزە
ساڵانیدا بەبێ هیچ ئامانجێک لە وارشۆ دەچێتە کۆلێجی فێربوونی تەکنیکەکانی شانۆ
لەبەر ئەوەی لەلایەن خزمێکیانەوە بەڕێوە دەبرا. ویستی ببێتە دەرهێنەری شانۆ، بەڵام
لەبەر ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی نەبوو، بۆی نەلوا و لە جیاتیدا خوێندنی فیلم و
سینەمای هەڵبژارد. دواتر کیشلۆڤسکی خۆی لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز ناونووس
کرد، ئەو قوتابخانە گرنگەی کە گەورە دەرهێنەرانی وەک ڕۆمان پۆلانسکی و ئاندرێ
واژدا لێی خوێندوویانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوو جاران داواکەی ڕەت کرایەوە. لە
پێناو نەچوونی بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەو ڕۆژگارەدا، دەبێتە خوێنکارێکی بەشی
هونەر و ئەوپەڕی هەوڵی دەدا سکی خۆی هەڵگوشێ و خۆی وشکوڕەق بکاتەوە تا لە خزمەتی
سەربازی ببوێردرێ. دوای چەند مانگێک لە داواکەی و لە سێیەم هەوڵیدا لە قوتابخانەی
فیلمی لۆدز قبووڵ دەکرێ. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٦٤ هەتا ١٩٦٨، ئەو دەورانەی
کە حکومەت ئازادییەکی تەواوەتی دابوو بە قوتابخانەکە، کیشلۆڤسکی چووە ئەو
قوتابخانەیە و دەمودەست ئارەزووی بۆ شانۆ نەما و بڕیاری دا فیلمی دۆکیومێنتاری
دروست بکا. لە کۆتا ساڵی خوێندنی لەو قوتابخانەیە، ساڵی ١٩٦٧، لەگەڵ دڵداری ژیانی
زەماوەند دەکا و هەتا وەختی مردنی لەگەڵ ژنەکەی و تاقە کچەکەیان، مارتا
(لەدایکبووی ٨ی جەنیوەریی ١٩٧٢) پێکەوە دەژین. کیشلۆڤسکی لە دوای دروستکردنی فیلمی
''سوور'' لە ساڵی ١٩٩٤ و لە ڤێستیڤاڵی سینەماییی فیلمی کان بە یەکجاری
وازهێنانی لە فیلمسازی ڕادەگەیەنێ. کیشلۆڤسکی لە نەشتەرگەرییەکی کراوەی دڵ
و بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٥٤ ساڵانیدا، ١٣ی مارچی ١٩٩٦، مرد و لە وارشۆی
زێدی خۆی نێژرا.
سینەمای کیشلۆڤسکی کە باس دەکا باسی چی دەکا؟
کریستۆف کیشلۆڤسکی، خاوەن
ناوبانگی جیهانیی بە فیلمەکانی دە فرمانەکەی مووسا، جووت ژیانی ڤێرۆنیکا
و سێ ڕەنگ: شین و سپی و سوور. دەرهێنەرێکی کەمهاوشانی ئێجگار
بەبەهایە و سینەماکەی باس لە چیرۆکگەلێکی سادە بەڵام بە چەندین پرسیاری قورس و
فەندەمێنتاڵ و گەردوونییەوە لەمەڕ هەستە ئاڵۆزەکانی مرۆڤەوە دەکا. ئەو هەوڵ دەدا
وەڵامی پرسیاری ''پێویستە مرۆڤ چۆن بژی؟'' بداتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی،
''هەمووان دەیانەوێ جیهان بگۆڕن هەرکات کە هەوڵ دەدەن کارێک بکەن. من بەش بەحاڵی
خۆم پێم وا نییە جیهان بگۆڕدرێ. من پێم وایە جیهان دەبێ پەسن بدرێ و باس بکرێ.''
١٠ فیلمی
کیشلۆڤسکی کە پێویستە ببینرێن
١. سوخرەکار – ١٩٧٥
سوخرەکار (Personnel) یەکەم
فیلمی درێژی کیشلۆڤسکی بوو و بۆ تەلەڤزیۆن دروستی کرد. چیرۆکی فیلمەکە باسی
پیاوێکی گەنجی هەستیار دەکا بە ناوی ''ڕۆمێک'' کە خەیاڵێکی عەجیبی لەگەڵ سیحری
هونەردا هەیە و ئەم خەیاڵە پەلکێشی دەکا بۆ ئەوەی ببێتە بەرگدرووی ئۆپێرایەکی
شانۆیی. بیرۆکە ڕۆمانسییەکانی ''ڕۆمێک'' لە پشت پەردەوە هەقیقەتێکی تازە و تێکشکاو
دەهێننە کایەوە. کیشلۆڤسکی لەم فیلمەدا دەسەڵاتی سیستمی سیاسی بەسەر فیلمسازی و
هەر دیاردەیەکی ڕاستەوخۆ نزیک لە فیلمسازییەوە دەخاتە ژێر پرسیار و لێی
دەکۆڵێتەوە.
٢. خۆرەی کامێرا - ١٩٧٩
خۆرەی کامێرا (Camera Buff) بە خاڵی وەرچەرخانی کیشلۆڤسکی دادەنرێ لە ستایڵی
فیلمی دۆکیۆ-درامی هەردوو فیلمی ''سوخرەکار'' و ''برین-The Scar''ـەوە بۆ ستایڵی
خود-دیدگایی لەمەڕ پرۆسەی فیلمسازی. چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێک دەکا بە ناوی
''فیلیپ مۆس'' کارگەرێکە هەوای دروستکردنی فیلم دەدا لەسەری و ژیانە ئاسایی و
خۆشەکەی هەڵدەگێڕیتەوە. فیلیپ باوکێکی پەرێشان و مێردێکی شێتوشەیدایە وەختایەک بە
کامێرا هەشت ملیمەکەی دەست دەکا بە تەسویرکردنی ڕۆژان و ژیانی سەرەتای کچەکەی. ئەو
دەمەی سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی داوای لێ دەکا بەبۆنەی هاتنی ساڵیادی پارتەکەیانەوە
تەسویریان بۆ بکا، لەبەر ئەوەی تەنها ئەم کامێرای هەیە و سەوداسەری فیلمە، ژیانی
بە تەواوی قڵپ دەبێتەوە و ژنەکەی و کچەکەی لێ دەتۆرێن و دوور دەکەونەوە.
٣. بەختی کوێر – ١٩٨١
بەختی کوێر (Blind Chance) فیلمێکە دابەش بووە بەسەر سێ خەتی گێڕانەوەی
جیاوازدا و دەربارەی پیاوێکە بە ناوی ''ویتێک'' کە بە دوای شەمەنەفەردا ڕا دەکا و
بە هاواری ''نا!'' دەست پێ دەکا و سەیر ئەوەیە ئەم ڕووداوە سادەیە چۆن سەرلەبەری
ژیانی کاراکتەرەکە دەگۆڕێ. کیشلۆڤسکی لەم فیلمەدا بەڕوونی باس لە بەخت و ئاکام
دەکا دەنێو پۆڵەندای کۆمۆنیستدا و دیدگایەکی ئێجگار تاقانە و نایابە لەمەڕ ژیانی
پۆڵەنداوە. ئەم فیلمە بەهۆی سانسۆری دەوڵەتەوە شەش ساڵ پاش وێنەگرتنی و تەواوبوونی
بڵاو کرایەوە.
![]() |
| 1981 - دیمەنی ڕاکردن بە دوای شەمەندەفەرەکەدا؛ بەختی کوێر |
٤. بێ کۆتایی – ١٩٨٥
بێ کۆتایی (No End) سیاسیترین فیلمی کیشلۆڤسکییە و چیرۆکی
فیلمەکە باس لە ژنێک دەکا بە ناوی ''ئولا'' کە وەکوو وەرگێڕ لە وارشۆی کۆمۆنیستدا
کار دەکا هەڵکردنی ئەوە لەگەڵ ژیان پاش
مەرگی مێردەکەی ''ئەنتێک''، کە پارێزەر بووە. ئولا لەژێر سایەی یاسایەکی
سەربازییانەدا دەژی و کێشەی تووش دەبێ لە مامەڵکردن لەگەڵ مەرگی مێردەکەی و هەوڵ
دەدا خۆی لەناو زۆر شتی جیاوازی ژیانیدا ون و نوقم بکا، هەر وەک؛ ئیش و سێکس و
پەیوەندیی لەگەڵ کوڕەکەیدا. بێ کۆتایی، ڕوانینێکی ئێجگار ڕەشبینانەیە دەرهەق بە
ئاکامەکان و بارودۆخەکانی ژیان لەژێر سایەی یاسای سەربازییانەی نەتەوەیەکی
کۆمۆنیستدا و بەر مەبنای هەڵبژاردنی ئەخلاقیی تاکەکەس نەک کۆمەڵ دروست کراوە.
٥. دە فرمانەکەی مووسا – ١٩٨٨
دە فەرمانەکەی مووسا (Dekalog) یەکێکە لە باشترین زنجیرە دراما
تەلەڤزیۆنییەکانی گشت زەمەنەکان و لەسەر بنەمای ئەو دە فرمانە دروستکراون کە خودا
داویەتی بە مووسا پێغەمبەر. هەر ئەڵقەیەک لەو دە ئەڵقەیە، کورتە فیلمە، گەڕانە بە
دوای بابەتێک یان چەندان بابەتی ئەخلاقیی کە ڕووبەڕووی ئەو کاراکتەرانە دەبنەوە کە
لە باڵەخانەیەکی پۆڵەندای مۆدێرندا ژیان دەگوزەرێنن و ئێستاتیکایەکی بەرزی
سینەماییان تێدا پیشان دراوە. گەورە دەرهێنەری جیهان، ستانلی کوبریک، لە چاپی ساڵی
١٩٩١ی سیناریۆکەدا کە لە ئەمەریکا و ئەورووپا بڵاو بووەوە پێشەکییەکی ئێجگار
بەنرخی بۆ نووسی و بە شاکارێکی مەزنی سینەمایی پەسنی دا.
٦. کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن – ١٩٨٨
کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن (A Short Film
About Killing) فیلمێکی دیکەی سیاسییە و بە
تەوسەوە ڕەخنەی سزا و سیستمی حوکم لە پۆڵەندا و زۆر وڵاتی تری ئەو زەمانە دەکا و
لە لێکنزیکیی کردەوەی تاکەکەس و سیستمی دادگاکانی دەوڵەت دەتوێژێتەوە. فیلمەکە باس
لە گەنجێک دەکا بە ناوی ''باکا'' کە ڕۆژێک وێڵوێڵێ بەناو شاردا دەخولێتەوە و چاوی
بە تاکسیلێخوڕێک دەکەوێ کە هەڵسوکەوتی ڕەق و توندە دەربارەی موشتەرییەکانی و
مەستان سوار ناخا بە بیانووی ئەوەی تاکسییەکەی پیس دەبێ. باکا بڕیار دەدا سوار
تاکسییەکە ببێ و ناونیشانی دەرەوەی شاری دەداتێ و لە دەرەوەی شار کابرای
تاکسیلێخوڕ دەخنکێنێ. بە کورتی؛ فیلمەکە بەراوردێکیشە لەنێوان بێهەستی و
توندوتیژیی کەسێکی بکوژ لەگەڵ ئیعدامێکی ساردوسڕی هەمان ئەو کەسە لەلایەن
دەوڵەتەوە.
![]() |
| ''دیمەنێک لە فیلمی ''کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن |
٧. جووت ژیانی ڤیرۆنیکا – ١٩٩١
جووت ژیانی ڤیرۆنیکا (The Double
Life of Veroniqye) یەکەمین
فیلم و بەرهەمی نێونەتەوەییی هاوبەشی نێوان فرەنسا و پۆڵەندای کیشلۆڤسکییە، ئەمەش
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی کۆمۆنیستیی لە پۆڵەندا. یەکێکە لە فیلمە خۆشویستراوەکانی ئەو
و تێڕامانێکی ڕازئامێز و هەستڕفێنە لەمەڕ شوناس و عەشق و نەستەوە. ''ئایرێن یاکۆب''
ڕۆڵی هەردوو وێرۆنیکا، پۆڵەندییەکی کۆرسی سۆپرانۆ، و جووتەکەی، ڤیرۆنیکا،
فرەنسییەکی مامۆستای میوزیک دەگێڕێ. ئەگەرچی ئەمان یەکتر ناناسن، بەڵام جووتەکە
پەیوەستییەکی هەستی و تەلیسماوی لەنێوانیاندا هاوبەشە و کیشلۆڤسکی ئەمانە بە زۆر
وردەکاریی وەک جووڵە و ڕەنگ و کاردانەوەکان دەردەخا. سەرکەوتنی ئەم فیلمە هیوای
زیاتری بە کیشلۆڤسکی بەخشی بۆ دروستکردنی دوایین فیلمەکانی خۆی کە سێینەیەک بوون
بە ناوەکانی؛ شین و سپی و سوور.
٨. سێ ڕەنگ:
شین – ١٩٩٣
یەکەمین فیلمی (سێینەی سێ ڕەنگ - Three
Colors Trilogy)ـە. لە (شین-Blue)ـدا ''ژوولێت بینۆش'' وەک ژن و دایک ڕۆڵ
دەبینێ کە هەم مێردەکەی و هەمیش کچەکەیشی لە ڕووداوێکی تراژیدیدا لەدەست داون و
خۆی لە ڕووداوەکەدا زیندوو ماوەتەوە و بەو ئازارەوە دەتلێتەوە. بەڵام فیلمی ''شین''
لەوە زیاترە بەتەنیا چیرۆکی خەم بێ؛ بەڵکوو چیرۆکی ئازادیشە، هەر وەک ئەوەی
''ژوولی'' هەوڵ دەدا خۆی لە ڕابردووی ئازاد بکا و ڕووبەڕووی هەقیقەتەکانی ژیانی
دوای مێردەکەی و کچەکەی بێتەوە.
![]() |
| ''جولێت بینۆش، کاراکتەری سەرەکیی فیلمی ''شین |
٩. سێ ڕەنگ: سپی – ١٩٩٣
سپی (White) دووەم
فیلمی ''سێینەی سێ ڕەنگ''ـە کۆمیدیترین (کۆمیدیای ڕەش) و شلۆقترین فیلمی
کیشلۆڤسکییە. شوێنپێی سەرکەشییەکانی ''کارۆل کارۆل''ـی کۆچبەری پۆڵەندی کە لە
فرەنسا دەژی هەڵدەگرێ و قسەوباسە لە یەکسانی و گەڕانە بە دوایدا. کارۆلی سەرتاشی
بەدبەخت بڕیار دەدا بگەڕێتەوە بۆ وارشۆی زێدی خۆی دوای ئەوەی ژنەکەی ''ژوولی
دێلپی'' لێی جیا دەبێتەوە (هۆکاری تەڵاقی ژنەکەی: (هاوسەرگیرییەکەیان قەت نەبووە
بە هاوسەرگیری و ناکامڵە).
١٠. سێ ڕەنگ: سوور – ١٩٩٤
سوور (Red) دوا فیلمی ''سێینەی
سێ ڕەنگ'' و دوا فیلمی ژیان و سینەمای کیشلۆڤسکیشە. بە فیلمی سوور کە گەڕانە بە
دوای بیرۆکەی برایەتی و پەیوەندی نێوان چەند هاوڕێیەکی چارەگراندا، کیشلۆڤسکی قوفڵ
لە تێڕامانەکانی لە بەخت و چارەنووس دەدا.
![]() |
| دیمەنێک لە فیلمی سوور |




