التخطي إلى المحتوى الرئيسي

ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی


ڤاسیلی پیرۆڤ، پۆرترێتی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، ١٨٧٢


ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان

لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشتی و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبێتن. توانا سەیروسەمەرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک [ڕاسکۆلینکۆف] یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسەکانیش. دەنگ و دیدگا پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک ''ئی. ئێم. فۆڕستەر'' بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و ڕۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.''
لەم بابەتەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکیمان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە:


ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا

ساڵی ١٨٣٧، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆری لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ. خولقوخووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبوو کە بەکەڵکی سەربازی نەدەهات، بەڵام هەوڵیدا هونەر و توێژینەوە مرۆییەکانی، کە ئەو پێی وا بوو بژێویی دڵ و دەروونی ئەون، لە خۆی حەرام کا تا وەک کەسێکی ڕەقوتەق ئامادەی کارە تەکنیکییە وشکەکەی بێ. ژیان لە سەربازگە ئێجگار سەخت و دژوار بوو، بە جۆرێ کە دەنێو خێمە و لەژێر باراندا دەخەوت و جێخەوەکەی لە پووشوپەڵاش بوو، بە شڕەپەڕۆ سەری داپۆشرابوو، بەڵام ئەوەی لە هەموو شت ژیانی ئەوی لە سەربازگە قورسترکردبوو و هەروەتر زۆری بۆ هێنابوو؛ نەبوونی کتێب بوو.


ئاوێنەی پاڕانەوە لە باوک بۆ کتێب

لە نامەیەکی نێو کتێبی ''نامەکانی فیۆدۆر میکایلۆڤیچ دۆستۆیڤسکی بۆ خێزان و هاوڕێکانی'' و لە مەیی ١٨٣٨دا، دۆستۆیڤسکی، کە ئەودەم تەمەنی شانزە ساڵان دەبێ، دوای ئەوەی زۆری بۆ دێت، خۆبەزلزانییەکەی قووت دەدات و داوای پارە و یارمەتی لە باوکی دەکا: ''چۆن بتوانم کات بەبێ کتێب تێپەڕێنم؟ ... ئەگەر لەم پێویستییە باوانکوژەدا پشتی کوڕەکەی خۆت دەگریت، ئەوا لە سەرەتای مانگی جوندا پارەی بۆ بنێرە. ناوێرم زۆر لەسەر ئەم پاڕانەوەیەم سوور بم: داوای پارەی زۆرت لێ ناکەم، بەڵام ئەگەر ناردت سوپاس و پێزانینم سنووری نابێ.''

ئاوێنەی ''هەژاران'' و هەژاریی دۆستۆیڤسکی

''ئەوپەڕی دڵخۆشم بە ڕۆمانەکەم'' ئەمە دێڕێکی ناو نامەکەی ساڵی ١٨٤٥ی دۆستۆیڤسکییە بۆ براکەی، هەمان ئەو ساڵەی لە نووسینی ڕۆمانی ''هەژاران'' بووەوە. لەو ساڵەدا دۆستۆیڤسکی بە جۆرێ هەژار بوو کە هەر لەو نامەیەدا دەڵێ: ''من چیم داوە لە ناوبانگ، کاتێ بۆ کڕینی نانی ڕۆژێک دەنووسم؟ برای عەزیزم خۆت چاک دەزانیت ئەم ماوەیە بۆ ئەوەی زیندوو بمێنم و بژیم بژێویم کەوتووەتە سەر کاری خۆم. بەڵام سەرەڕای گشت ئەو شتانە بۆ خۆم سوێندم خواردووە کە بەردەوام بم و خۆمی بۆ سازکەم. بێ چەندوچۆن دەمەوێ شتی باش بنووسم. هەر وەک پووشکین و گۆگۆڵ؛ لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان کەمیان نووسی بەڵام شایان بەوەن پەیکەری نەتەوەییان بۆ سازکرێ. ڕاستیت دەوێ دەمەوێ شتێک بنووسم کە خۆم بە دنیا بناسێنم... ئەگەر شکستم خوار، خۆم دەخنکێنم.''

بەشێک لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی بە کوردی

ئاوێنەی ناوبانگ

دوا بڵاوبوونەوەی لە جەنیوەریی ١٨٤٦دا، هەژاران، ڕەخنە و نووسینی کاریگەر و گرنگی زۆری لەسەر نووسرا و وەک یەکەم ڕۆمانی کۆمەڵایەتیی ڕووسیا ناوی دەرکرد. پارەی باشیشی پەیدا کرد، سا بۆیە دۆستۆیڤسکی [کورد وتەنی نانی کەوتە ڕۆنەوە!] و ناوبانگی پەیدا کرد. هەر دوای ئەوە لە نامەیەکدا بۆ براکەی دەنووسێ: ''برای خۆم، باوەڕم وایە ئێستا ئیتر ناوبانگم وەک گوڵێک پشکوتووە. هەر جێیەک دەڕۆم گرنگیم زۆر پێ دەدەن و حەزێکی گەورەم پیشان دەدەن. بوومەتە هاوڕێی چەندان کەسی گرنگ... هەمووان وەک عەجایەبێکی دنیا سەیرم دەکەن. ئەگەر بەس دەمم بکەمەوە، هەوایش ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە دۆستۆیڤسکی دەیڵێ، ئەوەی کە دۆستۆیڤسکی نیاز و مەبەستییەتی.'' دۆستۆیڤسکی دوای بڵاوبوونەوەی ''هاوزا''، دووەم ڕۆمانی، دەڵێ: ''ئێستا ئیتر ناوبانگم گەیشتووەتە چڵەپۆپەی خۆی!''

ئاوێنەی دۆستۆیڤسکی هەمان ئاوێنەی قارەمانەکەیتی

دۆستۆیڤسکی – دوای بڵاوبوونەوەی هەژاران و ئەو ڕەخنە و نووسینانەی لەسەری نووسرابوون- جارێکی تر دڵی خۆی بەوە دەدایەوە کە قارەمانەکەیشی هەمان چارەنووسی تووش بووە: ''گۆگۆڵیش هەر وای لێ هات و هەر وا بوو. جنێویان پێ دەدا، جنێویان پێ دەدا، بەڵام دەیانخوێندەوە. ئێستا ئیتر ئەو خەڵکە کردوویانە بە دەمەقاڵە، و بە شانوباڵیشیدا هەڵ دەدەن. ئێسقانێکی ڕەقم هاویشتووە بۆ سەگەکان، بەڵام لێگەڕێ بۆ خۆیان خەمی لێ بخۆن-ئەحمەقینە! ئەوەی ئەوان دەیکەن تەنها پێی بەناوبانگتر دەبم.

ئاوێنەی غەمگینی ئەڤینی دۆستۆیڤسکی

''زاوازێڕینە سیوچوار ساڵی تەمەنە و بووکەخانیش بیستونۆ.'' ئەمە لە تۆماری کڵێسەی یەکەم هاوسەرگیریی دۆستۆیڤسکیدا نووسراوە، بەپێی ئەو نووسراوە مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٦ی فێبریوەریی ١٨٥٧. دۆستۆیڤسکی دوای چوار لە خزمەتکردن لە سیبریا دەگەڕێتەوە ڕووسیا و بێوەژنێک بە ناوی ''ماریا دیمیتریێڤنا ئیساییڤا'' مارە دەکات. ئەگەرچی قەت بۆ یەکتر گونجاو نەبوون بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا-بە جۆرێ لە جۆرەکان-دۆستۆیڤسکی خۆشی دەویست. لەو هاوسەرگیرییەش کوڕێکی بە ناوی ''پاڤێل'' هەیە. دوای نووسینی ''ماڵی مردووەکان'' دۆستۆیڤسکی کە ئەودەم تەمەنی ٤٠ ساڵان بوو شێتانە دەکەوێتە داوی ئەڤینی کچێکی گەنجەوە بە ناوی ئەپۆلیناریا (''پۆلینا'') کە تەمەنی ٢١ ساڵان بوو. دۆستۆیڤسکی لە ڕۆژگاری گوتنەوەی وانەی نووسین بەو و بە چەندان گەنجی تر لە ڕووسیا ناسیویەتی. ئەوانەی زانا و توێژەری ژیان و بەرهەمی دۆستۆیڤسکین دەڵێن کە ئەڤینی ڕاستەقینە (ئەڤینی ژیان)ـی دۆستۆیڤسکی ''پۆلینا'' بووە. ئەگەرچی پۆلینا کارەکانی دۆستۆیڤسکی نەدەخوێندەوە و حەزی پێیان نەبوو و دۆستۆیڤسکیش لە جێیەکدا دەڵێ: ''ئەو ژنێکی فشەکەری نەخۆش بوو''. ئەم پەیوەندییە نەگەیشتە هاوژینی و بە ئێش بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەڵام بۆ دۆستۆیڤسکی بەئێشتر بوو و (ڕەنگە) هەر ئەمەیش بووبێتە هۆی ئەوەی کە دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانی ''یادداشتەکانی ژێرزەمین''ـدا دەڵێ: ''ئەڤین یانی ئێشوئازار ئەگین ئەڤین نییە.''

پۆلینا

 

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان     وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین. هاروکی موراکامی هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.'' لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا ...

کوردەکان گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێکرد

یووست هیڵتەرمان * وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان لە ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لا...