![]() |
| لیدیا دەیڤس - فۆتۆ: کۆربس |
لیدیا
دەیڤس
لە
ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
بیرەوەرییە خۆشەکان
دەیهێنمە بەر چاوم کاتێ پیر دەبم،
بەتەنیا دەبم، لە ئازاریشدا دەبم، چاوەکانیشم بۆ کتێب خوێندنەوە زۆر کز دەبن. لەو
ڕۆژە توولانییانە دەترسم. حەز دەکەم ڕۆژەکانم خۆش بن. دەکۆشم بیر لە ڕێگەیەکی خۆش
بکەمەوە تا ئەو ڕۆژە قورسانە تێبپەڕێنم و بەسەر ببەم. دەشێ ڕادیۆ بەس بێ بۆ
پڕکردنەوەی ئەو ڕۆژانە. کەسێکی پیر ڕادیۆی دەبێ، گوێم لێ دەبێ وا دەگوترێ. گوێشم
لێ دەبێ دەگوترێ سەرەڕای ڕادیۆکەی، بیرەوەریی خۆشی دەبێ. وەختایێک ئازارەکەی زۆریش
خراپ نییە، دەتوانێ بچێتەوە بەسەر بیرەوەرییەکانیدا و ئاسوودە بێ. بەڵام تۆ دەبێ بیرەوەریی
خۆشت هەبێ. ئەوەی بێزارم دەکا ئەوەیە نازانم چەند بیرەوەریی خۆشم دەبێ. تەنانەت
لەوەیش دڵنیا نیم کە چ شتێک بیرەوەرییەکی خۆش دەخولقێنێ، بیرەوەرییەک لەو جۆرەی
هەم ئاسوودەم بکا و هەمیش خۆشیم پێ ببەخشێ کاتێ نەتوانم هیچ شتێکی دیکە بکەم.
تەنیا لەبەر ئەوەی حاڵی حازر کەیف لە هەندێ شت دەکەم کە لەو جۆرانە نین بیرەوەریی
خۆش بخولقێنن. لە ڕاستیدا، دەزانم زۆرێک لەو شتانەی ئێستا چێژیان لێ وەردەگرم لە
دواییدا بیرەوەریی خۆش ناخولقێنن. دڵخۆشم بەو ئیشەی دەیکەم، بەتەنیا و لەسەر
مێزەکەم. ئەو ئیشە بەشێکی خۆش و مەزنی هەموو ڕۆژێکە. بەڵام کاتێ تەواوی کات پیرم و
بەتەنیام، ئاخۆ بیرکردنەوە لەو ئیشەی ڕاهاتبووم بیکەم بەسە؟ شتێکی دیکە کە خۆشیی
لێ دەبینم خواردنی ئەو شیرینییانەیە خۆم دروستیان دەکەم کاتێ لە ئێواراندا کتێب
دەخوێنمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وا نییە ئەمەش ببێتە بیرەوەرییەکی خۆش. حەزم
لێیە پیانۆ بژەنم، حەزم لێیە تەماشای
چرۆکردنی گوڵەکانی نێو حەوشە بکەم لە سەرەتای مانگی مارچدا، چێژ لە پیاسە لەگەڵ
سەگەکەم دەبینم، سەرشۆڕکردنەوە و تەماشای ڕووخسار و چاوی گەش و چاوی بەدی، حەزم لە
سەیرکردنی ئاسمانە لە درەنگانی ئێواراندا، بەتایبەت لە نۆڤەمبەردا، حەزم لە خۆراکدانە
بە پشیلەکانم، گوێگرتن لە زیقە و میاو میاویان، لە لەباوەشگرتنیشیان. بەڵام گومان
دەکەم بیرەوەریی پشیلەکانیشم بەس نەبن، تەنانەت ئەگەرچی خۆشیشم دەوێن. شتانێک هەن
دەمخەنە پێکەنین، بەڵام زۆر جاران شتی تفت و تاڵن، ئەوانیش بیرەوەریی خۆش
ناخولقێنن، هەتا ئەگەر لەگەڵ کەسێکی دیکەش بەشی بکەم. ئەوجا ئەوە سەرگەرمی و کەیف
نییە بەڵام بەشکردنی ئەو شتانە بیرەوەریی خۆش دەخولقێنن. وا دەردەکەوێ وەک بڵێی
بیرەوەرییەکی خۆش دەبێ خەڵکی تریشی تیابێ. من بیر لە تەواوی کەسە جیاوازەکان
دەکەمەوە. بیر لە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگارییە چاکەکان دەکەمەوە لەگەڵ خەڵکی.
بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی من لە تەلەفۆندا دەمەتەقێیان لەگەڵ دەکەم دۆستانە قسە
دەکەن، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی هەڵەشم لێ دابێ. بیرەوەرییەکی خۆشم هەیە لە
وەستانی ئۆتۆمبێل لە قەراغ جادە تا لەگەڵ ژنێکدا دەربارەی باخچەکەی قسە بکەین. قسە
لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەم کە لە پۆستە و گەیاندن و دەرمانخانە ئیش دەکەن، دایمەش
ڕاهاتبووم لە بانک قسە لەگەڵ خەڵک بکەم پێش ئەوەی بێن و ئامێری پارەدەرکێشانی
ئۆتۆماتیکی لە ڕاڕەوەکە دابنێن. وەختێ پیاوێک هات تا ئامێری نەهێشتنی شێی
ژێرزەمینەکە چاک بکاتەوە، ئێمە قسەمان لەمەڕ مێژووی ئەم شارەوە کرد. کەیف لە
هەڤپەڤینی خۆم لەگەڵ ئەو کتێبفرۆشییەی خوار شەقامەکەوە دەکەم. کەیف لەو نامە
دۆستانەیانە دەکەم کە لە کتێبفرۆشییەکانی دەستی دووەمەوە پێم دەگەن. بەڵام وا
بیرناکەمەوە کە هیچ کام لەم ڕووبەڕووبوونەوەیانە بیرەوەرییەک بخولقێنن کە ئاسوودەم
بکا وەختێ ئیتر پیرم. ڕەنگە بیرەوەرییەکی خۆش ئەو خەڵکە بێگانە یان ئەو دۆستانەی
بە هەڵکەوت دەیانبینیت لە خۆ نەگرێ. ناکرێ بە تەنیا جێ بهێڵدرێیت، لە تەمەنی پیری
و لە ئازاری خۆتدا، لەگەڵ ئەو بیرەوەرییانەی کە تەنیاوتەنیا ئەو خەڵکانەیان تێدایە
کە تۆیان بیرچووەتەوە و فەرامۆشیان کردوویت. خەڵکانی نێو بیرەوەرییە خۆشەکانت دەبێ
هەر هەمان ئەو خەڵکانە بن کە دەیانەوێ تۆ لەنێو بیرەوەرییە خۆشەکانی ئەواندا
هەبیت. خوانێکی خۆش و گەرموگوڕ بیرەوەرییەکی خۆش ناخولقێنێ ئەگەر بێتو هەر کەسێک
لەوانەی ئەوێ زۆر گرنگی بەوانی تر نەدا. من بیر لە هەندێ کاتی خۆش و مانابەخش
دەکەمەوە کە لەگەڵ خەڵکانێک هەمبوون کە لێمەوە نزیک بوون، تا ببینم و تێبگەم کە
ئاخۆ ئەو کاتانە دەتوانن هەندێ بیرەوەریی خۆش بخولقێنن. بینینی هاوڕێیەک لە
وێستگەی شەمەندەفەر لە ڕۆژێکی خۆرەتاودا وا دیارە دەبێ بیرەوەرییەکی خۆش بخولقێنی،
ئەگەرچی دواتر ئێمە قسەمان لەبارەی هەندێ شتی قورس و دژوارەوە کرد، وەک لەبرسامردن
و وشکوڕەقهەڵاتن. لەگەڵ دۆستان ڕۆیشتنمان بۆ نێو دارستان و گەڕان بە دوای قارچک
دەشێ بیرەوەریی خۆش بخولقێنێ. چەند جارێکی کەم پێکەوە باخەوانی وەک خێزانێک کە
دەشێ بیرەوەریی خۆش بخولقێنێ. پێکەوە ئیشکردن لە کاتی لێنانی هەندێ چێشتی قورس لە
ئێوارەیەکدا تا ڕادەیەک بیرەوەرییەکی خۆشە. گەشتێکی خۆش هەبوو بۆ دەرەوە و بۆ نێو
بازاڕی هەمەشتفرۆش. دانیشتن لە قەراغ تەختەخەوی کەسێکەوە کە گیان دەدا و خەریکە
دەمرێ لەڕاستیدا ڕەنگە بیرەوەرییەکی خۆش بخولقێنێ. دایکم و من جارێکیان لە
شەمەندەفەردا بەرەو نیوکاسڵ پارچەیەک خەڵووزمان پێکەوە هەڵگرتەوە. دایکم و
من جارێکیان لەگەڵ حەماڵەکاندا لە بەیانییەکی بەفراوی و لە چاوەڕوانیی هاتنی
کەشتییەکەدا یاری کاغەزمان کرد. جار هەبووە کە من لە شارێکی غەریب ژیاوم هەمیسان و
هەمیسان گەڕاومەتەوە بۆ باخچەیەکی دیاریکراوی تایبەت بە ڕووەک بۆ ئەوەی سەیری
جۆرێکی دیاریکراو لە دارچناری لوبنانی بکەم، و ئەوەیش بیرەوەرییەکی خۆشە، ئەگەرچی
بەتەنیا بووم. دراوسێکەم لەوبەری شەقامەکەوە جارێکیان لە کاتی بەیانیدا قاپێک کێکی
لە قاپیی پشتتەوە هێنا. بەڵام لەبەرچاومە ئەگەر ڕۆژێک ئەو و من ببینە غەریبە بۆ
یەکتر، ئەوا بیرەوەرییە خۆشەکە بۆگەن دەکا. دەبینم کە دەکرێ بیرەوەرییە خۆشەکان
بسڕێنەوە. بیرەوەریی خۆش دەکرێ بسڕێتەوە ئەگەر هەمان شتت لە ڕۆژێکی تردا کرد و پێی
دڵخۆش نەبوویت، بۆ نموونە ئەگەر لە ڕۆژێکی تردا باخەوانیتان کرد یاخود پێکەوە بە
هەستێکی ناخۆش و خراپەوە چێشتتان لێنا. دەبینم کە ئەزموون بیرەوەریی خۆش ناخولقێنێ
ئەگەر باش دەستی پێکردبێ و بەخراپی کۆتایی هاتبێ. هیچ بیرەوەرییەکی خۆش بوونی نییە
ئەگەر هەندێ شتی خۆش لەمەڕ ئەزموونێکەوە هەبن بەڵام هەروەتریش هەندێ کێشە، ئەگەر
ئێوە هەردووکتان کەیفتان لە چوونە دەرەوەیەک کرد بەڵام کەسی سێیەم توڕەوتۆسن لە
ماڵەوە دانیشتبێ لەبەرئەوەی ئێوە زۆر درەنگ گەڕابێتنەوە. هەرچۆن بێ، دەبێ دڵنیا
بیت، کە هیچ شتێ ئەو شتە بۆگەن ناکا کە وا ڕوو دەدا و لە ئارادایە، ئنجا ئەوەی کە
هیچ ئەزموونێکی دواتر ئەو شتە ناسڕێتەوە. دەکرێ چەندین بیرەوەریی خۆشم هەبن.
دەبینم ئەو شتانەی لەگەڵ کەسێکی تر دەیانکەم، و بە هەستێکی گەرموگوڕەوە لەمەڕ ئەو
کەسە، و لەگەڵ کەسێک کە دەیەوێ منی هەبێ دەنێو بیرەوەرییە خۆشەکانی خۆی دەشێ
بیروەرییەکی خۆش بخولقێنێ، لەکاتێکدا ئەو شتانەی بەتەنیا دەیانکەم و بەتایبەتیش بە
هەستی ئاوات، یا لووتبەرزی، یا هێز، تەنانەت ئەگەر بۆ خۆیشیان شتانێکی باش بن،
ئەوا بیرەوەرییەکی خۆش ناخولقێنن. شتێکی باشە شیرینیت هەبێ و لەزەتی لێ بکەی،
بەڵام پێویستە لەبیرم بێ کە بیرەوەریی شیرینی نابێتە بیرەوەرییەکی خۆش. ئەگەر
لەگەڵ ئەو خەڵکانەی بۆم نزیکن یاری تاوڵە بکەم و دڵمان خۆش بێ، دەبێ لەوەیش دڵنیا
بم کە بەر لەوەی بگەینە کۆتاییی یارییەکە نەبێتە دەمەقاڵەمان. دەبێ دڵنیا بم کە لە
ڕۆژانی دواتردا یارییەکی تری تاوڵە نەکەین کە ناخۆش بێ. پێویستە ئێستا شەنوکەوی
حاڵی خۆم بکەم و دڵنیا ببمەوە لەوەی زۆر بەتەنیا نیم، یان زۆربەی جاریش لەگەڵ
خەڵکانی تر دڵتەنگ نیم. پێویستە بیرەوەرییەکانم زیاد بکەم، جار دوای جار: هەتا
حاڵی حازر بیرەوەرییە خۆشەکانی من چین؟
مشکەکان
مشکەکان
دەنێو دیوارەکانماندا دەژین بەڵام کێشە لە موبەقەکەی ئێمەدا نانێنەوە. ئێمە
دڵخۆشین بەڵام تێناگەین بۆچی نایەن بۆ موبەقەکەی ئێمە کە تەڵەمان تێدا ناوەتەوە،
هەر وەک ئەوەی کە دەچنە موبەقی ماڵە دراوسێکانەوە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە دڵخۆشین،
کەچی وەڕسین، لەبەر ئەوەی مشکەکان بە جۆرێ هەڵسوکەوت دەکەن وەک بڵێی شتێکی ناخۆش و
ناقۆڵا لە موبەقەکەی ئێمەدا هەبێ. ئەوەی وا دەکا تەنانەت ئەم شتە زۆر مەتەڵاویتر
دەربکەوێ ئەوەیە کە خانووەکەمان کەمتر لە خانووەکانی ماڵە دراوسێکان ڕێکوپێکترە.
خواردنی زیادتر لە موبەقەکەماندا هەڵڕژاوە، پرزۆڵە
و وردکەنانی زیادتر لە تاکی کەوانتەرەکانماندا و پەڕۆکۆنە و وردکە پیازی زیادتر
لەسەر بنکی کەوانتەرەکەمان هەڵڕژاون. لە ڕاستیدا، خۆراکێکی ئێجگار زۆر و بەرماوە
لە موبەقەکەدا هەیە کە پێم وایە مشکەکان بۆ خۆیان بەرگەی ئەو هەموو خۆراکە ناگرن.
لە موبەقێکی هەڵنەپژاودا، دۆزینەوەی خۆراک شەو دوای شەو بۆ زیندوومانەوە هەتاکوو
بەهار جۆرێکە لە تەحەدا. ئارام ئارام بە دوای شت دەکەون و دەیکرتێنن سەعات دوای
سەعات تا ئەو کاتەی قانع دەبن. لە موبەقەکەی ئێمەدا، بەهەرحاڵ، مشکەکان چاویان بە
شتگەلێکی هێند زۆر دەکەوێ کە لە دەرەوەی ئەزموونی ئەواندایە و نازانن چۆن مامەڵە
لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن. ڕەنگە مشکەکان چەند قەدەمێکی کەم سەرکەشی بکەن و بێنە دەر،
بەڵام هەر زوو ئەو هەموو دیمەن و بۆنە ڕاویان دەنێتەوە بەرەو کونەکانیان، ناڕەحەت
و خەجاڵەت لەوەی ناتوانن گسک لە موبەقەکە بدەن و ئەو هەموو شتەی ناوی ڕابماڵن لە
کاتێکدا دەبێ ڕایبماڵن.
مێردەکەم
و من
مێردەکەم
و من دوانەی پێکەوەلکاوین. لە ناوچەوانەوە پێکەوە لکاوین. دایکمان نانمان دەداتێ.
کاتێ کە دەجووڵێنرێین تا گان بکەین لە خوارەوە پێکەوە دەئاڵقێین هەر ڕێک وەک
درەختی چنگەپشیلەی سەردیوار. کات تێدەپەڕێ. من لە بنەوە لە مێردەکەم جیا دەبمەوە و
دوانەیەکم دەبێ کە نەلکاون بەیەکەوە وەک ئەوەی ئێمە لکاوین. لەسەر ئەرزەکە
دەتلێنەوە. دایکمان ئاگای لەوان دەبێ. ئەوان زۆر کەم بەیەک دەچن و زۆر کەم شتی
هاوبەشیان لەگەڵ یەک هەیە، تەنانەت لە خەودا کە ئارام ڕاکشاون. کە بەخەبەریشن،
لەنزیک یەکەوە دەبن، وەک بڵێی بەندێکی لاستیکی بەیەکەوەی بەستبن، و لە نزیک ئێمە و
لە نزیک دایکمان. لە شەودا بەندەکە تەنانەت قایمتر دەبێ و پێکەوە گوێمان لە
دەنگێکی تیژی لەناکاو دەبێ و پێکەوەش بە کۆمەڵ ڕادەکێشین، ماسوولکە ڕەقەکانی
مێردەکەم بەقەد ماسوولکە نەرمەکانی منەوە، بەقەد ماسوولەکە دەزوولەیییە پیرەکانی
دایکمانەوە، و بەقەد ماسوولکە لەپەڕچووەکانی ساواکانمان، قۆڵ و باسکمان لە دەوری
یەکترن وەک گەلەمارێک، و دەنگی بڵیندی مۆسیقایەکی دوور لە حەوشەکەی پشتمانەوە.
مێش
لە
دواوەی پاسەکەدا، دەنێو دەستشۆرییەکەدا، ئەم نەفەرە نایاسایییە ئێجگار چکۆلەیە، لە
ڕێگەدایە بەرەو بۆستن.
سەرچاوە: The Collected Stories of Lydia Davis
