التخطي إلى المحتوى الرئيسي

ژیان چییە؟ مەرگ چییە؟ من کێم؟

گفتوگۆ لەگەڵ هان کانگ براوەی خەڵاتی مان بووکەری نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠١٦

هان کانگ - فۆتۆ: پارک جایهۆن

وەرگێڕان: هەژار عوسمان

ناساندن
سڵاو، من هان کانگم و ڕۆماننووسم. دایم و دەرهەم بۆ من ئەزموونێکی تایبەت و ئێجگار خۆش بووە کە چاوم بە خوێنەرانم بکەوێ و لە نزیکەوە بیانبینم. وەرگێڕان تاکە پرۆسێسە کە تیایدا کتێبێک سەرلەبەر و دووبارە لەدایک دەبێتەوە، و منیش زۆر خۆشحاڵ و سوپاسگوزارم کە بتوانم لەڕێی ئەم پرۆسێسە پڕبایەخەوە پێتان بگەم و بە دیدارتان شاد بم.

پرسیار: چۆن بوویت بە نووسەر؟
هەمیشە کە منداڵ بووم دەمخوێندەوە. ماڵی ئێمە زوو زوو باری دەکرد، بۆیە منیش زۆر زۆر قوتابخانەکانم دەگۆڕی و لە بیرمە بۆ خۆم دەمخوێندەوە هەتا ئەو کاتەی هاوڕێی تازەم بۆ پەیدا دەبوو. کە منداڵ بوو تەنها بۆ خۆشی و چێژی پەتی دەمخوێندەوە، دواتر کە بوومە مێردمنداڵ هەمیسان و بە چاوێکی دیکەی تازەوە گشت ئەو کتێبانەم خوێندەوە. هەموو ئەو پرسیارە تایبەتانەی لە سەردەمی لاوی و مێردمنداڵیدا دەکرێ، من لە خۆمم کرد، مانای چییە مرۆڤ بیت؟ ژیان چییە؟ خەڵک بۆ دەمرێ؟ من کێم؟ کاتێکیش هەمیسان ئەو کتێبانەم خوێندەوە سەرم سووڕما کە وەڵامی هیچ کام لە پرسیارەکانم وەرنەگرتەوە- تەنیاوتەنیا پرسیار هەبوو، وەڵام نەبوو. هەستم کرد نووسەرانیش وەکوو من لە ئاست وەڵامی پرسیارەکاندا دەستوپێسپی و بێسەرەداون، هەمان ئەو پرسیارانەیان کردووە و نووسیویانە کە من هەمبوونە. سا لەبەرئەوە هەستم بە جۆرێک نزیکایەتی و لەوانچوونێک کرد، ئەگەرچی من ئەوسا تەنیا لاوێک و بوونێکی ناگرینگ بووم و پێم وا بوو ئەگەر نووسین شتێکە لەبارەی پرسیارکردنەوە و دۆزینەوە و پەیداکردنی وەڵام هیچ گرینگ نییە، ئەوا منیش دەتوانم بەو جۆرە بنووسم.

پرسیار: دەتوانیت بەکورتی باسی خۆت بکەیت؟
من ئەدەبی کۆریاییم لە زانکۆ خوێندوە. پاش ئەوەی زانکۆم تەواو کرد و لەوێ دەرچووم بۆ ماوەی سێ ساڵ لە وەشانخانە و گۆڤارەکاندا کارم کرد. کتێبم دروست دەکرد، چاوپێکەوتنم لەگەڵ خەڵک دەکرد و وتارم دەنووسی، بە ئەرک و ڕاسپاردەیش دەچوومە گەشت. دوای ئەوەی خۆم دەستم کرد بە نووسین، کاتی وا هەبووە بەتەواوی سەرقاڵی نووسین بوومە و کاتی واش هەبووە لە پەناوە دەرسم گوتوەتەوە؛ سا ئیتر ئاوا زەمەن تێدەپەڕێ و دەڕوا.

پرسیار: وەکوو نووسەر چ کات هەست بە ڕەزامەندی و خۆشی دەکەیت؟
بە لای منەوە، نووسین پرسیارکردنی بێکۆتایە لەبارەی ئەوەی ژیان چییە، مەرگ چییە، من چیم. وەختایێک کە دەنووسم، بەتایبەت ئەو کاتانەی ڕۆمان دەنووسم یەک، دوو، سێ، هەندێ جاریش چوار ساڵ شتی تێدا دەگۆڕم. بۆیە هەر کات هەست دەکەم وەک نووسەرێک بەرەوپێش چوومە، کاتێ دەبینم بە دوای ئەوەدا دەگەڕێم مانای چییە مرۆڤ بیت بە جۆرێک کە لە کتێبێکمەوە بۆ کتێبێکی دیکەم ڕێگە و شێوازی جیاواز دەگرمە بەر، ئەوە ئەو کاتانەیە کە دڵخۆشم بەوەی دەبمە نووسەر.

پرسیار: ڕۆمانی ''ڕووەکی''ـت باسی...؟
پاڵەوانەکە کە ژنێکە و ناوی ''یۆنگ هێ''ـیە، ڕووەکخۆری وەک شێواز و ڕێگەیەک بۆ ناتوندوتیژی و زیاننەگەیاندن بە هەرشتێک دەبینێتەوە. خواردنی گۆشت سیمبۆلی توندوتیژیی مرۆڤە، توندوتیژیی ئەم جیهانە، هەر بۆیە ''یۆنگ هێ'' ڕووەکخۆریی تەواوەتی وەکوو ڕێگەیەک بۆ خۆپاکژکردنەوە و خۆبێبەریکردن لەو توندوتیژییە هەڵدەبژێرێ. بەڵام دواتر ئەوەی لا دروست دەبێ کە ڕووەکە زیاتر لەوەی مرۆڤ بێ و بە تەواوەتی دەست لە خواردن هەڵ دەگرێ و خۆی لێ دەگرێتەوە. تەواو تەواو هیلاک دەبێ، لەگەڵ ئەو دەرەنجامە تەوسئامێزەی کە ئەوەی ئەو کردی بۆ ڕزگارکردنی خۆی بە کوشتنی کۆتایی دێ.

پرسیار: ڕۆمانی ڕووەکی لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟
چیرۆکێکی کۆنم هەیە ناوی ''میوەی ژنەکەم''ـە، هیی دە ساڵ و شتێکی وا لەمەوبەرە، دەربارەی ژنێکە کە بەڕاستی و بە جەستە دەبێ بە ڕووەک و مێردەکەی دەیخاتە ناو ئینجانەی گوڵەوە و ئاوی دەدا و خەمی لێ دەخوا و بەردەوام ئاگاداری دەبێ. هەمیشە دەمویست شتێکی وا بنووسم کە درێژکراوەی ئەو چیرۆکە بێ، سا ئەوە یەکەم هاندەری من بوو بۆ نووسینی ''ڕووەکی'' و دووەم هاندەریشم ئەوە بوو هەمیشە کونجکۆڵ بوومە لەبارەی توندوتیژیی مرۆڤەوە، دەمویست بە دوای ئەوەدا بگەڕێم ئەگەر بێگوناهیی مرۆڤ شیاو و کاری کردە بێ، کەوایە ئەو شتە چییە وا لە مرۆڤ دەکا مەجبوور بێ زاڵ بێ تا بتوانێ پێشڕەوییی ژیانێکی بەتەواوەتی بێگوناهـ و بێخەتا بکا.

پرسیار: دەتەوێ لەڕێی ئەم ڕۆمانەوە چ پەیامێک بگوازیتەوە؟
دەکرێ کەسێک بەتەواوی بێگوناهـ بێ؟ چی ڕوودەدا ئەگەر ئێمە سوێند بخۆین و نەزر بکەین ئازاری هیچ شتێک نەدەین؟ گوناهـ چییە و ڕزگاری چییە؟ جوانی چییە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە هیوام دەخواست لەگەڵ خوێنەرانی ئەم کتێبەدا بەشیان بکەم.
پرسیار: کەسایەتیی دڵخوازی تۆ لەم ڕۆمانەدا کێیە؟
ئەم ڕۆمانە لە سێ بەش پێک هاتووە، بەڵام تەوسئامێزانە پاڵەوانەکە، یۆنگ هێ، دەنگێکی دیاری نییە. ئەو کەسایەتییەکی بێدەنگە، کە چاودێری دەکرێ، هەواوهەوەسی لەسەر تاقی دەکرێتەوە، بە هەڵە لێی تێدەگەن، جێی بەزەیی ئەوانی دیکەی ناو ڕۆمانەکەیە و بە تایبەتیش لەبەر ئەو هۆکارانە کاتێک ئەوم دەنووسی زۆرم ئاگا لێی بوو و خەمم لێی دەخوارد. پاش ئەو بەزۆری هەستم بۆ ''ئین هێ''ـی خوشکی هەیە. دەتوانیت بڵێیت ڕۆمانەکە دەربارەی ئەم دوو خوشکەیە. هەرگیز ئەوانی تر لە ''یۆنگ هێ'' تێ ناگەن، بەڵام ''ئین هێ'' ئەو کەسایەتییەیە کە نزیکە لەوەی لە ئازارەکانی تێ بگا. ئەوم خۆشدەوێ لەبەر ئەوەی هەوڵ دەدا لێی تێ بگا و هاوبەشیی لە ئازارەکانی خوشکەکەیدا بکا.

پرسیار: ئەگەر دەتوانیت یەک ڕستەم پێ بڵێ کە باشترین گوزارشت بێ لە ''یۆنگ هێ''؟
''یۆنگ هێ'' وەک گێڕەرەوە دەنگی نییە، بەڵام لەڕێی گفتوگۆوە گوزارشت لەوە دەکا کە هەستی پێ دەکا، لەوەی بیر لە چی دەکاتەوە. بە خوشکەکەی دەڵێ ''بنواڕە، خوشکێ، من لەسەر دەستەکانم ڕاوەستاوم و قاچەکانم بە حەواوەن؛ گەڵاکان لەسەر جەستەم دەڕوێن، ڕەگەکان لە دەستەکانمەوە گوڵ دەگرن... بە ناخی زەویدا ڕۆ دەچن...'' باسی ئەوە دەکات چۆن جەستەی دەگۆڕدرێ بۆ ڕووەک، سا بۆیە بۆ ئەو ئەوە شتێکی زۆر گرنگە بۆ گوتن.

هان کانگ - فۆتۆ: ڤۆن هێلموت ڤیمەر

پرسیار: بیروبۆچوونی تایبەتیی خۆت چییە لەسەر ڕووەکخۆری؟
لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنمدا چەند ساڵێک ڕووەکی بووم. هەر بۆیە هەمان ترس کە ''یۆنگ هێ'' هەستی پێ دەکا، منیش هەستم پێ کردووە. وەک بڵێی هەمووان هەوڵیان دەدا گۆشتم دەرخوارد بدەن. پاش ئەو ساڵانە لەبەر هۆکاری تەندروستی دەستم کردەوە بە گۆشتخواردن، بەڵام بەکەمی. ئەگەرچی هێشتاش حەزم لە گۆشت نییە، هەمیشە هەست بە گوناهـ دەکەم لە خواردنیدا. خەڵکانێک دەناسم گۆشتخۆرن بەڵام کێ گوێ بەو هەقیقەتە دەدا کە ئێمە ژیانی ئەوانی تر بۆ پارێزگاریی لە ژیانی خۆمان لەناو دەبەین. هەر بۆیە لەبارەی پرسیاری ڕووەکخۆرییەوە، پێشتر ڕووەکی بووم و ئێستا کەمێک هەست بە گوناهـ دەکەم لە کاتی گۆشتخواردندا.

پرسیار: وەک نووسەر بەبەردەوامی بیر لە چی دەکەیتەوە؟
پرسیاری جەوهەری و بنچینەیی من ئەمەیە؛ مرۆڤبوون یانی چی؟ بەئاشکرا ئەوە پرسیارێکی بەردەوامە کە لە هەر ڕۆمانێکدا دەگۆڕدرێ. جا لە ڕۆمانی ''ڕووەکی''ـدا پرسیاری ئەوەم کردووە کە مرۆڤ چییە؟ دەکرێ مرۆڤ بێگوناهـ بێ؟ ئایا دەتوانین بەتەواوەتی توندوتیژی ڕەت بکەینەوە؟ هەروەها لە ''ئێستا بڕۆ'' و ''با فیکە دەکێشێ''ـدا، دەپرسم، ئاخۆ دەشێ ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان جوانی و توندوتیژی لەم جیهانەدا پێکەوە گرێ بدەین؟ ئاخۆ ژیان شایستەیە تیایدا بژین؟ لە دوای ئەوە لە ڕۆمانی ''وانەکانی گریک''ـدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر بەرگەی ئەم ژیانە بگرین، بە چ شێوەیەک دەتوانین بەرگەی بگرین؟ هەروەتر لە ڕۆمانی ''وا کوڕیژگەکە دێ''ـدا پرسیارەکە ئەوەیە؛ مرۆڤبوون یانی چی؟ بۆیە هەمیشە پرسیارەکە لە گۆڕاندایە. بەڵام پرسیاری جەوهەری لە بنەوەی هەموو شتەکاندا ئەمەیە؛ مرۆڤبوون یانی چی؟


تێبینی: ئەم گفتوگۆیە گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنییە و لە ١٩ی مەی ٢٠١٦ ئەنجام دراوە.

سەرچاوە: koreanliteraturenow

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ئەمشەو بایەکی سارد هەڵ دەکا

نوا سیسیرۆ – چیرۆک و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان ڤاسیلی دوێنێ هیوای هەبوو. لەگەڵ ساشا ی خوشکی لەسەر مێزی موبەقەکە دانیشت و لەفەیان دەخوارد، ساشا دەڵێ '' ڤاسیلی ، گوێی نادەمێ ئەگەر قەحپەیەک دەستخەیت. دەی خۆم دوایی پارەیەکی باش لە باڕ پەیدا دەکەم. دەبێ بیکەیت.'' ''دەزانم، بەس پارە، بزانێ پارەت پێ نییە دەڕوا.'' ''من پارەت دەدەمێ.'' ''نا، پارە، بزانێ پارەم پێ نییە دەڕوا، منیش دەمرم، مردن.'' ''نا، گوێبگرە، تۆ پێویستە گان بکەیت. ئەوە چەند مانگێکە. تەواو شەرمن بوویتە و بڕوابەخۆبوونت لەدەست داوە.'' ''وەک دەوڵەت.'' ''نا، ڤاسیلی ، دەوڵەت نا. دەست هەڵگرە لەم بیرکردنەوە حیزانەت لەسەر دەوڵەت. دەوڵەت گرنگیی بە تۆ نادا، واز بێنە لە بیرکردنەوە لە دەوڵەت و بیر لە کێرت بکەرەوە. ئەمڕۆ کێرت زۆر لە دەوڵەت گرنگترە.'' ''ئێستا زۆر سەرقاڵم بە بیرکردنەوە لە دەوڵەت.'' ''دەوڵەت وەل کە، کێر، بیر لە کێر بکەرەوە.'' ''کێر....

چی تر ناتوانم شەڕ بکەم

دوا نامەی ڤێرجینیا وۆڵف بۆ لیۆناردی مێردی ئیلوسترەیشن: کاترین ڕاتکە هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی ئێوارەیەکی مانگی ئازاری ١٩٤١ ڤێرجینیا وۆڵف بە خووساوی دەگەڕێتەوە ماڵ، هەر ئەوەی کە دواتر وا باس کرا ڤێرجینیا لە هەوڵێکی خۆکوشتندا فەشەلی هێناوە. جەخار، پاشی چەند ڕۆژێکی کەم، لە ٢٨ی ئازاردا جارێکی دیکە هەوڵی خۆکوشتنی دایەوە، لێ ئەمجارەیان لە دەست تەقەلاکانی بۆ ڕاکردن لەو ساتانەی تیایدا دەژیا و بۆ دەربازبوون لە نەخۆشیی ئەقڵی، نەجاتی بوو. لە ڕۆژی مەرگی ڤێرجینیا دا، لیۆنارد ی مێردی نامەیەکی دڵهەژێنەی لەسەر ڕەفەی ئاگردانەکەیان دۆزییەوە. جەستەی ڤێرجینیا دوای حەفتەیەک لە ڕووباری ئووزدا دۆزرایەوە کە گیرفانەکانی لە خڕکەبەرد پڕ کردبوون. دەقی نامەکە؛ عەزیزترینم،   هەست بەو دڵنیاییەوە دەکەم کە دووبارە شێت دەبمەوە. هەست دەکەم جارێکی تر ناتوانین ئەو کات و ساتە سامناکانە ئەزموون بکەینەوە. ئەم جارەیان چاک نابمەوە. هەمدیس چەند دەنگێک دەبیستم، هیچ تەرکیزم نییە. سا ئەمێستا وا خەریکم هەر ئەو شتە دەکەم کە باشترین شتێکە بیکەم. تۆ مەزنترین خۆشبە...

پۆڵ بیتی بە ڕۆمانی ''ناپاکی'' خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ـی بردەوە

پۆڵ بیتی، ڕۆماننووس وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لە گایدهۆڵی لەندەن ''پۆڵ بیتی'' بووە یەکەمین نووسەری ئەمەریکایی سەرەڕای ڕۆمانە تەنزئامێزە نەژادییەکەی (ناپاکی) کە خەڵاتی مان بووکەر لە مێژووی ٤٨ ساڵەیدا بباتەوە. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە زاری پیاوێکی گەنجی ڕەشپێستی ئەفریکایی-ئەمەریکایی بە ناوی ''بۆنبۆن''ـەوە دەگێڕێتەوە کە هەوڵ دەدا هەمدیسان کۆیلایەتی و نەژادپەرستی دابێنێتەوە لە گەڕەکێکی هەژارنشین و دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس . ئەماندا فۆرمان، سەرۆکی لیژنەی داوەرانی خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ گوتویەتی کە نزیکەی چوار سەعاتی خایاندووە تاکوو توانیویانە بگەنە  بڕیارێکی هاوبەش و لە بارەی کتێبەکەشەوە گوتویەتی  ''ڕۆمانەکە ناوسکی هەرچی تابۆی کۆمەڵایەتی هەیە دڕیویەتی و هێناویەتییە دەرەوە. ڕۆمان پێویست ناکا ئاسوودە و دڵخۆش بکا. هەقیقەت بە دەگمەن خۆش و جوانە و ئەم ڕۆمانەش ئەو ڕۆمانەیە کە خوێنەر بە بزمار لە خاچ دەدا و بە خۆشییەوە بەجێی دێڵێ، ئەگەرچی لە کاتێکدا بە بزمار بە خاچەکەوەیت کەچی ختووکەت دێ. ئەمەش ئەو هێزەی...