یانزە پێشنیازی هێنری
میلەر لەبارەی نووسینەوە
![]() |
| هێنری میلەر، ڕۆماننووس |
ئامادەکردن و وەرگێڕان:
هەژار عوسمان
لەنێوان ساڵانی ١٩٣٢ و
١٩٣٣ کاتێک هێنری میلەر ئیشی لە یەکەمین ڕۆمانی بڵاوکراوەی "هێڵی
گەرمیی گۆی زەوی" دەکرد، هەندێک پلان و ڕۆتینی ڕۆژانەی بۆ ئامادەکاریی
نووسینەکەی هەبووە و تەواوی ئەو شتانەی لە یانزە پێشنیازدا کۆ کردوونەتەوە:
١. ئیش لەسەر یەک شت
بکە تا ئەو کاتەی کۆتایی دێت.
٢. دەست مەکە بە
نووسینی کتێبی تازەی دیکە.
٣. دەروونپەشێو مەبە.
هێورانە ئیشی خۆت بکە، بە شەوق و زەوقەوە.
٤. بەپێی پرۆگرام ئیش
بکە نەک میزاج. لە کاتێکی دیاریکراودا دەست هەڵبگرە ئیتر.
٥. کە ناتوانیت
بخولقێنیت خۆ دەتوانیت ئیش بکەیت.
٦. لە جیاتیی ئەوەی
ڕۆژانە ڕێگەکەت پەین بکەیت، کەمێک چیمەنتۆی بکە.
٧. هەر مرۆڤ بە! خەڵک
ببینە، بچۆرە شوێنەکان، ئەو شتە بخۆرەوە کە دڵت دەیگرێت.
٨. ئەسپی قورسبار مەبە!
تەنیا بەکەیفەوە ئیش بکە.
٩. کە حەزت کرد
پرۆگرامیش بخە لاوە - بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی بچۆرەوە سەری.
١٠. ئەو کتێبانە لە بیر
خۆت ببەرەوە کە دەتەوێ بیاننووسیت. تەنیا بیر لەو کتێبە بکەرەوە کە خەریکیت
دەینووسیت.
١١. هەمیشە یەکەمین شت
دەربارەی نیگارکێشان، میوزیک، دۆستان و سینەما بنووسە، شتەکانی دیکە بۆ خۆیان دێن.
میلەر لەژێر ناونیشانی ''پرۆگرامی
ڕۆژانە''، ڕۆتیناتی نووسینی خۆی و ئەوەی چی بکەین لە درێژایی ڕۆژدا و چۆن کارێکی
بەفەڕ و پیت بێتە ئەنجام و لەپێناو تەندروستیی جەستەیی و ئەقڵیدا ئەم شتانەی
یادداشت کردووە و نووسیونی:
بەیانیان:
گەر سەرلێشێواو و
باڵانس شێواویت، تێبینییەکانت وەک دنە و هاندەر یادداشت بکە.
ئەگەریش لە هەلومەرجی
لەباردایت، بنووسە!
نیوەڕوان:
ئیش لەو بەشەی کتێبەکەدا
بکە کە خەریکیت دەینووسیت، شوێن پلانەکەت بکەوە بە هۆشەوە. زۆر لە خۆت مەکە بۆ
نووسین و قەوبڕ مەکە. لە یەک کاتدا یەک بەش تەواو بکە، وا باشە.
ئێواران:
دۆستان ببینە. لە
قاوەخانەکاندا بخوێنەرەوە.
بە دوای بەش و بڕگە
نائاشناکاندا بگەڕێ - بەپێ ئەگەر دنیا تەڕوتووش بوو، بە بایسکڵ ئەگەر دنیا وشک و
برینگ بوو.
بنووسە، ئەگەر میزاجت
هەبوو، بەڵام تەنیا بیرت لای پرۆگرام بێ.
ڕەسم بکە ئەگەر بەتاڵ و
ماندوو بوویت.
تێبینی لای خۆت بنووسە.
هێڵکاریی بکە، پلان دانێ.
لە وەڵامی پرسیاری "ئاخۆ تۆ وەک هەمەنگوەی
قەڵەمدارەکەت دادەدەیت بۆ ئەوەی دەست بە نووسین بکەیت؟" کە گۆڤاری ''پاریس
ڕیڤیو'' لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، میلەر دەڵێت:
"نا، بە گشتی نا، نا هیچ بەو جۆرە نییە. پاشی قاوەڵتی یەکسەر دەست بە نووسین دەکەم و لەسەر کورسییەکەم دادەنیشم، ئەگەر زانیم ناتوانم بنووسم ئەوا وس دەبم."
هێنری
لەبارەی خۆیەوە دەڵێت:
"بە پەیڤێکی سادە و ڕەوان، من هێشتا خۆم بە نووسەر لە قەڵەم نادەم. مرۆڤێکم کە چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، تا زیاتر دەچمەوە بەرەوە زیاتر و زیاتر پرۆسەکە بێسنوور دەبێت. وەک پەرەسەندنی جیهان، جیهانێک کە بێکۆتایە. نووسین؛ وەک ژیان خۆی، گەشتێکە بۆ کەشف و گەڕان. نووسەر لەنێوان جیهانیی سەروو [مێتافیزیک] و جیهانی خواروو [فیزیک] دەژیێ؛ توولەڕێیەک دەگرێ تاکو لە کۆتاییدا خۆشی ببێتە ئەو توولەڕێیە."
![]() |
| ڕۆمانەکانی هێنری میلەر |
هێنری میلەر نووسەری ئەمەریکایی لە شاری برووکلینی ویلایەتی نیو یۆرک لەدایک بووە و لە
دایکوباوکێکی ئەڵمانی-ئەمەریکاییە و زۆربەی کاتەکانی مێردمنداڵی خۆی لە دووکانی خەیاتییەکەی
باوکیدا بەسەر بردووە. لە سەرەتای لاوێتییەوە حەزی بە خوێندنەوەی چیرۆکە سەرکێشی و
کلاسیکییەکان بووە. ئەو دە ساڵەی کە لە پاریس ژیا و زۆربەی کارە بەناوبانگەکانی
تیا نووسی، دە ساڵی پرشنگداری نووسین بووە لە ژیانی میلەردا و لەناو ئەو ڕۆمانانەی
کە نووسیونی لەو ساڵانەدا ناوی "هێڵی گەرمییی گۆی زەوی" (١٩٣٤) و بەهاری
ڕەش (١٩٣٦) دێن، کە ڕەنگدانەوەی ئەزموونە کەسییەکانە. میلەر بەو دوو ڕۆمانە و
ڕۆمانی ''سیانەی لەخاچدان'' (١٩٥٦) دەناسرێتەوە و ناوبانگی ڕۆیشتووە. خۆشدەربڕیی
میلەر و زۆرجاریش ناوەڕۆکی هەوەسباسی لە نووسینەکانیدا مل دەکێشن بۆ نەوەیەکی نوێ
لەناو نووسەرە ئەمەریکاییەکاندا. لە ٧ی جوونی ساڵی ١٩٨٠ میلەر لە ویلایەتی
کالیفۆرنیا کۆچی دوایی کرد.

