التخطي إلى المحتوى الرئيسي

بەزەییت بە خوێنەردا بێتەوە


ئامۆژگارییەکانی کورت ڤۆنیگەت لەمەڕ نووسینی چیرۆکی باش


کورت ڤۆنیگەت

ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان

"تەنیا لەپێناو دڵخۆشکردنی کەسێکدا بنووسە. ئەگەر پەنجەرەیەک بکەیتەوە و ئەڤین بۆ جیهان بخولقێنیت، تا لەوێوە قسە بکەیت، ئەوا چیرۆکەکەت تووشی خیزەخیزی سییەکان دەبێت."
ساڵانێکی زۆر خوێندنەوە و نووسینی باش لەژێر فەرووی کەروێشکە جادووییەکانەوە سەر دەر ناهێنێت، بەڵکوو لە ئامۆژگاریی نووسەرە مەزن و بەناوبانگەکانی جیهانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ کورت ڤۆنیگەت؛ ئانارشیست، دیدەنیکاریی ئەندێشەیی مردووەکان و ڕۆحە دڵتەنگەکان - یەکێکە لەو ناوە دیارانە و لێرەدا ئاماژە بە هەشت خاڵ دەکەین دەربارەی چۆنیەتی چیرۆکنووسین، کە ڤۆنیگەت پێی وایە دەبنە هۆی زایینی چیرۆکی باش.

١. هەموو کاراکتەرێک دەبێت شتێکی گەرەک بێت، تەنانەت ئەگەر گڵاسێک ئاویش بێت.
٢. لانی کەم کاراکتەرێک بدە بە خوێنەر کە وی/وێ بتوانێ لایەنی بگرێت. 
٣. تەواوی کاتی کەسێکی نائاشنا [خوێنەر] بەکاربێنە بە وەها ڕێگەیەک، کە وی/وێ هەست نەکات کاتی لەکیس چووە. 
٤. هەموو ڕستەیەک دەبێت یەکێک لەم دوو شتە ئەنجام بدات؛ دەرخستنی کاراکتەر یان پێشڤەچوونی ڕووداو. 
٥. بە جۆرێک بنووسە وەک بڵێی لە کۆتاییی نووسینەکەتەوە نزیکیت. 
٦. کەسێکی سادیست بە. هیچ گرنگ نییە چ شیرین و چ بێگوناهن کاراکتەرە سەرەکییەکانت. وا بکە شتی ناخۆش و تۆقێنەریان بەسەردا بێت، بۆ ئەوەی خوێنەرەکان بتوانن ببینن کە کاراکتەرەکان لە چی سازێنراون. 
٧. تەنیا لەپێناو دڵخۆشکردنی کەسێکدا بنووسە. ئەگەر پەنجەرەیەک بکەیتەوە و ئەڤین بۆ جیهان بخولقێنیت، تا لەوێوە قسە بکەیت، ئەوا چیرۆکەکەت تووشی خیزەخیزی سییەکان دەبێت. 
٨. هەرچی زوو بێت باشترە بە پێی پێویست زانیاری بدەیت بە خوێنەرەکانت. تا دڕدۆنگی و وروژاوییەکانیان بڕەوێنەوە و دامرکێنەوە. خوێنەر دەبێت ئەم چەشنە تێگەیشتنە تەواوەی لەلا گەڵاڵە ببێت کە چ باسە و چ ڕوودەدا، لەکوێ و بۆچی، کە خۆیان بۆ خۆیان دەتوانن چیرۆکەکە تەواو بکەن، پێویستە سیسرکەکان دوایین لاپەڕەکانی کۆتایی بخۆن.

لە پاش ئەو هەشت خاڵەی سەرەوە، ڤۆنیگەت، لەمەڕ ئەو بابەتەی هەڵی دەبژێریت بۆ نووسین، دەڵێت 
"بابەتێک ببینەوە خۆت گرنگی و بایەخی پێ بدەیت  و لە دڵەوە هەست بەوە بکەیت ئەوانی دیکەش بایەخی پێ دەدەن. سەرڕای ئەوەی پەلەپەلت لێ ناکەم ڕۆمانێک بنووسیت، بەهەرحاڵ ئەگەر بشینووسیت من هیچ بەداخ نابم، ئەوە مانای ئەوەیە تۆ بایەخ بە بابەتێک دەدەیت."
لەمەڕ ئاسانیی زمانی نووسینیشەوە، دەڵێت:
"بۆ بەکارهێنانی زمان؛ ئەو دوو گەورە مامۆستایەی زمانت لەبیر بێت؛ ویلیام شەیکسپییەر و جەیمس جۆیس، ڕستەگەلێکیان دەنووسی کە منداڵانە بوون بەڵام بابەتەکانیان گرنگترین و قووڵترینەکان بوون."
"بەزەییت بە خوێنەردا بێتەوە" ئەمە قسەی ڤۆنیگەتە و پێی وایە خوێنەر دەبێت هەزاران نیشانە و خاڵی سەر کاغەز بناسێتەوە و دەستبەجێ لە مێشکی خۆیدا مانای بۆ بدۆزێتەوە. دەڵێت ئەوان مەجبوورن بخوێننەوە و ئەم دەردەشەیە دەبێت لە کۆتاییدا ددان بەوەدا بنێت کە هەڵبژاردە ستایڵستیکەکانی ئێمە وەکوو نووسەر نە بێشوومارن نەیش سیحری و هەقایەتی.

ڤۆنیگەت لەبارەی ترس و ئازادیی نووسینەوە دەڵێت
"هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئێمەی ئەمەریکایی لەژێر سایەی دەستوورێکی بێهاوتادا حوکم دەکرێین، دەستوورەکە ڕێگەمان پێ دەدات هەرچی دڵمان کەیفی پێی دێ بینووسین بەبێ ئەوەی ترسمان لە سزا هەبێت. جا بۆیە مانابەخشترین لایەنی ستایڵی ئێمە ئەوەیە کە هەرچییەک هەڵدەبژێرین بۆ نووسین لەبارەیەوە، بێ ئەملاوئەولا بێسنوورە."


کورت ڤۆنیگەت، ڕۆماننووس و ساتیریستێکی ئەمەریکاییە و لە ١١ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢ لە ئیندیاناپۆلیسی ویلایەتی ئیندیانا لەدایک بووە. بەدرێژایی ٥٠ ساڵ نووسین؛ ١٤ ڕۆمان، ٣ کۆمەڵە چیرۆک، ٥ شانۆنامە و ٥ کتێبی دیکەی بڵاوکردەوە. ڤۆنیگەت بە ڕۆمانی "قەسابخانەی ژمارە ٥" و دیوی تاریکی تەنزئامێز لە نووسینەکانیدا دەناسرێتەوە. ١١ی ئەپرڵی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٨٤ ساڵانیدا کۆچی دوایی کرد.

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان     وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین. هاروکی موراکامی هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.'' لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا ...

ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی

ڤاسیلی پیرۆڤ، پۆرترێتی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، ١٨٧٢ ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشتی و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبێتن. توانا سەیروسەمەرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک [ڕاسکۆلینکۆف] یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسەکانیش. دەنگ و دیدگا پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک '' ئی. ئێم. فۆڕستەر '' بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و ڕۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.'' لەم بابەتەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکی مان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە: ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا ساڵی ١٨٣٧، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆر ی لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ . خولقوخووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبو...

کوردەکان گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێکرد

یووست هیڵتەرمان * وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان لە ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لا...