![]() |
| ئیالیۆ کالڤینۆ |
ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان
''پێویستیمان بە هەقیقەتێکی پشتڕاستکراوە و ئەزموونێکی سەلمێنراو بەهۆی فۆتۆگرافەوە جوانیناسییەکی مەسرەفگەراییانەیە کە ئێستا هەمووان خوویان پێوە گرتووە.''
سوزان سۆنتاگ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ''دەربارەی فۆتۆگرافی'' لە ساڵی
١٩٧٧ و لە بارەی فۆتۆگرافییەوە ئەمە دەنووسێت کە تا ئێستاش ئەو کتێبەی وەک
میراتێکی کەلتووریی گرنگ و بە بایەخ وێنا دەکرێت. بەڵام حەوت ساڵ پێشتر، ئیتالیۆ
کالڤینۆی وتارنووس و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئیتالیایی دەربارەی هەمان چەمک،
دەربارەی فۆتۆگرافی، لە کورتە چیرۆکێکی ناو کۆمەڵە چیرۆکی ''عەشقە سەختەکان'' و لە
ساڵی ١٩٧٠دا، لەسەر زاری فۆتۆگرافەری ناو چیرۆکەکەی - ئەنتۆنیۆ- دەنووسێت:
''هێڵی نێوان ئەو هەقیقەتەی کە وێنەی دەگیرێت چونکە وا دیارە جوانە بەلامانەوە و ئەو هەقیقەتەی کە وا دیارە جوانە لەبەر ئەوەی وێنەی گیراوە زۆر باریکە... ئەو خولەکەی تێیدا دەڵێیت ''ئاهـ، چەندە جوانە! دەبێت وێنەی بگرین!'' ئەو خولەکەیە کە لە دیدی ئەو کەسەوە نزیکیت کە پێی وایە ئەگەر شتەکان وێنەیان نەگیرێت ئەوا ون دەبن و لەناو دەچن، وەک ئەوەی هەرگیز بوونیان نەبووبێت، هەر لەبەر خاتری ئەوەی ئەو شتە بژی، دەبێ هێندەی بتوانیت وێنە بگریت، هەروەها دەبێت وا دابنێیت کە هەموو چرکەساتەکانی ژیانت قابیلی فۆتۆگرافن و دەکرێت وێنەیان لێ هەڵ بگیرێت. هێڵی یەکەم بەرەو گەمژەیی دەمانبا؛ دووەمیش بەرەو شێتی!''
لەجێیەکی دیکەی چیرۆکەکەدا
هاتووە:
''هەقیقەتی وێنەگیراو بێ سێ و دوو بەشداری دەکات لە نۆستالژیای کاراکتەردا، بەشداری دەکات لە شادی فڕیو بەسەر باڵەکانی زەمەنەوە، تەنانەت گەر وێنەکە ڕۆژێکیش پێش دوێنێ وێنە گیرابێت. هەروەها ئەو ژیانەی تێیدا دەژیت تا وێنەی بگریت، پێشتریش هەر لە سەرەتاوە، جۆرێک لە بیرخەرەوەی ژیان خۆی بووە.''
