گفتوگۆیەک لەگەڵ پیاف
![]() |
| ئیدیس پیاف |
هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی
ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە لە بنەڕەتدا بۆ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بە ناوی
''دیسکۆراما'' لە ٢٠ی جەنیوەری ١٩٦١ ئەنجام دراوە و تێیدا ''ئیدیس پیاف'' قسە
لەبارەی خۆشەویستی و ئەلبوومە نوێیەکەی [ئەوکاتی - ئۆڵۆمپیا] دەکات.
ئەگەر هەموو گۆرانییەکانت بێنین
و لە کتێبێکدا کۆیان بکەینەوە، ئاخۆ دەبنە ڕێبەر و دەرسێک لەبارەی خۆشەویستییەوە؟
بەڵێ، دەبنە دەرسێک لەبارەی خۆشەویستییەوە، ڕێک بەو جۆرە.
ئایا ئەوە هەموو شتێکە لەبارەی
خۆشەویستییەوە؟
بەڵێ، هەموو شتێک... پێم وابێ.
هیچ چەشنە ڕەچەتە و میتۆدێک نییە
تا گۆرانییەکی عاشقانەی پێ بنووسیت، زۆر ئاسانە بەڵام دەکرێ پێم بڵێی بێ سێ و دوو
نووسینی گۆرانییەکی عاشقانە چی پێویستە؟
پێموابێ هەردوو کۆمپۆزەرەکەش و گۆرانینووسەکەش دەبێ لە ژیانی حەقیقیی
خۆیاندا عاشق بن. ئەگەرنا ناتوانن گۆرانییەکی عاشقانە بنووسن.
ئێ ئەمە وتمان گۆرانینووسەکە
دەبێ عاشق بێ، ئەی کاتێ گۆرانی دەڵێی، ئاخۆ تۆ گۆرانیبێژێکی باشتریت کە عاشقیت؟
سا دەبێ بڵێم کە من هەمیشە عاشقم. یەک چرکەشم بیر نایە کە عاشق نەبووبێتم.
گۆرانییەکی عاشقانە دەبێ بە
تەواوی گوزارشت لە عەشق بکات.
بەڵێ دەبێ وا بێ. پێموایە ئەوانەی چیتر گوێ بە عەشق نادەن خۆیان تەواو نین.
ئەوانەشی کە پاشەکشەیان کردووە بە بیانووی ئەوەی ئێش و ئازاریان
چەشتووە لە پێشتردا ئەوا ئەوانیش عاشقی ڕاستەقینە نین.
هیچ شتێکی تر بەراورد ناکرێ
بەوەی کە عەشق پێی بەخشیوویت، وا نییە؟
بەڵێ ڕێک وایە. تەنانەت ئەگەر ئیشێکی مەزنیشت هەبێ، ئیشێک کە بێتەوە لەگەڵ
هەستی قووڵ و بەتینی تۆدا. ئەگەر هیچ کەست نەبێ لەگەڵتدا بەشی بکات، ئەوکات ئیش
دەبێتە شتێکی بێکەڵک. کەس ناتوانێ بێ [ئەوی دیکە] هەڵ بکات.
ژاک پریڤێ لەبارەی مەترسی و
ئازاری ڕووبەڕووبوونەوەی عەشقەوە قسە دەکات. ئایا تۆش هاوڕای دیدگای ئەویت؟
لام وایە کە عەشق هەموو ڕووخسارەکان لە خۆیدا هەڵدەگرێ.
لە ئیشی ئەمساڵتدا، هەشت گۆرانی
لە گۆرانییەکانت هیی هەمان نووسەرن، چارڵس دومۆنت.
کۆمپۆزەر نەک نووسەر.
هەمان کۆمپۆزەر. نازانم ئاخۆ بە
هەڵکەوت بووە یا نا بەڵام پێموایە ئەمساڵ گۆرانییەکانت ڕەنگێکی دیکەیان گرتووە،
ڕەهەندێکی دیکە. شتێک کە گۆرانییەکانی پێشووترت نەیان بووە.
بەڵێ ئەو قسەیە تەواوە. کاتێک چارڵس دمۆنت و میشێل ڤاوکێری
یەکەمین گۆرانییان بۆ هێنام (''نا، لە هیچ شتێ پەشیمان نیم.'') بۆ من وەکوو شۆک
وابوو وەک ئەوەی دەبێت هەموو شت بسڕمەوە و لە سەرەتایەکی نوێوە دەست پێ بکەم.
بەشێوەیەکی سەرەکی لە گۆرانییەکانی چارڵس دومۆنتدا، ئەگەر هەستت بەوە کردبێ
کە من بەدوای چیدا دەگەڕێم. شتێکی خۆش بوو، کۆمپۆزەرەکە یارمەتی دام سەرەتایەکی
نوێ بخولقێنم. ئەوە کۆمەکی گۆرانینووسەکانی پێشتریشی کردم کە هێشتاش هەر گۆرانیم
بۆ دەنووسن، لەوانە میشێل ڕیڤێگوشی کە هاوشانی چارڵس دومۆنت ئیشی
دەکرد. ئەوان توانییان بە ڕێگەیەکی نوێ بنووسن، ئاڕاستەیەکی نوێ کە زیاتر لەگەڵ من
گونجاوە وەک لەوانەی پێشوو.
