![]() |
| سلاڤۆی ژیژەک |
و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
ئەوەی پێی
دەگوترێت ''جەنگ لە دژی تیرۆر'' بووەتە پێکدادانێک لەناو خودی هەر شارستانییەتێکدا
و هەمووان دەیانەوێت وا خۆیان دەرخەن شەڕی داعش دەکەن بۆ ئەوەی دوژمنە ڕاستییەکە
ببەزێنن.
شتێکی سەیر و نائاسایی
لەو ئاخاوتن و ڕاگەیەندراوە سامناکانەدا هەیە کە باس لەوە دەکەن ئێمە لە جەنگی دژی
داعشداین - تەواوی زلهێزەکانی جیهان لە بەرانبەر تاقمێکی ئایینی، کە لە ناو خاکێکی
بەریندا پینەیەکی بچووکی لەژێر کۆنترۆڵدایە... ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئێمە
فۆکەس نەخەینە سەر تێکشکاندنی داعش، بەبێ سێ و دوو، وەڵامەکە نەخێر دەبێت
''بەڵام...''. تەنها ''بەڵام'' ئەوەیە ئێمە بەڕاستی دەبێت فۆکەس بخەینە سەر تێکشاکاندنیان، بۆ ئەمەش کاری زیاتر پێویستە وەک لە
ڕاگەیەندراوە جێبەزەییەکان و پاڕانەوە بۆ هاریکاری و پشتگیریی هەموو هێزە
''شارستانییەکان'' لە دژی بەشەیتانکردنی دوژمنە فەندەمێنتاڵیستەکە.
ئەو شتەی
پێویستە هیچ کەس تێی نەکەوێت ئەو قسە سواو و عادەتییانەی چەپە-لیبراڵەکانە ''هیچ
کەس ناتوانێت بە تیرۆر شەڕی تیرۆر بکات، توندوتیژی تەنها خۆراکبەخشی توندوتیژیی
زیاترە''. ئێستا کاتی هەڵتۆقینی ئەم پرسیارە بێزارکەرەیە: ئەم دۆخە چۆن گونجاوە بۆ
داعش تا بمێنێتەوە؟ وەک هەموومان دەیزانین، سەرباری سەرکۆنەکردن و ڕەتکردنەوەی لە
هەموو لایەکەوە، کەچی هەندێک هێز و دەوڵەت هەن نەک تەنها بە بێدەنگییەکەیان
قایلبوونیان پیشان دەدەن، بەڵکو کۆمەکی داعشیش دەکەن. لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا هاکان
فیدان سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا و دڵسۆزترین پشتگیری سەرۆک، سەرکۆنەی
دەستێوەردانی سەربازیی رووسیای لە نیوخۆی سوریادا کرد، هەروەتر مۆسکۆی بە هەوڵدان
بۆ خنکاندنی شۆڕشی ئیسلامییەکانی سوریا تۆمەتبار کرد. ''داعش حەقیقەتێکە و پێویستە
قەبووڵی بکەین کە ئێمە ناتوانین لە ڕەگەوە دامەزراوەیەکی جەماوەری و باش-ڕێکخراوی
وەک داعش هەڵکەنین؛ لەبەرئەوە داوای بەپەلە لە هاوڕێ ڕۆژئاواییەکانم دەکەم بە
تێگەیشتن و ڕاڤەی خۆیاندا بچنەوە لە بارەی ئیسلامە سیاسییە هەنووکەییەکان،
مێنتاڵیتیی ڕەشبینانەیان بخەنە لاوە و ڕێگری لە پلانەکەی پوتین بکەین بۆ تێکشکانی
شۆڕشگێڕە ئیسلامییە سورییەکان.'' ئاژانسی ئەنادۆڵو ئەم کۆتەی لە قسەکانی فیدان
وەرگرتبوو کە ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر لەمەڕ دەستێوەردانی ڕووسیا لە سوریا کردبوونی.
فیدان ئەوەشی
بۆ قسەکانی زیاد کردووە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەکی بێژماری جیهادیی
بیانی کە بە تاسەی ڕۆیشتنەوەن بەرەو سوریا، شتێکی ناچاری و پێویستە کە داعش
نوێنەرایەتییەک یان لانی کەم ئۆفیسی سیاسیی لە ئیستانبوڵ بکاتەوە. جەختی کردووە
لەوەی ئەوە بیروباوەڕی چەسپاوی تورکیایە کە چاودێریی پزیشکیی تەواوی ئەو
بریندارانە بکات کە لەدەست هێرشی ئاسمانیی بێبەزەییانەی ڕووسیا بەبێ گوێدانە
پەیوەندییە ئایینی و سیاسییەکان هەڵدێن. بەم دواییانە و لە پێکدادانێکی توندی
نێوان سوپای ڕووسیا و تیرۆریستەکانی داعش لە مەودایەکی ئێجگار بەرفراواندا لە
سوریای کاولبووی جەنگدا، ژمارەیەکی بێژماری شەڕکەری برینداری داعش چوونە ناو خاک و
قەڵەمڕەویی تورکیا و لە نەخۆشخانە سەربازییەکاندا ڕێگەیان بۆ کرایەوە.
وەک دەیڤید
گرەیبەر [پرۆفیسۆرێکی ئەنسرۆپۆلۆجیست و چالاکێکی ئانارشیستی ئەمەریکی] بەم
دواییانە ئاماژەی بۆ دا، تورکیا بە هەمان
چەشن گەمارۆی قەڵەمڕەویی داعشی داوە وەک چۆن گەمارۆی ئەو ناوچانەی داوە کە بەدەست
پارتە کوردییەکانی سوریاوەن، بەبێ قسەکردن لەبارەیەوە هەمان چەشنە ''سیاسەتی
پشتگوێخستنی میهرەبانەنە'' یان بۆ پەکەکە و یەپەگە پێشکەشی داعش کردووە، ئەگەر
هاتبا و داعش تێکشکابا ئەوا هێرشەکانی سەر پاریس ڕوویان نەدەدا. لەجیاتیدا، تورکیا
نەک لە ڕووی دیپلۆماتییەوە کۆمەکی داعش دەکات بە چارەسەرکردنی بریندارەکانیان و
بازرگانیی نەوتی لەگەڵ دەکات لەو ناوچانەی لەژێر قەڵەمڕەویی داعشدان، بەڵکو
بەشێوەیەکی وەحشییانە هاشاوڵ بۆ هێزە کوردییەکان دەبات و لێیان دەدات، ئەو هێزانەی
تەنها هێزن کە بەجددی شەڕی داعش دەکەن. لەسەروو ئەوانەشەوە
تورکیا فڕۆکەیەکی سەربازیی ڕووسی، کە هێرشی دەکردە سەر پێگەکانی داعش لە سوریا،
خستە خوارەوە. هەمان ئەو شتانە لە سعودیەش، لایەنگریی سەرەکیی ئەمەریکا لە
ناوچەکەدا (کە پێشوازی لە داعش دەکات بەو هۆیەی شەڕی شیعەکان دەکات) هەن و ڕوو
دەدەن، تەنانەت ئیسرائیل بەجۆرێک لە سەرکۆنەکردنی داعشدا بێ دەنگە کە جێی گومانە
(داعش شەڕی ئەو هێزە شیعییانە دەکات کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکات و ئیسرائیلیش
ئێران بە دوژمنی سەرەکیی وڵاتەکەی دەزانێت).
ئەو
ڕێککەوتنەی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا کە لە کۆتایی نۆڤەمبەردا ڕاگەیەندرا
(تیایدا تورکیا ڕێگە لە هاتنی بەلێشاوی پەنابەران بگرێت بۆ ئەوروپا و ڕێککەوتنەکە
بە بڕی نزیکەی ٣ ملیار یۆرۆ بوو) بێشەرمانە کارێکی قێزەونە، کارەساتێکی
ئەخلاقیی-سیاسیی تەواوە. ئا بەم جۆرە جەنگ لە دژی تیرۆر ئاڕاستە دەکرێت و ڕێک
دەخرێت؟ بەجۆرێک کە خۆت تەسلیمی تورکیای بەرتیل وەرگر و خەڵاتکردنی یەکێک لە
تۆمەتبارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی داعش لە سوریا بکەیت؟ پاساوی ئینتیهازی-پراگماتیکی
[هەلپەرستی کردەیی] ئەم ڕێککەوتنە ڕوونە (ئایا ڕەشوە وەرگرتنی تورکیا ڕوونترین
ڕێگە نییە بۆ سنووردارکردنی هەڵکشانی ڕێژەی پەنابەران؟) بەڵام لە درێژ مەودادا
ئاکامەکان کارەساتئامێز دەبن.
ئەم
باکگراوندە لێڵە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ''جەنگی سەرانسەری'' دژی داعش نابێت بەجددی
وەربگیرێت - بەڕاستی مەبەستیان ئەوە نییە. ئێمە بێ ئەملاولا مامەڵە لەگەڵ
پێکدادانی شارستانییەتەکاندا ناکەین (شەڕی کریستیانەکانی ڕۆژئاوا دژی ئیسلامە
ڕادیکاڵەکان)، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ پێکدادان لەناو خودی هەر شارستانییەتێکدا دەکەین:
لە فەزای کریستیاندا ئەمەریکا و ڕۆژئاوای ئەورپا هەن دژی ڕووسیا، لە فەزای موسوڵماندا
شەڕی سوننە دژی شیعە. وێنەی تۆقێنەر و قێزەونی داعش وەک چەشنە تەلیسمێک وایە لە داپۆشینی
تەواوی ئەو ململانێیانەدا کە هەمووان وا خۆیان دەرخەن شەڕی داعش دەکەن بۆ ئەوەی
دوژمنە ڕاستییەکەیان ببەزێنن.
سەرچاوە:
نیوستەیتسمان
