![]() |
| سڤێتلانا ئالێکسێڤیچ |
سڤێتلانا
ئالێکسێڤیچ
و.
لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
ئاڕاستەی
ڕۆیشتنم بەرەو گۆڕستانەکە دەگۆڕم وەک ئەوەی لەسەر ڕێ بم بۆ بینینی کەسێک. هەست دەکەم
دەچمە سەردانی کوڕەکەم. گشت ئەو ڕۆژانەی هەوەڵ من بەدرێژایی شەوان لەوێ دەمامەوە.
گۆڕستان تۆقێنەر نەبوو. من چاوەڕێی بەهار دەکەم، چاوەڕێی گوڵێکی چکۆلە تا چرۆم بۆ
بکا و لە خاک سەر دەربێنێت. بەفرەگوڵانم دەچاند، ئاوا لە کوڕەکەمەوە هەر زوو
سەلامم پێ دەگەیشت. لەو خواری خوارەوە دەهاتنە سەر بۆ لام، لای کوڕەکەمەوە.
لەگەڵ
ئەودا تا درەنگانێکی ئێوارە و تا بوویە شەویش دانیشتم. هەندێک جار درک بەوە ناکەم
کە وا خەریکی گریە و زاریم تا ئەو کاتەی باڵندەکان دەترسێنم، قاغەقاغی
قەلەڕەشەکان، بازنەخواردن و هاتنە خوار و چوونەسەریان بەسەر سەرمدا دەمهێننەوە هۆش
خۆم و لە لاواندنەوە دەوەستێم. وا بۆ چوار ساڵ دەڕوا کە هەموو ڕۆژێک دەچمە گۆڕستان،
لە ئێواراندا دەچم ئەگەر لەبەیانیاندا نەچم. یانزدە ڕۆژ نەچووم کاتێک لە نەخۆشخانە
بووم، پاشان لە نەخۆشخانەوە بەڕاکردن چووم بۆ لای کوڕەکەم.
کوڕەکەم
وای بانگ کردم 'دایکی من' و 'دایکە فریشتەکەی من'.
'دەی،
دایکە فریشتەکەی من، کوڕەکەت لەلایەن ئەکادیمیای سەربازیی سمۆلێنسک-ەوە قەبووڵ
کراوە. پشتئەستوورم بەوەی تۆ دڵخۆش دەبیت.'
لەتەنیشت
پیانۆکەوە دانیشت و گۆرانی گوت.
ئەفسەرانی
پایەبڵیند، میرزادە ڕاستەقینەکان!
ئەگەر
من یەکەمینی ناو ئەوان نەبم،
یەکێکم
لە زایەندەکانی ئەوان.
باوکم
ئەفسەرێکی سەرڕاست و کارڕاست بوو کە لە سەروەختی بەرگریکردن لە لینینگراددا مرد.
باپیرەشم هەر لە سوپادا بوو. کوڕەکەم بۆ ئەوە دروست کرابوو ببێتە پیاوێکی سەربازی-
ئەو ئازایەتییەشی هەبوو، باڵابەرز و جوامێر بوو.
هەمووان
دەیانویست لەو بچن. تەنانەت منیش، دایکی خۆی، لاسایی ئەوم دەکردەوە. بەو جۆرە لەسەر
پیانۆکە دادەنیشتم کە ئەو دادەنیشت، هەروەتر هەندێ جاریش هەر بەو جۆرە ڕێم دەکرد
کە ئەو دەیکرد، بەتایبەت پاش ئەوەی کوژرا. من زۆر دەمویست کە ئەو هەمیشە لەناو
مندا ئامادەگی هەبێت.
کاتێ
بۆ یەکەمجار ڕۆیشت بۆ ئەفغانستان، بۆ ماوەی ساڵانێک هیچی نەنووسی. چاوەڕێم کرد و
چاوەڕێم کرد تا بگەڕێتەوە ماڵەوە و دوایی بڕوا. ئیتر ڕۆژێک لەسەر ئیش زەنگی
تەلەفۆنەکە لێی دا.
'دایکە
فریشتەکەم، من لە ماڵەوەم.'
لە
پاسەکە دابەزیم و بەڕاکردن چووم بۆ بینینی. قژی ماشوبرنجی بووبوو. ددانی بەوەدا
نەنابوو کە لەسەر ڕۆیشتن نییە، داوای کردبوو ڕێی بدەن لە نەخۆشخانە بچێتە دەرەوە و
بۆ ماوەی دوو ڕۆژ و دایکی ببینێت. تووشی ئاوسانی جگەر و مالاریا و چەند نەخۆشییەکی
دیکەش بووبوو بەڵام هۆشداری دابوویە خوشکەکەی کە بە من نەڵێت و بۆمی نەگێڕێتەوە. جارێکی
تریش چوومەوە ژوورەکەی بەر لەوەی بڕۆمە سەر ئیش، تا ببینم کە خەوتووە. ئەو
چاوەکانی کردبوویەوە. لێیم پرسی بۆچی نەخەوتوویت، بەرەبەیانێکی زوو بوو. وتی کە
خەوێکی ناخۆشی دیوە. هەتا مۆسکۆ لەگەڵیدا ڕۆشتین. زۆر ڕەزا شیرین بوو، کەشوهەوای
مانگی ئایاری ئەوێ خۆرەتاو بوو، درەختەکان لە هەڕەتدا بوون. لێم پرسی کە ئاخۆ ئەوێ
لە چی دەچێ؟
'دایکی
من، ئەفغانستان شتێکە ئێمە هیچ ئیشمان پێی نییە و هیچ نییە بیکەین لەوێ.' فەقەت
سەیری منی دەکرد، سەیری هیچ کەسی تری نەدەکرد. 'نامەوێ قەت بگەڕێمەوە بۆ ئەو
کوونە. بەڕاستی نامەوێ.' ڕۆشت و دوورکەوتەوە، بەڵام ئاوڕی دایەوە، 'شتەکە وەک ئەو
ئاوڕدانەوەیە ئاسانە ، دایە.' ئەو قەت نەیگوتبوو 'دایە'. ژنەی سەر کورسییەکەی
فڕۆکەخانە چاوانی پڕ بووبوو لە ئاو و چاوی لە ئێمە بڕیبوو.
کاتێک
لە ٧ی جولای لە خەو هەستام نەگریابووم. گێژ و زەق چاوم بڕیبووە ساپیتەکە. ئەو
خەبەری کردبوومەوە، چۆن بڵێی هاتبێ ماڵئاوایی بکا. سەعات هەشت بوو. دەبوو خۆم حازر
بکەم و بچمە سەر ئیش. بە جلەکانمەوە لە حەمامەکەوە ڕۆشتم بەرەو ژووری میوان، لە
ژوورێکەوە بۆ ژوورێکی تر. لەبەر چەند شتێ نەمتوانی خۆم ڕابگرم و ئەو جلە ڕەنگکاڵە لەبەر
بکەم. هەستم بە سەرگێژخواردن دەکرد، چاوم باش خەڵکی نەدەبینی. هەموو شتێک لێڵ بوو.
خۆم ڕاگرت و بێدەنگ بووم تا کاتی نانی نیوەڕۆ.
حەوتەم
ڕۆژی مانگی حەوت. ئەو لە پاکەتەکەیدا حەوت جگەرەی هەبوو، حەوت دەنکە شقارتە. بە
کامێراکەی حەوت وێنەی گرتبوو. حەوت نامەی بۆ من نووسیبوو، حەوتیش بۆ دنکەکەی.
کتێبی تەنیشت مێزەکە لەسەر لاپەڕە حەوت کرابوویەوە. کتێبی 'کۆنتێنەرەکانی مەرگ'ـی کۆبۆ
ئابی.
ئەو
سێ یان چوار چرکەی هەبووبوو کە تێیدا دەیتوانی خۆی ڕزگار بکا، لە سەیارەکەوە خۆیان
فڕێ دابووە خوارێ. نەیتوانیبوو یەکەم کەس خۆی هەڵدا. ئیتر قەت نەیتوانی.
لە
ڕائید ئێس ئاڕ سینێلینکۆڤەوە، جێگری فەرماندەی کەتیبە بۆ کاروبارە سیاسییەکان. چون
وەفایەک لە ئەرکەکەمدا وەک سەربازێک، دەبێت ئاگادارت بکەمەوە کە ئەفسەری پایەبەرز
ڤالێری گێنادیێڤیچ ڤۆلۆڤیچ ئەمڕۆ دوای ١٠٤٥ سەعات لە ئەرکەکەی کوژرا.
تەواوی
خەڵکی شاریش زانییان. لە یانەی ئەفسەراندا جلی ڕەشیان لەبەر کرد و وێنەیان
هەڵواسی. فڕۆکەکە ئەوی لە دارەمەیتەکیدا هێنایەوە، بەڵام هیچ کەس هیچی بە من
نەگوت. هەرچییان کردبوو نەیانتوانیبوو قسە بکەن. لەسەر ئیش دەموچاوی هەمووان پڕ
بوو لە گریان. پرسیم، "چی بووە؟"
بە
دنیایە ڕێگەی جیاواز ویستیان مەشغوڵم بکەن. هاوڕێکەم هات، پاشان دکتۆرێک لە کۆتێکی
سپیدا گەیشت. پێم وت کە ئەو شێتە، ئەوانەی وەک کوڕەکەی منن ناکوژرێن. بە پەل و
مستم بەربوومە مێزەکە. ڕام کردە لای پەنجەرەکە و بەربوومە شووشەی پەنجەرەکەش.
دەرزییەکیان لێ دام. هەر دەمقیژاند. دەرزییەکی تریان لێدام، تەنانەت ئەو دانەش، چ
کاریگەریی نەبوو؛ من دەمقیژاند، 'دەمەوێ بیبینم، بمبەنە لای کوڕەکەم.' لە کۆتاییدا
دەبوو بمبەن ئیتر.
تابووتێکی
درێژ بوو. دارەکەی ڕووتەخت نەبوو، بە پیتی گەورە و بە ڕەنگی زەرد لەسەری نووسرابوو
'ڤۆلۆڤیچ'. دەبوو شوێنێکی لە گۆڕستانەکە بۆ بدۆزمەوە، شوێنێکی وشک، شوێنێکی خۆش و برینگ.
ئەگەر پەنجا ڕۆبڵ بەرتیلیشی بوێ، هەر قەینا. فەرموو، وەریگرە، تەنیا دڵنیابە کە
ئەوێ شوێنێکی باش و خۆش و وشکە. لەناوەوە دەمزانی چەند قێزەون بوو ئەو بەرتیلدانە،
بەس هەر دەمویست شوێنێکی خۆش و وشکی بۆ ببینمەوە. ئەو شەوانەی یەکەم ئەوم بەجێ
نەهێشت. لەوێ مامەوە. دەینابردمەوە ماڵەوە، بەڵام من هەر دەگەڕامەوە بۆ لای.
کاتێ دەڕۆم بۆ بینینی بۆی
دەچەمێمەوە، کاتێکیش جێی دێڵم هەر بۆی دەچەمێمەوە. قەت سەرمام نابێ تەنانەت ئەگەر
کەشوهەواش لە عانی بەستنیشدا بێ؛ لەوێوە نامەکانم دەنووسم؛ من تەنیا ئەو کاتانە لە
ماڵم کە میوانم هەیە. وەختێ دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم لە شەواندا گڵۆپەکان داگیرساون،
سەیارەکان لایتەکانی پێشەوەیان داگیرساون. هەست دەکەم زۆر بەهێزم کە لە هیچ شتێک
ناترسم.
ئەوە نەبێ کە ئێستا لە
خەم و پەژارەمەوە ڕێ دەکەم کە وەک ئەوە وایە بە دەم خەوەوە ڕێ بکەم. گەرەکمە بزانم
ئەمە هەڵەی کێ بوو. بۆ هیچ کەسێ هیچ شتێ ناڵێ؟ بۆچی پێمان ناوترێت کە کێ وای کرد؟
بۆچی نابرێنە بەردەم دادگا؟
سڵاو لە هەرچی گوڵی سەر
قەبرەکەی هەیە دەکەم، هەموو لاسک و قەدە چکۆلەکان. 'ئیوەی ئەی گوڵەکان لەوێوە دێن؟
لای ئەوەوە دێن؟ لای کوڕەکەی منەوە دێن.'
سەرچاوە: http://granta.com/
