کوردانی سووریا چۆن خۆیان بەڕێوە دەبەن
![]() |
| شەڕڤانێکی یەپەژە |
مێریدیس
تاکس
لە
ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
مۆدێلێکی
نوێی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکانی باکووری سووریا وا خەریکە شکڵ
دەگرێ. ڕۆژئاڤا، وەک خۆی کە ناسراوە، لە سێ کانتۆن پێک دێ کە دەکەونە بەشی
ڕۆژئاوای خاکی دابەشکراوی لە مێژینەی کوردانی دابەشبووی سەر وڵاتی ئێران، عێراق،
سووریا و تورکیا. بە گوێرەی یەکسانیی کۆمەڵایەتی، فرە نەتەوەیی و
دژەڕەگەزخوازی، ڕۆژئاڤا شوێنێکە لە چاو پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ڕووی
ئیقیلیمییەوە لە پێشترە، بە تایبەت وەختێک مەسەلە دێتە سەر پێشکەوتنی ژنان.
لە
ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ـەوە هۆش و سەرنجی دەستەجەمعیی وڵاتانی ڕۆژئاوا کەوتە سەر ڕۆژئاڤا،
لە کاتێکدا شەڕڤانەکانی ئەو ناوچەیە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی
پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕۆڵێکی سەرەکی و سەنتەرییان گێڕا لە وەدەرنان و
پاشەکشەپێکردنی دەوڵەتی ئیسلامی یان داعش لە کۆبانێ، شارێک کە
دەکەوێتە باکووری سووریاوە. چاودێران تێگەیشتوون لە دوو خەسڵەتی ئەو کۆمەڵەیە؛
یەکەم، سەرکەوتنیان لە دژی داعش، لە کاتێکدا ئەمەریکا پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکانی
عێراق و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای دەکرد بۆ تێکشکانیان و نەیانتوانی داعش
تێکبشکێنن، دووەمیش، دەرکەوتنی شەڕڤانە ژنەکان لە ڕیزەکانیان.
لە
سەروەختی دووەم جەنگی جیهانیدا، گەریلا ژنەکان لە ململانێ و شەڕوشۆڕی
جیهاندا بەشدارییان کرد و بوونە بەشێک لە سوپای وڵاتان. ئەگەرچی هێشتا زۆربەی
گرووپە میلیشیاییەکان ژنانیان تەنیا لەبەر ئەوە ناونووس دەکرد و دەیانخستە
ڕیزەکانیانەوە کە پێویستیان بە سەربازی زیادتر هەبوو، نەک لەبەر ئەوەی ویستبێتیان
ژنان بکەنە خاوەن هێز و دەسەڵات، بڕێکی زۆر کەمیشیان یەکسانیی ژیانیان کردە لەپێشینە
هەر ڕێک وەک کوردانی سووریا و تورکیا.
بەهەر
حاڵ، جەختی ڕۆژئاڤا لەسەر ڕۆڵی سەرکردایەتیی ژنان، تەنها گلدانەوەیان نییە
لە ڕیزی شەڕڤان و هێزەکانیان. بەڵکو بەشداریپێکردنیانە لە دیدگای بەرفراوانتری
کۆمەڵگەی کوردیدا. لە سەتا چلی ئەندامانی هەیکەلی هەر کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و حوکمداری
لە ڕۆژئاڤا دەبێ ژنان بن. لە هەمان کاتدا و وەکیەک، ئۆرگانە
خۆبەڕێوەبەرییەکان، پرۆژە ئابوورییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ بە
سیستمی هاوسەرۆکایەتی (لە ژن و پیاو) بەڕێوە ببرێن. سەرەڕای ئەوەی پارتی
یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە ڕۆژئاڤا دەسەڵاتدارن و کوردەکان زۆرینەی
دانیشتووانەکەی پێک دێنن، ڕۆژئاڤا، نیشتمانی ژمارەیەک پارتی سیاسیی و گەلی
دیکەشە. تاکە کۆمەڵگەیە لە هەرێمەکەدا کەڵک لە بیر و هێزی تەواوی دانیشتووانەکەی
خۆی وەردەگرێ و ئەمەش بەهێزی کردووە. ئاخۆ ژنان چۆن لە گەرمەی جەنگێکدا ئەوەندەیان
هێز هەیە و دەتوانن بە زیندوویی بمێننەوە؟
ڕیزپەڕییەکی
هەرێمی [هەرێمێکی شاز]
داستانەکە
لە ساڵی ١٩٧٨ لە تورکیاوە دەست پێ دەکا، ئەوکاتەی پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە) دامەزرا بۆ دەفعی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. لە ساڵانی سەرەتای
یاخیبوونیان لە دژی حکومەتی تورکیا، پەکەکە بە زۆری لە ڕێی گەریلا
پیاوەکانەوە سەرکردایەتی دەکرا و بەڕێوە دەبرا. بەڵام سەرکرایەتیکردن و
بەڕێوەبردنی پەکەکە لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا گۆڕدرا، ئەو کاتەی بەرهەڵستیی
شارستانیی فراوانتری کوردی لە شارەکانی تورکیادا سەری هەڵ دا و چالاکوانە کوردەکان
دەستیان دایە هێزی فشار و نوێنەرایەتیکردن لە ڕێی پارتێکی پەرلەمانییەوە، پارتی
ڕەنجی گەل (هەپ). ئەمجارەیان هەردوکیان بەرخۆدانیان کرد، ژنان وەک سەرۆک
خزمەتیان کرد. لەیلا زانا، ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی (هەپ)، هێشتا هەر
لە پەرلەمانی تورکیادا خەبات و خزمەت دەکا.
لە
ساڵی ١٩٩٣ـدا، بە پێی قسەی ئالیزا مارکوسـی ڕۆژنامەنووس، یەک لەسەر سێی
ئەندامە نوێیەکانی پەکەکە ژن بوون: زۆرێک لەو ژنانە لە ڕێی سەکینە جانسز،
یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، هێنرانە ناو پەکەکەوە. لە ساڵی ١٩٩٥ـدا، پەکەکە
هێزێکی شەڕڤانی ژنانی دامەزراند، کە ئێستا پێی دەگوترێ یەکینەکانی ژنانی ئازاد-ستار
(یەژەئا - ستار). بڕیاری دامەزرانی هێزە شەڕڤانەکە ڕوونە کە وەک مۆدێلێک بۆ
ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان ''لە هەموو کەرتەکانی ئابووری، هەموو دامەزراو و دەزگا
کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت لە کایەی کەلتووری و ڕۆشنبیریشدا'' کار و خزمەت دەکا. ئەو
دەستوورە بە تایبەت لێدانە لەو ڕاستییەی کە، لە کوردستانی خێڵەکیدا، ژنان ملکەچ و
پاشکۆ بوونە- لە ڕێی کردەوە ڕق و کینەئامێزەکانی دەرهەق بە ژنانەوە، ئەوەی پێی
دەڵێن کوشتن لەسەر شەرەف، گۆشەگیرکردنیان بەزۆر و زۆر بەزوویی بەشوودانیان- کە لە
دێر زەمانەوە نۆرمی کۆمەڵایەتی بوونە. بۆ زۆرێک لە ژنانی کورد، جێهیشتنی ماڵباتیان
و چوونە ناو کۆمەڵەیەکی شۆڕشگێڕییەوە وەرچەرخان و پچڕانێکی ئێجگار گەورەیە لە
دابونەریتی باوکسالاری. شەڕڤانە ژنەکان بەم جۆرە سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی
ئازادکردنی ژنانیان لە تەواوی کۆمەڵگەی کوردیدا کرد.
هەندێک
لە سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا، وەکوو ساڵح موسلیمـی هاوسەرۆکی پەیەدە،
لە بنەڕەتدا ئەندامی کوردانی سووریای ناو پەکەکە بوون، هەروەها زۆرێک لە
بیرۆکە و مۆدێلەکان کە لە ئێستادا لە ڕۆژئاڤا پەیڕەویی لێ دەکرێ بۆ یەکەمین
جار لە تورکیا تاقی کرابوونەوە. لە ساتەوەختی دامەزراندنی پەیەدە لە
ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، ئازادکردنی ژنان بەشێک بووە لە کارنامەی پارتەکە. پەیەدە
(یەکێتیی ستار)ـی دامەزراند، هێزی شەڕڤانیی ژنانیان بوو لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا. لە ساڵی
٢٠١٢ـدا، لە کاتێکدا بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا پاشەکشەی بە هێزە
سەربازییەکانی خۆی کرد لە زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری سووریا و کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤا
بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو بوونە خۆبەڕێوەبەری، ئەندامانی ژنانی پەیەدە
دەستیان کرد بە ڕێکخستن و بەرخۆدانی زیاتر و بەرگری و شەڕی ژنانیان کرد بە بەشێکی
بنچینەیی و تەواوکەری جەنگی دژی داعش. ڕێکخراوەکە دەستی کرد بە هێنانەناوەی
ئەندامی زیادتر لە کۆمەڵە و نەتەوەکانی ترەوە؛ لە ناویشیاندا ئاشوورییەکان و
عەرەبەکان و ئێزیدییەکان.
![]() |
| دوو شەڕڤانی یەپەگە لە کۆبانێ، سووریا، جەنیوەریی ٢٠١٥ - عوسمان ئۆرسال، ڕۆیتەرز |
کۆمەڵەکە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا ناوی خۆیان گۆڕی بۆ کۆنگرەی ستار، خۆیان وەک چەترێکی ڕێکخراوەییی بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژئاڤا وەسف و ناودێر دەکەن. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، کۆنگرەی ستار لە ژمارەیەک ڕێکخراو پێک دێت، بە کۆمۆنەکانی ژنان ناسراون، کە ئەمانیش هاوشانی یەکدی لە کۆمۆنەکاندا هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ لەگەڵ هاوکارە پیاوەکاندا لە دۆزگەلێکی وەکوو هاوبەشیی دەسەڵات و کەڵکوەرگرتن لە فەزای گشتی. کۆمۆنەکانی ژنان چاو و جەختیان لەسەر نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، بەزۆر بەشوودان و هەروەها بەرەوپێشبردنی پرۆگرامەکانی ئابووری و تەندروستیی ژنان، لە میانی کارەکانی دیکەیان؛ لە زۆر حاڵدا، ئەوانی ژنان دەسەڵاتیان بەسەر هاوکارە پیاوەکانیشدا هەیە و دەتوانن بڕیارەکانیان هەڵبوەشێننەوە. کۆمیتە باڵاکانی کۆنگرەی ستار لە پێنج کایەدا کار دەکەن و بەڕێوەی دەبەن: پەروەردە، بە تایبەت پەروەردەی لاوان و پۆلەکانی خوێندن؛ تەندروستیی گشتی، لەناویشیدا کلینیکی تایبەت بە ژنان هەیە؛ ئابووری، لەناویشیدا بەڕێوەبەریی هەرەوەزی؛ چارەسەریی کێشەی کۆمەڵانی خەڵک، لە ناویشیاندا نێوەندگیری و بەڕێوەبەریی شێڵتەرەکانی قوربانیانی دەستی خێزان؛ هەروەها بەرگریکردن لە هاووڵاتیان، کە ئەمەش لە پلاتفۆرم و سیاسەتی پەیەدەدا چەق و ئەساسییە بە تایبەتیش بۆ کۆنگرەی ستار. لە ڕۆژئاڤا ژنان سێ هێزی بەرگرییان هەیە: یەپەژە، کە ئەرکیان شەڕە لە دژی دوژمنی دەرەکیی وەکوو داعش؛ هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان و هێزەکانی بەرگریی شارستانی، ئەرکی ئەوانیش دەستەبەرکردنی ئەمن و ئاساییشی ماڵەکانە، لەناویشیاندا دۆزەکانی توندوتیژیی دژی ژنان.
خۆبەڕێوەبەری
و دیمۆکراسی
سەرهەڵدانی
کاریگەریی ژنان لە کوردستانی سووریا بەشێکی سەرەکی و بنچینەی شێوەگۆڕانی سیاسەتی
کوردییە لەوێ و لە تورکیاشدا. بە پێچەوانەی کوردانی عێراقەوە، کوردانی سووریا و
تورکیا خۆیان لە ناسیۆناڵیزم دوور خستووەتەوە و تێیان پەڕاندووە. لە جیاتیی ئەوە ئەوان
خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی دەخوازن لەژێر سایەی ڕێگەچارەی فێدراڵیزمدا. بیری درێژمەودا
دەستەبەرکردنی دەستوورێکی دیمۆکراتی و لامەرکەزییە کە ئەمەش دابینکەری
خۆبەڕێوەبەرییەکی ناوچەیی و پارێزگاریکردنە لە مافەکانی مرۆڤ. (ئەم گۆڕانە
هاوتەریب درێژ دەبێتەوە لەگەڵ شۆڕشە ئایدۆلۆژییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆکی
زیندانیکراوی پەکەکە، کە لایەنگری کۆنفێدراڵیزمی دیمۆکراتییە، زاراوەیەکی
سیاسی کە خۆی دایهێناوە.)
لەبەر
ڕۆشناییی ئەو شەڕوشۆڕ و ئاژاوەیەی ئێستا ناوچەکەی گرتووەتەوە، دیدگای ڕۆژئاڤا
بۆ فێمینست، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کۆمەڵگەی دیمۆکراتی دەشێ ڕاستەقینە و کردەیی نەدا
بە چاوەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرنەکەوتنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی
ناوخۆییی سووریا دەرخەری ئەوە بوون کە توانای دیپلۆماسیی بۆ سنووردانان و
کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەلایەن کەسایەتییە نادەوڵتییەکان [واتە ئەو کەسانەی لە
ناوخۆی سووریادا نین] هەڵایساوە و لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئابوونەی دابین
دەکرێ، هەروەها لە دەیەکانی ئەم دواییانەشدا، چەند مۆدێلێکی کەمی سیاسی لە
ناوچەکانی کوردستاندا هەن کە داخوازی و بەڵێنی ئاشتی و یەکسانیی نێوان خەڵک دەدەن
کە وەک کوردەکان خۆیان بە دیمۆکراتیکی خۆبەڕێوەبەری ناوی دەهێنن.
هەتا
ئێستا، ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی کورت-مەودا لەگەڵ کوردانی سوریا مامەڵەی کردووە
و پشتیوانی سەربازیی کردوون، بەڵام پشتیوانیی سیاسی و ئابووری نا؛ واشنتن
سوور بوو لەسەر ئەوەی کوردانی سووریا بەشداری لە گفتوگۆکانی جنێفدا بکەن بۆ
کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سووریادا. ئەم ڕێگە و خۆلەقەرەدانە هەڵەیە. لە ساڵانی
١٩٩٠ـەکانەوە، ئەمەریکا خۆی وەکوو بەریگریکاری ژنان و کەمینە ڕەگەزەییەکان داناوە.
کوردانی سووریا بە کردەوە خەریکی شکڵدانن بە فۆڕمێکی دیمۆکراسی کە خۆی نزیک دەخاتەوە
لە یەکسانیی جێندەری و دژی ئەو بیرۆکەکانەیە کە دەڵێ هەموو مافە نەتەوەیی و
نەژادییەکان بۆ خۆم و ئەوانی تریش هیچ. بە ڕەچاوکردنی ئەو شتانەی کوردانی سووریا ڕایانگەیاندووە
دەیخەنە ئەستۆی خۆیان، ئەمەریکا پێویستە مەیلی پشتگیریکردنی ئەو کۆتایی و
ئامانجانەی هەبێ.

