التخطي إلى المحتوى الرئيسي

سەگەکەم نازانێ من مرۆڤم

پانزە کورتە چیرۆکی لیدیا دەیڤس


لیدیا دەیڤس


هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی



پارە

هیچی تر دیاری، کارتی بۆنە، پەیوەندیی تەلەفۆنی، خەڵات، جلوبەرگ، هاوڕێ، نامە، کتێب، یادگاری، بەچکە پشیلە، گۆڤار، خاک، مەکینە، خانوو، سەرگەرمی، شەرەف، خەبەری خۆش، شێو، خشڵ و زێڕ، بۆنە و ئاهەنگ، گوڵ یان برووسکەم ناوێ. من تەنها پارەم دەوێ.




پیاوێکی ڕابردووی ژنێک

من وادەزانم دایک هێواش هێواش دەڕژێتە پیاوێکەوە کە هیی ڕابردوویەتی و باوک نییە. بە خۆم دەڵێم: دایک هیچ پێویست ناکا پەیوەندییەکی ناپەسەند و چەوتی لەگەڵ ئەم پیاوە ''فرانز''ـدا هەبێ! ''فرانز'' کابرایەکی ئەورووپایییە. من دەڵێم ئەو نابێ نالەبارانە ئەم پیاوە ببینێ لە کاتێکدا باوک لێرە نییە و دوورە! بەڵام ئێستا من بە هەقیقەتێکی کۆن و هەقیقەتێکی نوێ سەرم لێ شێواوە: باوک بە تەما نییە بگەڕێتەوە ماڵ. ئەو بە تەمایە لە ڤێرنۆن هاڵی کەنەدا بمێنێتەوە. هەرچی دایکیشە، تەمەنی چلونۆ ساڵانە. چۆن دەکرێ پەیوەندییەکی ناپەسەند لەگەڵ ژنێکی چلونۆ ساڵاندا ببەسترێ؟ هێشتایش سەرلێشێواوییەکەم دەبێ ئەمە بێ: ئەگەرچی بە جەستە پیرە، قودرەتی ئەو بۆ ناپاکی و خیانەت هێشتا ساز و لاوە.




خۆشەویستیی بێوەی

ژنە لەگەڵ پزیشکی منداڵانی کوڕەکەیدا لە پەیوەندیی خۆشەویستیدا بوو. بەتەنیا لەو دەرەوەی شارە- هەمووان دەیانتوانی تانە و تەشەری شوێن بخەن.
لایەنێکی بە تین و تاوی دڵخۆشکەر لەم خۆشەویستییەدا هەبوو. هەر وەتر خۆشەویستییەکەش بێوەی بوو. پیاوە لە دیوێکی دیکەی سەنگەرێکدا بوو. لەنێوان پیاوە و ژنەدا: منداڵەکە لەسەر مێزی پشکنین، ئۆفیسەکە خۆی، کەلوپەلەکان، ژنی پیاوەکە، پیاوی ژنەکە، بیستۆکی پزیشکیی پیاوەکە، ڕیشی پیاوەکە، مەمکی ژنەکە، چاویلکەی پیاوەکە، چاویلکەی ژنەکە، هەر وا بێتەوە زۆر شتی تریش.




دایکەکە
کچەکە چیرۆکێکی نووسی. دایکی گوتی ''بەڵام چەند باشتر دەبوو ئەگەر ڕۆمانێکت نووسیبا.'' کچەکە ماڵێکی منداڵانەی دروست کرد. دایکی گوتی ''بەڵام چەند باشتر دەبوو ئەگەر ماڵێکی ڕاستیبایا.'' کچەکە سەرینێکی چکۆلەی بۆ باوکی دروست کرد. دایکی گوتی ''بەڵام نابێ سەرین و بالیف تۆزێ ڕاستیتر بن؟'' کچەکە لە باخچەکەدا چاڵێکی چکۆلەی هەڵکەند. دایکی گوتی ''بەڵام چەند باشتر دەبوو ئەگەڵ ئەگەر چاڵێکی گەورەت هەڵکەندبا.'' کچەکە چاڵێکی گەورەی هەڵکەند و چوو لەنێویدا خەوت. دایکی گوتی ''چەند باشترە ئەگەر تا هەتایە خەوتبیت.''


سوسی براون دەبێ بچێ بۆ نێو شارۆچکەکە                              
سوسی براون دەبێ بچێ بۆ نێو شارۆچکەکە. دەبێ بچێ بۆ نێو شارۆچکەکە بۆ فرۆشتنی شتەکانی. سوسی براون دوور دوور دەڕوا. حەزی لێیە دۆشەكە شاژنانەییەکەی بفرۆشێ. ئایا ئێمە دۆشەکە شاژنانەییەکەی ئەومان دەوێ؟ ئایا ئێمە دەوڵەتی عوسمانیی ئەومان دەوێ؟ ئایا ئێمە تڕوتفاقی حەمامی ئەومان دەوێ؟
کاتی ئەوەیە ماڵئاوایی لە سوسی براون بکەین. ئێمە خۆشییمان لە هاوڕێیەتیی ئەو بینیوە.
ئێمە خۆشیمان لە وانەکانی تێنس لەوەوە وەرگرتووە.



سیانزەیەمین ژن

لە شارۆچکەیەکی دوانزە ژنیدا سیانزەیەمینیش هەبوو. هیچ کەس دانی بە بوون و ژیانی ئەو لەوێدا نەنا، هیچ نامەی بۆ نەهات، کەس قسەی لەبارەوە نەکرد، کەس هەواڵی نەپرسی، کەس نانی پێ نەفرۆشت، کەس هیچی لێ نەکڕی، کەس سەرنجی نەدا و لای بەلایدا نەکردەوە، کەس تەقەی لە قاپیی ماڵەکەی نەدا؛ باران بەسەر ئەودا نەباری، خۆر قەت بەسەر ئەودا پرشنگی نەدا، ڕۆژ قەت لای ئەو ئاوا نەبوو، شەو قەت دانەهات؛ حەفتەکان بۆ ئەو تێنەپەڕین، ساڵەکان خلۆر نەبوونەوە؛ خانووەکەی ژمارەی لێ نەدرابوو، کەس باخەوانیی باخەکەی نەکرد، ڕێگەکەی پێی تێ نەخرا، تەختەخەوەکەی کەس لەسەری نەخەوت، خواردنەکانی نەخوران، جلەکانی لەبەر نەکران؛ ئێستایش سەرەڕای ئەو هەموو شتە ژنە بەردەوامە لە ژیان لە شارۆچکەکەدا بەبێ بێزاربوون لەو شتانەی بەسەریدا دێن.



عەشق

ژنێک کەوتبووە داوی عەشقی پیاوێکەوە کە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر مردبوو. بۆ ژنەکە بەس نەبوو تەنیا کۆتەکانی پیاوەکە بە فڵچە بشوا، شووشەی مەرەکەبەکەی بسڕێ، پەنجە بێنێ بە شانەکەی قژیدا: ژنە دەبوو ماڵەکەی لەسەر گۆڕی پیاوەکە دروست بکا و شەو دوای شەو لە ژێرژەمینە شێدارەکەدا لەگەڵیدا دابنیشێ.



کێشە

(هـ) لەگەڵ (و)وە، بەڵام بە پارەی (ی) دەژی. (و) خۆی پاڵپشت و کۆڵەکەی (ن)ـە، کە لەگەڵ منداڵەکەیدا لە سایەی (ک)ـەوە دەژی. (ک) دەیەوێ بڕوا بۆ شیکاگۆ بەڵام منداڵەکەی لە نیو یۆرک لەگەڵ (ن) دەژی. (ن) ناتوانێ بڕوا لەبەر ئەوەی پەیوەندیی هەیە لەگەڵ (ق)، کە ئەویش منداڵەکانی لە نیو یۆرک دەژین، هەرچەندە لەگەڵ (ل)ـی دایکیاندان. (ل) پارە لە (ق) وەردەگرێ، (ن)ـی ژن پارە لە (و) بۆ خۆی و پارە لە (ک) بۆ منداڵەکانیان وەردەگرێ. (هـ)ـیش پارە لە (ی) وەردەگرێ. (هـ) و (و) بە یەکەوە منداڵیان نییە. (ک)ـی پیاو بە دەگمەن منداڵەکەی دەبینێ بەڵام هەموو شتێکی بۆ دەستەبەر کردووە. (ق) لەگەڵ منداڵی (ن) دەژی بەڵام هیچی بۆ دەستەبەر نەکردووە.


لە شەمەنەفەردا
ئێمە یەکمان گرتەوە، ئەو و من، هەرچەندە غەریبەکان، بەرانبەر ئەو دوو ژنەی بەردەممان بێ بڕانەوە و بە دەنگی بەرز لەمبەر بۆ ئەوبەری ڕاڕەوی نێوان دوو ڕیزەکە بۆ یەکتری قسەیان دەکرد. ڕەفتاری خراپ.
دواتر لە عانی گەشتەکەدا چاوم وەرگێرایە سەر وی (لەوبەری ڕاڕەوەکە) دەستی لە لووتیدا بوو و چڵمی ڕەقبووی دەردەهێنا. هەرچی منیشە، خەریکبووم تەماتەی لەفەکەمم دەچۆڕاندەوە سەر ڕۆژنامەکە. خووی خراپ.
من باسی ئەمەم نەدەکرد ئەگەر هاتبایە و ئەوە من بووبایەم کە دەستم بە لووتمدا بکردایە و چڵمی ڕەقبووم دەربهێنایە.
هەمیسان سەیرم کردەوە و هێشتا هەر دەستی لە لووتیدا بوو.
هەرچی سەبارەت بە ژنەکانیشە، ئێستا ئەوان پێکەوە و بەتەنیشت یەکەوە دانیشتوون و بێدەنگ دەخوێننەوە، پاک و خاوێن و ڕێکوپێک، یەکیان کتێبێک، یەکیان گۆڤارێک. هیچ خەتایان نییە و لۆمە ناکرێن.


مایڵدڕێد و زووڕنا

دوێنێشەو مایڵدڕێد، دراوسێکەم لە نهۆمی خوارەوە، بە زووڕنایەک دەسپەڕی کرد. زووڕناکە خیسەخیس و زیقەی دەهات لە قوزیدا. مایڵدڕێد ناڵاندی. دواتر، کە پێم وابوو ئاوی هاتووەتەوە، دەستی کرد بە ئاهـ و ئۆف. بە کتێبێکەوە لەمەڕ هیندستان لەسەر تەختەخەوەکەم پاڵکەوتبووم. دەمتوانی هەست بەو خۆشییەی بکەم کە لە نهۆمی خوارەوە وەک هەڵم بەرز دەبوویەوە بۆ ژوورەکەم. بێ گومان دەشێ چەند  ڕوونکردنەوەیەکی دیکەیش هەبن لەسەر ئەوەی گوێم لێی بوو. ڕەنگە ئەوە زووڕنا نەبووبێ بەڵکوو زووڕناژەن بووبێ کە خەریک بووە ژەنیویەتییە مایڵدڕێد. یاخود دەشکرێ خەریک بووبێ بە شتێکی باریک، شتێک وەک زووڕنا، لە تووتکە سەگە تووڕە و تۆسنەکەی دابێ.
ئەو مایڵدڕێدەی دەقیژێنی لە خوار منەوە دەژی. سێ ژنی لاوی خەڵکی کۆنێکتیکەتیش لەسەروو منەوە دەژین. ئینجا لە نهۆمی زەوینییش خانمێکی پیانۆژەن هەیە و چەند پانپانۆکێکەرێکیش لە قاتی خواری خوارەوە. من کەسێکی خۆپارێزم، دایکێک، حەزیشم لێیە زوو بچمە نێو تەختەخەو و بخەوم-بەڵام چۆن دەکرێ لەم بینایەدا ژیانێکی بێ دەریدیسەری بژیم؟ ئێرە مەیانی ئەو قوزانەیە کە گڕیان لێ هەڵدەستێ و لیپاولیپن لە ئاو: سیانزە قوز و یەک کێر، ئەویش هیی کوڕە بچووکەکەم.



سەگ و من
مێروولەیەکیش دەتوانێ بۆت بگەڕێ، تەنانەت دەشتوانێ بە شاخە هەستیارەکانی زیڕەت پێ بکا. بێ گومان، سەگەکەم نازانێ من مرۆڤم، ئەو من وەکوو سەگ دەبینێ، ئەگەرچی من بەسەر پەرژیندا بازبازێن ناکەم. من سەگێکی دڕ و بەهێزم. بەڵام کە بەتەنیا بە ڕێگەدا دەڕۆم دەمم داناپچڕم و حانکەحانک ناکەم. تەنانەت لە ڕۆژە گەرمەکانیشدا، نایەڵم زمانم لە زارم دەربێ. بەڵام بە سەگەکە دەوەڕم: ''نەو! نەو!''


یادداشتەکان لە کاتی قسەکردنێکی تەلەفۆنیی دوورودرێژ لەگەڵ دایک

بۆ هاوین - پێویستی بە
عەزییەکی قەشەنگ هەیە – کەتان
کەتان    ناتەک
          کەنات
          تانەک
تاکەن
تاکنە     تاکنە
کەتنا
کەنتا
  
لە خانوویەکی گەمارۆدراودا   

لە خانوویەکی گەمارۆدراودا پیاوێک و ژنێک دەژیان. لەو شوێنەی موبەقەکەوە کە پیاوەکە و ژنەکە دەستەوئەژنۆ دانیشتبوون چەند دەنگێکی وەکوو تەقینەوەی چکۆلەیان گوێ لێ بوو. ژنەکە گوتی ''با.'' پیاوەکە گوتی ''ڕاوچییەکان.'' ژنەکە گوتی ''باران.'' پیاوەکە گوتی ''سوپا.'' ژنەکە ویستی بچێتەوە ماڵەوە، بەڵام ئەو هەر لە ماڵەوە بوو، لەوێڕا لە ناوەڕاستی شارێکدا لە خانوویەکی گەمارۆدراودا.


دوو سەرخۆش

ژنە سەرخۆش بوو کە نانی ئێوارەی لێنا، بۆیە هەموو خواردنەکەی سووتاند. پیاوە سەرخۆش بوو کە نانی خوارد، هەر گوێشی نەدایە.



شتە ونبووەکان

شتەکان ون بوون، بەڵام ونیش نەبوون بەڵکوو لە شوێنێکی تری ئەم جیهانەدان. زۆربەی زۆریان شتی چکۆلەن، ئەگەرچی دوانیان گەورەترن، یەکیان قاپووتێک و یەکیشیان سەگێک. لە شتە چکۆلەکانیش، یەک ئاڵقەیەکی دیاریکراو، یەک قۆپچەیەکی دیاریکراو. ئەوان لە من و ئەو شوێنەی لێیم ون بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەواو لەناو نەچوون. ئەوان لە شوێنێکی ترن، لەوێ لای کەسێکی ترن، ڕەنگە وابێ. بەڵام ئەگەر لای کەسێکی تر نەبن، ئاڵقەکە، هێشتا، لە خۆی ون نەبوونە، بەڵکوو لەوێیە، تەنیا لەو شوێنە نییە کە منی لێم، قۆپچەکەش، لەوێیە، هێشتا، تەنیا لەو شوێنە نییە کە منی لێم. 


المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان     وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین. هاروکی موراکامی هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.'' لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا ...

ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی

ڤاسیلی پیرۆڤ، پۆرترێتی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، ١٨٧٢ ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشتی و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبێتن. توانا سەیروسەمەرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک [ڕاسکۆلینکۆف] یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسەکانیش. دەنگ و دیدگا پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک '' ئی. ئێم. فۆڕستەر '' بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و ڕۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.'' لەم بابەتەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکی مان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە: ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا ساڵی ١٨٣٧، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆر ی لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ . خولقوخووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبو...

کوردەکان گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێکرد

یووست هیڵتەرمان * وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان لە ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لا...