![]() |
| سوزان سۆنتاگ |
ئامادەکردن و وەرگێڕان:
هەژار عوسمان
سوزان
سونتاگ لە کتێبی ''وەکوو هۆش کە بە گۆشتەوە گیر دراوە: ڕۆژانەنووسین و پەراوی
تێبینییەکان ١٩٦٤-١٩٨٠''ـدا دەڵێت:
من ئێستا لە بەرزاییەوە دەنووسم - هەست بە جۆرێک لە دەروون بڵیندیی نیتچەیییانە دەکەم. ئەم هەستە هێزم دەداتێ. دەمەوێت بەسەر هەموواندا بقیژێنم. دەمەوێت ناڕەزایی لە هەمووکەسێک دەرببڕم. بە پێکەنینەوە بنەڕێنم و قرمە لێ بدەم.
سۆنتاگ نووسەران بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکات
و دەڵێت:
دوو جۆر نووسەر هەن. ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە ئەم ژیانە هەموو ئەو شتەیە کە هەیە و دەیانەوێت وەسفی هەموو شتێک بکەن: ڕووخان، شەڕ، لەدایکبوونی منداڵ، پێشبڕکێی ئەسپ. ئەوە تۆڵستۆییە. هەروەتر ئەو جۆرەی وا بیر دەکەنەوە ئەم ژیانە وەکوو تاقیکردنەوەیەکە لەسەر ئەرز (سەبارەت بەو شتانەی ئێمە نایانزانین و بینینی ئەوەی بەشەر چەندە بەرگەی خۆشی و ناخۆشی دەگرین و ئازار و ئێش چییە؟) و دەیانەوێت تەنیا وەسفی شتە پێویست و بنەڕەتییەکان بکەن. ئەوە دۆستۆیڤسکییە. چۆن کەسێک بتوانێت وەک ت. پاشان د. بنووسێت؟ مەسەلەکە ئەوەیە بتوانیت چاک وەک د. لەبارەی دەروونەوە بنووسیت.
سونتاگ لە بارەی ئەوەی چۆن ببیت بە نووسەرێکی
مەزن دەڵێت:
هەموو شتێک لەبارەی ئاوەڵناوەکان و خاڵبەندی و ڕیتمەوە بزانە - زانینی ئەمانە خاوەندارێتیی ڕاستەقینە لە نووسەردا دەخولقێنێت.
ئەم
دێڕانەی بە دوای ئەو سێ پاراگرافەی سەرەوە دێن؛ دێڕبژێری بۆچوونە مەزنەکانی سونتاگن
لەمەڕ نووسین - ئەو دێڕانەی لەبارەی نووسینەوەن- و لە کتێبی ''وەکوو هۆش کە بە
گۆشتەوە گیر دراوە: ڕۆژانەنووسین و پەراوی تێبینییەکان ١٩٦٤-١٩٨٠''ـەوە بژێر
کراون:
·
نووسین دەرگەیەکی بچووکە. هەندێک
خەیاڵات، هەندێک شتومەکی گەورەی پێدا ناڕوات.
·
هیوادارم بەقەدەر ئەوەی هەست بە سێکس
دەکەم هەست بە نووسینیش بکەم!
·
بابەتە مەزنەکان: بۆ خۆیان بەدوای
موتەعالیبووندا دەگەڕێن. بۆ نموونە؛ جەنگ و ئاشتیی لیۆ تۆڵستۆی.
·
کافکا دوایین نووسەری ئەدەبی جیددییە و
چ کەسێک ناتوانێت بەو ڕێیەدا گوزەر بکات.
·
پێموایە ئامادەم فێر ببم چۆن بنووسم.
لەگەڵ وشەکاندا بیر دەکەمەوە، نەک بیرۆکەکان.
·
نووسین تەنها جێگرەوەی ژینە.
·
نووسین بە زمانی فەرەنسی وەک ئینگلیزی
نییە؛ زمانێکە دەشکێت ئەگەر بتەوێت بینووشتێنیتەوە.
·
نووسەر دەبێ وەکوو وەرزشوان هەموو ڕۆژێ
مەشق بکات.
·
نووسینەکانم تەواو تاریک و ڕەقن.
·
تەنها چیرۆکێک کە شایان بە نووسین بێت
ئەو نووسینەیە کە دەگری، تەقە دەکات و دەزریکێنیت. چیرۆکێک کە پێویستە دڵی خوێنەر
بشکێنێت.
·
چیرۆک پێویستە دەمارێک لەناو مندا
ببڕێت. دڵم دەبێت بێتە دەرەوە کاتێک یەکەم دێڕی لە مێشکمدا چەسپ دەبێت.
·
نووسین زنجیرەیەک گۆڕانی تەواوە. ئەرکی
نووسین تەقاندنەوەی بابەتی کەسێک یان شتێکە و گۆڕینیەتی بۆ شتێکی دیکە.
·
نووسین واتە گۆڕانکاریی لە
لاساییکردنەوەی ئەوانی تردا. بۆ نموونە؛ من حەزم لەوە نییە کە دەینووسم. دەی ئەمەش
ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بنووسیت. ڕێگەیەکە کە دەکرێ دەرەنجامی دڵخوازانەی لێ بەرهەم
بهێنرێت.
·
کاتێک نووسین سانسۆری لەسەر نابێت ئەوا
نووسەر هیچ گرنگییەکی نامێنێت. بۆیە ئاسان نییە دژی سانسۆر بیت.
·
کەسێک بۆ ئەوەی بنووسێت دەبێت چاوی
ببەستێت. منیش چاوبەستەکەم ون کردووە.
·
مەترسە لەوەی زۆر پوخت و دەقیق بیت.
·
دەبێت هەموو ڕۆژێک بنووسم. هەرشتێک.
هەمووشتێک. هەموو کاتێک دەفتەرێکی یادداشت لەگەڵ خۆم هەڵدەگرم.
·
زمانی ئەدەب، سەرەڕای زمانی توندوتیژی،
دەبێت زمانی کەیف و سەفاش بێت، زمانێک بێت فشارە دەروونییەکان وردوخاش بکات. تەنیا
ئەرکی ئەدەبیات پەردەهەڵماڵینە لەسەر خود لە مێژوودا.
