چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بێلا تار
![]() |
| بێلا تار |
هەژار عوسمان لە ئینگلزییەوە کردوویە بە کوردی
''ئەسپی
تورین'' بە نیسبەت دەرهێنەری هەنگاری 'بێلا تار'ـەوە کۆتاییە. نەک تەنها کۆتایی
ژیانیەتی وەک فیلمسازێک، بەڵکو کۆتایی هەموو شتێکە.
![]() |
| ئەسپەکەی تورین |
بێلا
تار زۆر جار بەراورد دەکرێت بە دەرهێنەری ڕووسی ئەندرێ تارکۆڤسکی، بەڵام
فیلمەکانی ئەم پێچەوانەی تارکۆڤسکی مامەڵە لەگەڵ غیابی خودا و ناتەواوی لە خەلقدا
دەکەن.
ئەسپی
تورین، چیرۆکی ئەسپێک دەگێڕێتەوە کە چی بەسەر دێت، هەروەها چیش بەسەر ئەو کەسەدا
دێت کە خاوەنی ئەسپەکەیە - 'ئۆهڵسدۆرفەر'ی جووتیار و کچەکەی کە ئێمە لە
فیلەمەکەشدا ناوی نازانین. تەواوی فیلمەکە چیرۆکی وجودی ڕۆژ-دوای-ڕۆژی ئەم دوو
کەسە دەگێڕێتەوە لە کێڵگەیەکی بچووکدا کە تێیدا دەژین. هەموو ڕۆژێک هەمان
ڕووداوەکان و شتەکان دووبارە دەبنەوە: دەرکێشانی ئاو لەبیر، جل لەبەرکردنەوە و
داکەندن، بەزەحمەت داخرانی دەرگای ماڵ بەهۆی ڕەشەبای لە گەردەلوول چووەوە، پەتاتە
کوڵاندن و خواردنی. هەروەها خەوتن و هەستان.
بەدرێژایی
فیلمەکە، کە ١٤٦ خوولەکە، چەند دیالۆگێکی کەم لەنێوان کاراکتەرەکان دەگۆڕدرێتەوە -
لەو کێڵگە چۆڵەدا دوو سەردانیکەریان دەبێت - یەکیان پیاوێکی سەرخۆش و ئەوانی دیکەش
کۆمەڵە قەرەجێکی ڕاگوزەرن.
میوزیکی
فیلمەکە کە وەک بێلا تار خۆیشی لە چاوپێکەوتنەکەدا وەک یەکێک لە کاراکتەرە
سەرەکییەکان باسی دەکات لەلایەن 'میهالی ڤیگ'ـەوە دانراوە. لە فیلمەکەدا ئەسپەکە
ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە بخوا و بخواتەوە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی هیچ کردەیەکی ترادیشناڵی سینەمایی لە فیلمەکەدا نییە و تەواوی
فیلمەکە ٣٠ گرتەی درێژە.
بێلا
تار ئەوەی ڕاگەیاندووە کە هیچی تر فیلم دروست ناکات و بۆ خۆی سەرقاڵی دامەزراندنی
قوتابخانەیەکی فیلم دەبێت لە کرواتیا و کاری بەرهەمهێنانی فیلمە هەنگارییەکان دەکات
لە کۆمپانیای بەرهەمێنانەکەیدا و لەژێر چاودێریی خۆی.
ئەم
چاوپێکەوتنە لەگەڵ دەرهێنەری ''ئەسپی تورین''ـە و قسەکردنە لەسەر فەلسەفەی
فیلمسازیی ئەو و دیدە تاریکەکەی لەمەڕ ژیانەوە.
چ شتێکی
بەسەرهاتەکەی نیتچە سەرنجی ڕاکێشایت؟
لەبیرمە
ساڵی ١٩٨٨٥ بوو [کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو بەسەرهاتەم بیست] ئەم چیرۆکەیان بۆ
گێڕامەوە، کە دەربارەی نیتچە و ئەسپەکەیەتی. بەڵام ئێمە ئەم پرسیارەمان خستە سەر
بەسەرهاتەکە - ئەسپەکە چی بەسەر هات، ئاخۆ چی بەسەر هاتبێت؟ دەزانین فرێدریک نیتچە
چی بەسەر هات بەڵام هیچ لەبارەی ئەسپەکەوە نازانین کە چی بەسەر هاتووە، ئەسپەکە بۆ
من زۆر گرنگ بوو.
بۆچی فۆکەست لەسەر
ئەم ئەسپەیە؟ بۆچی ئەم ئەسپەت هەڵبژارد؟
چونکە
ئەوە بابەتی ڕیاڵە - ئەسپەکە یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکان. لات وایە بەبێ ئەم
ئەسپە، ئێمە خەریکی چی بین؟
بۆچی لە فیلمەکەدا
گرتەی درێژت هەڵبژاردووە؟
کاتێک
کە ئیش بە گرتەی درێژ دەکەیت، لە کامێرادا هەموو شتێک دەتوانیت بکەیت، هەر لە
کامێرادا ئیدیت دەکەیت. بڕین [کەت] ناکەیت، لەبەر تەنگژەی کات، هەروەها تەنگژەی
جووڵە و تەنگژەی دۆخی نێوان ئەکتەرەکان و کامێرا و ئەکتەرەکان و تەواوی شتەکان
پێکەوە، دەتوانیت بە گرتەی درێژ ئیش بکەیت و هەمووان دەبێت بەشێک بن لە بارودۆخەکە
- نەتوانن لێی ڕابکەن. ئەگەر بە گرتەی کورت ئیش بکەیت. هەر ١٥ یان ٢٠ چرکەیەک
دەبێت گرتەیەک بڕوات و ئینجا کەت. ئاوا ئەکتەری داماو بەختی ئەوەی نابێت بەشێک بێ
لە بارودۆخەکە و ئەوەی ئێمە حەزمان لێیە، هەروەها ئەوەی بۆ خۆشم زۆر حەزم لێیەتی.
مەبەستت چییە کاتێک
دەڵێیت ڕیاڵ؟
دەبێت
گوێ بۆ بارودۆخەکە ڕادێریت، دەبێت بەڕاستی گوێ ڕادێریت و بزانیت خەڵک چی لێ دێت،
چی لەژێر مێزەکەدا ڕوودەدات، ئاخۆ هەمووان چییان شاردووەتەوە، لە کۆتاییدا
دەیزانیت.
فیلمەکانت زۆر بایەخ
بە پیشاندانی ژیانی ڕیاڵ-هەقیقەت دەدەن... چۆن خەتی نێوان ڕیاڵ و ڕیاڵی دروستکراو
بۆ بینەرەکانت دەکێشیت؟
دەزانم
کە بەردەوام زەڕب بەسەر سنوورەکاندا دێنم. زەڕب بەسەر هێڵی جیاکردنەوە و دابڕکردندا
دێنم. ئەگەر کۆنسێپت-بیرۆکەیەکت هەبێت ئەوا بەجۆرێک ئەو بیرۆکەیە دروستکراوە -
هەموو کۆنسێپتەکان دروستکراون. کاتێک فیلم دروست دەکەیت ئەوە جۆرێکە لە
لەڕووداوەستان و بەربەرەکانێکردن. کۆنسێپتەکەت، [ئەگەر] هەقیقەت بێ، دەتوانیت
هەندێک شتی لێوە هەڵێنجیت.
چ شتێکی گرنگت لە
دووبارە گێرانەوەی ئەم چیرۆکەدا بینییەوە؟
ئێمە
بەردەوام خەریکی ئەنجامدانی شتە بچووکەکانین، بەڵام هەموو ڕۆژێک هەمان شتەکان
دووبارە دەکەینەوە - تۆش لاواز و لاواتر دەبیت، ڕۆژ دوای ڕۆژ وزەت کەمتر و کەمتر
دەبێتەوە و پیریش دەبیت. تا وای لێ دێت ناتوانیت لە ژیانتدا لەگەڵ هیچ شتێکدا
بژیت، بەردەوام شتەکان دووبارە دەکەیتەوە بە ڕێگەی جیاواز و بەداخ و کەسەرێکی
زۆریشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دەکەوێت و دادەبەزیت، منیش هەروام لێ دێ، هەموو شتێک دەکەوێت
و بەرەو نزمایی دەڕوات.
بۆچی لە فیلەمەکانتدا
ئەکتەری نا-پرۆفێشناڵ بەکاردێنیت؟
من
خۆم کاستی فیلمەکە دەسازێنم، بەردەوامیش گوێ لە کەسایەتیی کارەکاتەرەکان دەگرم،
کەسایەتیی ڕاستەقینەی ئەکتەرەکان، ئەوەی کە خۆیان چۆنن. من تەنیا گوێ لە خەڵکی
دەگرم. بەلاشمەوە گرنگ نییە کە کەسێک پرۆفێشناڵە یان نا، من تەنیا گوێ لە
ئامادەگیی ئەوان دەگرم.
چۆن شوێنی دیمەنی
فیلمەکەت دەستنیشان کرد و لات وابوو چۆن دەبێت؟
دیمەن
دەموچاوی هەیە! لاندسکەیپەکە-دیمەنی شوێنەکەیش یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکان،
هەمان گرنگیی ڕووخساری کاراکتەرەکان و میوزیکەکەی هەیە - کە میوزیکەکەیش بۆ خۆی
زۆر گرنگە و یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکان.
![]() |
| دیمەنی گەڕانەوە بۆ خانووی ناو دەشتە قاقڕەکە |
ڕۆڵی خودا لەم
فیلمەدا چییە؟
خودا
بۆ خۆی ئەم بەزموڕەزمەی خولقاندووە، ئەوەی کە ئێستا ئێمە هەمانە. ئێمە تەنیا
دەمانەوێت پیشانت بدەین کە چۆن بزر دەبین. بەڵام ئەگەر لەبیرت بێ، نیتچە وەڵامی
ئەو پرسیارەی ڕاگەیاندبوو.
وا دیارە کە شتەکان
بەرەو خراپبوون دەڕۆن، لەبەر هۆیەکی ڕووننەکراوە، هەتا کۆتایی، تەنانەت چراکەش
ئیتر ڕووناکی نامێنێ و ئاگردانەکەیش دەکوژێتەوە - لێرە چی دەگوزەرێ؟
هەمان
ئەو شتەیە لە ژیاندا دەگوزەرێ. تاڕادەیەک هەموو شتەکان وێران بوونە و لەناوچوونە.
تەنها هەندێک شت، شتە بچووکەکان نەبێ، کە ئەوانیش لاواز بوونە. نابینیت! پێموایە،
پێموایە جیهان وەک ئەمەیە.
لە چاوپێکەوتنێکدا
وتوتە ''هەموو فیلمەکانم کۆمیدین! بێجگە لە ''ئەسپی تورین'' - ئەمە بۆ وایە؟
لەم
فیلمەدا لەوانی دیکە کەمتر پێدەکەنیت.
بۆچی ئەمە دوایین
فیلمت بوو؟
چونکە
لەماوەی ٣٤ ساڵدا هەموو ئەو شتانەی ویستوومن کردوومن، چیم بوێ تا پیشانت بدەم؟
ئەوەی ویستوومە پیشان دراوە.
تەماشای
تریڵەری فیلمی 'ئەسپی تورین' بکەن:






