التخطي إلى المحتوى الرئيسي

مەرگ تەلەفۆنی بۆ کردم



نۆ تەکنیک وەک پریشک بۆ نووسین
ئەندریو مۆشن


ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان


ئەندریو مۆشن، شای شاعیرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا (١٩٩٩-٢٠٠٩) زیاد لەو چەندان کتێبە شیعرییەی خۆی، کە نوویسونی، چەندان کتێبی نیمچە بایۆگرافیی لەمەڕ شاعیرەکانی دیکەشەوە بڵاو کردووەتەوە، ئەو شاعیرانەی پێشڕەویی شیعری سەردەمی هاوچەرخ دەکەن. سەرڕای ئەوەی مۆشن بۆ خۆی گەیشتووەتە چڵەپۆپە لە ئەدەب و شیعری خۆیدا، هێشتاکونێش بەدوای نووسینی ئەو شیعرەدا دەگەڕێت کە بۆ هەمووان مانابەخش بێت. لە کۆی ئەو شتانەی گوتونی، لە مەڕ نووسین، چەند خاڵێکمان هەڵبژاردووە کە بەگشتی پیشاندەری بۆچوونی ئەون:

١. بڕیار بدە کە بەیانیان (یاخود شەوان) باشترین و گونجاوترین کاتە بۆ تۆ تا تیایدا بنووسیت، هەروەتر ژیانیشت ڕێک بخەیت.
٢. بە هەستەکانیشت بیر بکەرەوە وەک چۆن بە مێشکت بیر دەکەیتەوە.
٣. دەرگا لەسەر تەواوی کارەکتەرەکان/ توخمەکانی نووسین لە ژوورێکدا کڵۆم بدە و پێیان بڵێ کە دەبێ چی بکەن.
٤. لەبیرت بێت شتێک  نییە بە ناوی پووچی یاخود بێمانایی.
٥. ئەم قسەیە ''تەنیا ئەوانەی ئاسایی و سادەن گەشە دەکەن'' لە مێشکتدا دانێ و بەرەنگاری ببەوە.
٦. بهێڵە با نووسینەکەت لەو بازنەیە دەربچێت کە ئاخۆ خزمەت بە شتێک دەکات یان نا.
٧. مەزنانە بیر بکەرەوە و تایبەت بمێنەرەوە.
٨. بنووسە لەپێناو سبەینێدا، نەک ئەمڕۆ.
٩. بە چڕ و پڕی بنووسە و بە جددی کاری بۆ بکە.

ئەندریو مۆشن لە مەڕ نووسینی شیعری عاشقانەوە جارێکیان لە وتارێکیدا جەختی لەوە کردبوویەوە کە ناکرێت شیعری عاشقانە بە فۆڕمە تەقلیدییەکەی جاران، فۆڕمی سۆنێت، بنووسرێت، بەڵکو پێوسیتە ئەو فۆڕمە وەدۆزیت کە گونجاوە لەگەڵ ئەو پەیڤ و شتانەی مەبەستتە بیڵێیت. ئەو پێی وایە دەکرێ شیعری عاشقانە لەسەر شێوەی هایکۆ یاخود پێنج­خشتەکی بنووسرێ، شاعیریش ڕاست و ڕاشکاو بێ. ئەو گوتبووی شاعیر دەبێ هۆشی لەسەر حەقیقەتی ئەو کەسانە جەم بکا کە شیعریان بۆ دەنووسێت.، نەک وایان لێ بکات خۆیان لێ بگۆڕێت و ئایدیاڵ پێشانیان بدات. خوێنەریش پێویستە هەست بکات ئەو شیعرە هیی خۆیەتی و بۆ خۆی نووسراوە، یاخود بڵێ ''ئۆو، ئەوە گوزارشتی منە، ئەو ئەو شتەیە من گەرەکمە بیڵێم و بیکەم لە ئەڤیندا''.

بەتایبەتی، مۆشن دەربارەی نووسینی شیعر بڕوای بە پێنج ڕێسا هەیە کە بۆ خۆی دایناون:
١. لە دڵەوە پەیڤەکان بگوترێن. شاعیران لە سندووقەکانیاندا هەموو چەشنە ڕەوانبێژییەک و پێکهاتەیەکی زمانەوانی و فێڵی زمانیان هەیە - هەر لە ڕەگەزدۆزیی تەواو هەتا ڕەگەزدۆزیی ناتەواو. ئەو سندووقانە بۆیە هەن تا شاعیران لێوەیان شت دەرهاوێن، بەڵام بەهێزیی هەستەکانت دەشێ تووشی لادان بن ئەگەر بێتوو زۆر خۆت وابەستە بە بابەتە تەکنیکییەکانەوە بکەیت.
٢. بەسانایی گوتنی ''خۆشم دەوێی'' یان ''تۆ قەشەنگیت'' دڵخواز نییە. ئەو ئامۆژگارییەی ویلیام کارلۆس ویلیامزت لەبیر بێت (هیچ ڕاستییەک بوونی نییە لەناو شتەکان خۆیاندا نەبێ) کەوایە ورد و تایبەت بە. خوێنەر ڕەنگە ئەو کاتە زیاتر حەز لە شیعرەکەت بکا کە شیعرەکەت ڕایەڵەیەکی لەگەڵ بارودۆخ و هەڵوێست و هەستوسۆزی مرۆڤەکان هەیە.
٣. هەستی گاڵتەوگەپ غەریب نییە بە هەستوسۆزی چڕوپڕ. لەمسکردنی پووچێتیی دۆخێک ناپاکی لە بابەتەکە ناکات، یاخود لە دەربڕینی بەتینی هەستەکانت. شەرم لە کەماسییەکان مەکە. 
٤. ئاگات لە کێش و سەروا و سەدای پەیڤەکانت بێ. سەدای ئەو شتەی لەبارەیەوە شیعر دەنووسیت بارتەقای گرنگیی پێناسەی وشەیەک لە فەرهەنگدا، گرنگە.
٥. بە شیعرەکەتدا بچۆرەوە، بە شیعرەکەتدا بچۆرەوە، بە شیعرەکەتدا بچۆرەوە. یەکەمین بیرکردنەوەکانمان هەمیشە باشترینەکانمان نین.



مۆشن لەبارەی خۆیەوە گوتبووی چ ئارەزووی نووسینی شیعرێک و چ ڕوونکردنەوەی شتێک بۆ خۆی، گیانی بەگیانین و جیانەکراوەن لە یەکدی. هەروەتر لە بارەی زمانی نووسینەکانییەوە دەڵێت کە ئامانجی ئەوەیە بە زمانێکی ڕەوان و دوور لە تەڵەکە بنووسێت.

سێر ئەندریو مۆشن، شاعیر، ژیاننامەنووس و ڕۆماننوسێکی ئینگلیزە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵان شای شاعیرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو، لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٢ لە لەندەن لەدایک بوو. لە تەمەنی ٧ ساڵاندا بردیانە قوتابخانەیەکی شەوانەڕۆژی. پاشان ماوەیک لە گوند ژیا و دیمەنی دەشت و دەر و گوێ چەم و جادە خۆڵەکان سەرنجیان ڕاکێشا و دڵیان بزوواند. لە ماوەی ژیانیدا ١٠ خەڵاتی وەرگرت و ١٨ کۆمەڵە شیعر و پێنج کتێب دەربارەی ڕەخنە و چوار کتێبی ژیاننامەیی و پێنج ڕۆمانی نووسیون. ئەو ئێستا و لە تەمنی ٦٣ ساڵانیدا لە ئەمەریکا ژیانی خۆی دەباتە سەر.




یەکێک لە شیعرەکانی مۆشن

دوا پەیوەندی

مەرگ تەلەفۆنی بۆ کردم،
وەڵامم نەدایەوە.
دیسان قسەی کرد:
نزیک بەرەوە.
     
چووم و
دڵم بۆی سووتا.
مەرگی داماو،
حەزی لێم کردووە.

ڕاست بۆی چووبووم
حەزی لێم کردبوو.
ئێستا ئیتر منیش حەزم لێی کردووە،
هەر وا.

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ئەمشەو بایەکی سارد هەڵ دەکا

نوا سیسیرۆ – چیرۆک و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان ڤاسیلی دوێنێ هیوای هەبوو. لەگەڵ ساشا ی خوشکی لەسەر مێزی موبەقەکە دانیشت و لەفەیان دەخوارد، ساشا دەڵێ '' ڤاسیلی ، گوێی نادەمێ ئەگەر قەحپەیەک دەستخەیت. دەی خۆم دوایی پارەیەکی باش لە باڕ پەیدا دەکەم. دەبێ بیکەیت.'' ''دەزانم، بەس پارە، بزانێ پارەت پێ نییە دەڕوا.'' ''من پارەت دەدەمێ.'' ''نا، پارە، بزانێ پارەم پێ نییە دەڕوا، منیش دەمرم، مردن.'' ''نا، گوێبگرە، تۆ پێویستە گان بکەیت. ئەوە چەند مانگێکە. تەواو شەرمن بوویتە و بڕوابەخۆبوونت لەدەست داوە.'' ''وەک دەوڵەت.'' ''نا، ڤاسیلی ، دەوڵەت نا. دەست هەڵگرە لەم بیرکردنەوە حیزانەت لەسەر دەوڵەت. دەوڵەت گرنگیی بە تۆ نادا، واز بێنە لە بیرکردنەوە لە دەوڵەت و بیر لە کێرت بکەرەوە. ئەمڕۆ کێرت زۆر لە دەوڵەت گرنگترە.'' ''ئێستا زۆر سەرقاڵم بە بیرکردنەوە لە دەوڵەت.'' ''دەوڵەت وەل کە، کێر، بیر لە کێر بکەرەوە.'' ''کێر....

چی تر ناتوانم شەڕ بکەم

دوا نامەی ڤێرجینیا وۆڵف بۆ لیۆناردی مێردی ئیلوسترەیشن: کاترین ڕاتکە هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی ئێوارەیەکی مانگی ئازاری ١٩٤١ ڤێرجینیا وۆڵف بە خووساوی دەگەڕێتەوە ماڵ، هەر ئەوەی کە دواتر وا باس کرا ڤێرجینیا لە هەوڵێکی خۆکوشتندا فەشەلی هێناوە. جەخار، پاشی چەند ڕۆژێکی کەم، لە ٢٨ی ئازاردا جارێکی دیکە هەوڵی خۆکوشتنی دایەوە، لێ ئەمجارەیان لە دەست تەقەلاکانی بۆ ڕاکردن لەو ساتانەی تیایدا دەژیا و بۆ دەربازبوون لە نەخۆشیی ئەقڵی، نەجاتی بوو. لە ڕۆژی مەرگی ڤێرجینیا دا، لیۆنارد ی مێردی نامەیەکی دڵهەژێنەی لەسەر ڕەفەی ئاگردانەکەیان دۆزییەوە. جەستەی ڤێرجینیا دوای حەفتەیەک لە ڕووباری ئووزدا دۆزرایەوە کە گیرفانەکانی لە خڕکەبەرد پڕ کردبوون. دەقی نامەکە؛ عەزیزترینم،   هەست بەو دڵنیاییەوە دەکەم کە دووبارە شێت دەبمەوە. هەست دەکەم جارێکی تر ناتوانین ئەو کات و ساتە سامناکانە ئەزموون بکەینەوە. ئەم جارەیان چاک نابمەوە. هەمدیس چەند دەنگێک دەبیستم، هیچ تەرکیزم نییە. سا ئەمێستا وا خەریکم هەر ئەو شتە دەکەم کە باشترین شتێکە بیکەم. تۆ مەزنترین خۆشبە...

پۆڵ بیتی بە ڕۆمانی ''ناپاکی'' خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ـی بردەوە

پۆڵ بیتی، ڕۆماننووس وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لە گایدهۆڵی لەندەن ''پۆڵ بیتی'' بووە یەکەمین نووسەری ئەمەریکایی سەرەڕای ڕۆمانە تەنزئامێزە نەژادییەکەی (ناپاکی) کە خەڵاتی مان بووکەر لە مێژووی ٤٨ ساڵەیدا بباتەوە. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە زاری پیاوێکی گەنجی ڕەشپێستی ئەفریکایی-ئەمەریکایی بە ناوی ''بۆنبۆن''ـەوە دەگێڕێتەوە کە هەوڵ دەدا هەمدیسان کۆیلایەتی و نەژادپەرستی دابێنێتەوە لە گەڕەکێکی هەژارنشین و دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس . ئەماندا فۆرمان، سەرۆکی لیژنەی داوەرانی خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ گوتویەتی کە نزیکەی چوار سەعاتی خایاندووە تاکوو توانیویانە بگەنە  بڕیارێکی هاوبەش و لە بارەی کتێبەکەشەوە گوتویەتی  ''ڕۆمانەکە ناوسکی هەرچی تابۆی کۆمەڵایەتی هەیە دڕیویەتی و هێناویەتییە دەرەوە. ڕۆمان پێویست ناکا ئاسوودە و دڵخۆش بکا. هەقیقەت بە دەگمەن خۆش و جوانە و ئەم ڕۆمانەش ئەو ڕۆمانەیە کە خوێنەر بە بزمار لە خاچ دەدا و بە خۆشییەوە بەجێی دێڵێ، ئەگەرچی لە کاتێکدا بە بزمار بە خاچەکەوەیت کەچی ختووکەت دێ. ئەمەش ئەو هێزەی...