هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی
پابلۆ نیرۆدای
شاعیری خۆشویستراوی چیلییەکان و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە
کورتە وتارێکیدا لە سەرەتاکانی ساڵانی پەنجا و لەژێر ناونیشانی "منداڵێتی
و شیعر" دەنووسێت:
"جارێکیان، حەوشەی پشتەوەی خانووەکەی خۆمانم لە تیموکۆ دەپشکنی و بەدوای شتە بچووک بچووکەکانی ئەو جیهانەی من تێیدا دەژیام، دەگەڕام. چاوم کەوتە سەر کونی سەر یەکێک لە پارچە تەختەکانی پەرژینەکە. چاوم نا بە کونەکەوە و دیمەنێکم بینی وەک ئەو دیمەنەی کە لەپشتەوەی ماڵەکەی خۆمان هەبوو، پشتگوێخراو و پڕ هەژگ و هەڵا. چەند هەنگاوێک کشامە دواوە، چونکوو هەستێکی تەمومژاویی وام هەبوو، کە وەک بڵێی شتێک خەریکە ڕووبدا. لە پڕێکدا دەستێک وەدەر کەوت – دەستی بچکۆلانەی کوڕیژگەیەک هەر لە دەوروبەری تەمەنی خۆمدا. هێندەی پێنەچوو هەمیسان نزیک کەوتمەوە، دەستەکە لەوێ نەمابوو، لە جێگەکەی مەڕەسپییەکی سیحراوی لێ بوو. خوریی مەڕەکە کەم کەم لەپێش چاوم ون دەبوو. هەڵات. گشت ئەمانە وایان کرد مەڕەکە ڕەسەن و باوەڕپێکراو بێ. هەرگیز بە ژیانم مەڕی وا سەرنجڕاکێشم نەدیبوو. دیسان چاوم نایەوە بە کونەکەوە و سەیری ئەودیویم کرد، بەڵام کوڕیژگەکە بزر ببوو. چوومەوە ماڵێ و گەنجینەکەی خۆمم هێنایە دەر، کە لەداری سنەوبەر دروستکرابوو، کردمەوە، پڕیبوو لە بۆگەن و بۆنی ئەو ماددانەی لە دار دروستکرابوون بۆ وێنەکێشان و ئەو دارەشی کە لە حیبر هەڵدەژندرێ تا پێی بنووسرێ، ئەو شتانەی من شەیدایان بووم. دامنانە سەر ئەرز لە هەمان جێگە و لەگەڵ مەڕەکە جێم هێشتن."
![]() |
| سکێچی نیرۆدا |
نیرۆدا
قەتاوقەت نە دەستەکە و نە ئەو منداڵەی کە خودان دەستەکە بوو نەبینییەوە. لە ڕووی سیمبۆلیزمەوە
نیرۆدا هەم ئەو منداڵەی کە بە ڕێکەوت بەرچاوی کەوت و هەمیش مەڕەکەی وەک پەرۆشی
و حەسرەتێک دیوە بۆ ئەو هەستە دووسەرە و دوولایەنەی کە دەمانئاژوێ ڕووەو خوڵقاندنی
هونەر:
"شعوری گیانیبەگیانیبوونی براکان شتێکی حیرەتهێنە لە ژیاندا. هەستی خۆشویستنی کەسانێک کە خۆشمان دەوێن ئاگرێکە کە ناهێڵێت ژیانمان بکوژێتەوە. بەڵام هەستی کاریگەری لە کەسانێکەوە کە ئێمە نایانناساین، لەو نەناسانەوە بۆ ئێمە، کە ڕەقیبن بەسەر خەو و گۆشەگیریمانەوە، بەسەر مەترسیمان و بەسەر لاوازییمانەوە – شتێکە هێشتاکونێ مەزنتر و جوانتر، چونکوو ئەو هەستە سنوورەکانی هەبوونمان بەربڵاوتر دەکەنەوە و گشت شتە زیندووەکان پێکەوە گرێ دەدەن. ئەو ئاڵوگۆڕە بۆ هەوەڵین جار بیرۆکەکەی بەنرخی بە خەیاڵی مندا هێنا لە ماڵەوە: تەواوی مرۆڤایەتی هەرچۆنێک بێ بەیەکەوەن.. سا تووشی سەرسوڕمانت ناکەم وەختایێک کۆشام نەختێک گەرموگوڕی، باقوبریق، فرەڕەنگی و بۆن و بەرام بدەم لە ئێخەی شتەکان بۆ ئاڵوگۆڕێک لە برایەتیی مرۆڤەکاندا. جارێکیان لە پەنا پەرژینەکەدا گەنجینە لە دارسنەوبەر دروستکراوەکەم جێهیشت، ئیتر لەوکاتەوە من وشەکانمم لەسەر دەرگەی زۆرێک لە خەڵکی جێهیشت کە بە من نەناس بوونە؛ خەڵکانێک لە زیندان یان ڕاوکەران و ئەوانەی لەسێدارە دەدرێن یان کەسەڤ تەنیاکان."
سەرچاوە:Brainpickings

