التخطي إلى المحتوى الرئيسي

هان کانگ و دیبۆرا سمس: زۆر دڵڕفێنە لە ئەگەر و وردەکارییەکانی زمان ڕابمێنیت


نووسەر و وەرگێڕی براوەی خەڵاتی مان بووکەری نێونەتەوەیی باسی پەیوەندییەکانی خۆیان دەکەن لە کاتی وەرگێڕان و نووسیندا و هەروەها ئەو زەحمەتییانەی لە سەروەختی کارکردندا بەهۆی جیاوازی کات بەپێی شوێنی جیۆگرافییان، هاتووە پێش.






و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان


دیبۆرا سمس
لە کاتێکدا ڕۆمانی ڕووەکی یەکەمین کاری وەرگێڕانی من بوو بەڵام هیچ نەمدەزانی کە پرۆسەکە لە گشت ڕووەکانەوە چۆن دەچێتە پێش، تەنها ئەوەندە نەبێ کە ڕۆژ بە ڕۆژ بە تەنیا خەریکی وەرگێڕانی بووم. لە کاتی بەسەربردنی زۆربەی کاتەکانم بە خوێندنەوەوە و نە هاتنە ئارای هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕۆمانی وەرگێڕدراو و ڕۆمان بە ئینگلیزی، بڕیارم دا پاش دەرچوونم لە زانکۆ زمانێکی تر فێر ببم و ببمە وەرگێڕی ئەدەبی. زمانی کۆریاییم هەڵبژارد و بۆ ئەوەش هۆی پراگماتیکی خۆمم هەبوو و لەبەر ئەوەشی دەمزانی ئەو وڵاتە زۆر دیمەنی زیندووی ئەدەبی تێدایە، بەڵام ڕاستیییەکەی پیشتر هیچم نەخوێندبوویەوە لەو زمانەوە، چونکە وەرگێڕانیان نەبوو. گەشبینانە لەسەر تویتەرەکەم نووسیم کە من وەرگێڕم و لە کۆتاییدا پێشنیازی ڕۆمانی ڕووەکیم کرد بۆ دەزگایەکی بڵاوکردنەوە کە داوایان لێ کردبوو ئیشیان بۆ بکەم. کاتێ دەستم پێ کرد نەمدەزانی کە دەبێ نێوانی نووسەر-وەرگێڕ چۆن بێ، ئاخۆ دەبێ من داوای لێ بکەم کە قسە بکەین یان هان کانگ دەتوانێ بە ئینگلیزی قسە بکا؟ بۆیە خەریک بووم بە وەرگێڕانەوە تا هەموویم تەواو کرد، پاشان بە لیستێک پرسیارەوە ناردم بۆی و چاوەڕێ مامەوە.


هان کانگ
ڕۆمانی ڕووەکی پێشتر بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراوە، نەمتوانیوە هیچیان بخوێنمەوە. کاتێ ئەم کتێبانەم بینی هەستێکی سەیرم هەبوو کە ناو و وێنەی خۆمم لەسەریان دەدەی بەبێ ئەوەی بزانم ناوەوەیان چییان تێدایە. جا کە وەرگێڕدرا بۆ ئینگلیزی زۆر دڵخۆش بووم لەبەر ئەوەی ئەوە تەنها زمانی ترمە کە بتوانم پێی بخوێنمەوە و قسە بکەم. وەرگێڕانەکەی دیبۆرا و سەرنج و پرسیارەکانیم خوێندەوە. زۆر دڵڕفێن و خۆشە کە لەسەر ئەگەر و وردەکارییەکانی زمان بیر بکەیتەوە و ڕابمێنیت. وەڵامی پرسیارەکانیم بۆ ناردەوە لەگەڵ هەندێ پرسیاری خۆم و ئیتر لەوێوە دەستمان کرد بە ئیمەیل گۆڕینەوە. هەندێجار لەسەر یەک دێڕ یەک لاپەڕەم وەک تێبینی بۆ دەنارد، بەڵام زۆربەی جارەکان بە کورتی دەمنووسی، ئەو ئاڵوگۆڕی قسە و سەرنجانە زۆر دڵخۆشی دەکردم.


دیبۆرا سمس
ئیشکردنی ڕۆژ لە بەریتانیا تەقریبەن تەواو پێچەوانەی کۆریایە بۆیە دەبوو یان زوو هەڵسم لە خەو یانیش تا درەنگانێکی شەو بمێنمەوە لەبەر ڕازیکردنی دڵی خۆم. لەکاتێکدا من کەسێکی بەیانیانیم، کە هەڵدەستم سەیری ئیمەیلەکانی شەو دەکەم کە بۆم هاتوون، پاشان یەکسەر دەست دەکەمەوە بە ئیشی خۆم، هەندێجار پێش ئەوەی حەمامیش بکەم. تەواوی ڕۆژەکە خەریکی وەرگێڕانم تەنیا ئەو کاتانە دەست هەڵدەگرم کە مێشکم لە شەودا پێویستی بە خەوە و دەخەوێت. لەم دواییانەدا هەوڵم داوە کەمێک خاوتر بم، تا بتوانم بچمە دەرەوە پیاسەیەک بکەم. ئەگەر پاراگرافێک یان ڕستەیەک پێویستی بە زیاتر لە چەند جارێک بیرکردنەوە بێ ئەوا لای خۆم نیشانەی دەکەم و دەڕۆم بەسەریدا. واباشترە زیاتر لە چەند لاپەڕەیەک تەرجەمە بکەیت بەم جۆرە دەکەویتە سەر ڕێ و هیچ شتێ ڕات ناگرێ و ناشتەوێ ڕاتگرێ، ئەگەر نا زوو زوو لە ڕێی تەرجەمە لادەدەیت. شتی هەرە خۆش لەبارەی وەرگێڕانەوە ئەوەیە کە تۆ ئەو ئاستەنگ و کۆسپانەی بەردەم نووسەرت نییە. ئەگەر لەسەر کۆپیوتەرەکەت بۆ ماوەی ٦ سەعات وەرگێڕان بکەیت ئەوا بە قەد ٦ سەعات وشە وەردەگێڕیت. ئەمەیش هەستی کەسێکی بەبەرهەمت پێ دەبەخشێ.

هان کانگ و دیبۆرا سمس



هان کانگ
منیش کەسێکی بەیانیانیم، هەر لە بەیانیانیشدا دەنووسم. منیش دەچم بۆ پیاسە، هەرچەندە زیاتر هەر لە شوقەکەی خۆمدا دێمە خوار و دەچمە سەر، بیر لەو ئیشە دەکەمەوە کە دەینووسم لەبەر ئەوەی، پێچەوانەی دیبۆرا، من کۆسپ و ئاستەنگم لەبەردەمە! لە دواینیوەڕواندا نانووسم، لە جیاتی ئەوە یان دەرس دەڵێمەوە یان دەخوێنمەوە یان سەرقاڵی پرسیارەکانی وەرگێڕان دەبەم کە بە ئیمەیل بۆم دێن. سیستمە زۆر دوور لەیەکەکەی ئێمە باش ئیشی خۆی دەکا، بەڵام زۆریش خۆش بوو کە ساڵی پار دیبۆرام لە شاری نۆریچی بەریتانیا بینی، ئێمە بە پەلەپروزکێ فریای هەندێ قسە و باس کەوتین! ئێستا ئیتر ئەویش هاتووە بۆ سیئۆل بۆ میوانیم.


دیبۆرا سمس
لە سیئۆل هەر خەریکی ڕۆتیناتین. کانگ دەمبا بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ- شوێنێک خواردنی ڕووەکی لێیە- پاشان دەچینە گالێرییەک کە قەت بە خۆم ناتوانم بیدۆزمەوە. تەنیا حزووری من لە شارەکەدا وام لێ دەکا بیر لەو شتانە بکەمەوە کە پەیوەندییان بە ڕۆمانەکەوە هەیە، دواتر هەوڵ دەدەم باسی ئەو شتانەی لەگەڵ بکەم بە زمانە کۆرییە ژەنگاوییەکەی خۆم [مەبەستی دیبۆرا ئەوەیە لەبەر نەبوونی پراکتیز ناتوانێ باش بە زمانی کۆری قسە بکا!] هیچ بیرۆکەی ئەوەم لا نەبوو کە وەرگێڕانی ڕۆمانێک ماوەی چەندە دەخایەنێ، بۆیە بەو خێراییەی پێم کرا کتێبەکەم لە ماوەی سێ مانگدا تەواو کرد.



سەرچاوە: گاردیان

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان     وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین. هاروکی موراکامی هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.'' لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا ...

ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی

ڤاسیلی پیرۆڤ، پۆرترێتی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، ١٨٧٢ ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشتی و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبێتن. توانا سەیروسەمەرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک [ڕاسکۆلینکۆف] یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسەکانیش. دەنگ و دیدگا پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک '' ئی. ئێم. فۆڕستەر '' بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و ڕۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.'' لەم بابەتەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکی مان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە: ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا ساڵی ١٨٣٧، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆر ی لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ . خولقوخووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبو...

کوردەکان گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێکرد

یووست هیڵتەرمان * وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان لە ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لا...