التخطي إلى المحتوى الرئيسي

شیعر دەبێ ئەو ئازایەتییەی هەبێ کە بەرەڵڵا بێت



چارڵس بۆکۆڤسکی وەک نووسەرێکی بێئەخلاق!





ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان


نووسین هەر ئیش نییە... و کاتێک خەڵک پێم دەڵێن نووسین چەند بە ئازارە من تێی ناگەم چونکە ئەوە ڕێک وەک لوولکردن وخلۆرکردنەوەی شاخ وایە. نووسین بەرەڵات دەکات. نووسین لەززەتی هەیە. نووسین خەڵاتێکە و تۆ لە جیاتیی ئەوەی دەنووسیت پارە وەردەگریت. بۆکۆڤسکی وا دەڵێ.

''دەنووسم لەبەرئەوەی خۆی دێ و دەبێ بنووسم - ئینجا بۆ ئەوەی لەدواییدا پارە وەرگرم؟ بە یەکێکم گوت، لە وەختێکدا، کە نووسین وەک چوونە ناو جێگە وایە لەگەڵ ژنێکی جواندا و لەدواییشدا لە خەو هەڵدەستێ دەچێت جزدانەکەی دەکاتەوە و بەدەستی هەندێک پارەم دەداتێ. منیش وەریدەگرم.'' لە وەڵامی پرسیاری تۆ بۆچی دەنووسیت، چارڵس بەم چەشنە وەڵام دەداتەوە.

بۆکۆڤسکی کاتێ زۆری بۆ هێنرا و پرسیاری ژیان و ڕۆتیناتی ڕۆژانەی لێ کرا، بەرسڤەکەی بەم جۆرە بوو "قەت لە بەیانیاندا تایپ ناکەم. بەیانیان هەر لە خەو هەڵناسم. هەوڵ دەدەم تا درەنگانێک و دەوروبەری سەعات دوازدە لەناو جێگە بمێنمەوە، ئەو کاتەیش نیوەڕۆیە ئیتر. عادەتەن، ئەگەر زەرور بێ زوو هەڵسم لە خەو، ئەوا تا ئاخیری ڕۆژەکە جەوم تێک دەچێ. سەیر دەکەم، ئەگەر سەعات دوازدە بێ، ئەوا یەکسەر هەڵدەسم و ڕۆژەکەم دەست پێ دەکات. هەندێ شت دەخۆم، پاشان دوای ئەوەی لە خەو هەڵسام دەچم کەمێک ڕا دەکەم. گرەو لەسەر ئەسپی پێشبڕکێکان دەکەم، ئینجا دەگەڕێمەوە و لیندا خواردنی لێناوە، دەست دەکەین بە نانخواردن، کەمێک قسەش دەکەین، کەمێکش دەخۆینەوە و دوایی بە دوو بوتڵەوە بە پێپلیکانەکاندا دەچمە سەرەوە و تایپ دەکەم - لە نۆ و نیو دەست پێ دەکەم تا یەک و نیو و دوو نیوی شەو. ئیتر ئاوا.''

لەبارەی ئەوەی نووسەران کێن و دەبێ چۆن خەڵکانێک بن، بۆکۆڤسکی ئەم کۆتە گرنگەی هەیە ''نووسەران خەڵکانی بێچارەن و وەختایێک کە ئیتر بێچارە نین نووسەریش نین.''

لەمەڕ تەکنیکی شیعر و زمانەوانی، بۆکۆڤسکی، بێباکانە دەڵێت ''یەک تۆزیش گوێ بە گرامەر و مرامەر نادەم و کاتێ شیعر دەنووسم بەخاتری وشەیە، ڕەنگە، شیعر وەک وێنەکێشانە لەسەر کانڤاس.. گوێ بۆ هەموو شتێک هەڵدەخەم و لێرە و لەوێ شتێکیش دەخوێنمەوە و بەگشتی ئاوایە، بەڵام لە ڕووی تەکنیکی شیعرەوە نازانم کە چی دەگوزەرێ و ئەسڵەن بۆیشم گرنگ نییە. پێشم وایە هەندێک نووسەر بەدەست ئەم چارەنووسەوە عەزاب دەچێژن چونکو لە دڵەوە دژی یاساکانی گرامەرن وەک یاساکانی دیکەی ژیان کە بۆ مێگەلی بانگمان دەکەن. هەمەنگوەی، شێروود، ئەندێرسۆن، شتاین و سارۆیان لەو نووسەرە کەمانەن کە بۆخۆیان شکڵیان داوەتەوە بە یاسا و ڕێساکان بەتایبەت لە خاڵبەندی و دەستپێک و کۆتایی ڕستەدا. و بەدڵنیاییشەوە جەیمس جۆیس لە هەموو ئەوانەش زیاترە. ئێمە حەزمان لە ڕەنگ و شێوە و مانایە.

بۆکۆڤسکی پێی وایە شیعر خۆی مانیفێستی خۆیەتی، لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ شاعیر و ڕۆماننووس و سیناریۆنووس جۆن ویلیام کۆرینگتۆن-ی تەمەن ٣١ ساڵ باس لە ئازادیی ئافراندن و شیعر دەکات و پێی وایە شیعر دەبێ ئەو ئازایەتییەی هەبێ کە بەرەڵڵا بێت و لە دەرەوەی فۆرمە عادەتییەکان بێ و دەڵێت: ''ڕاستییەکەی دەبێت بهێڵین مۆمەکە بسووتێ - گازۆلینی بەسەردا بکەین ئەگەر پێویست بوو. هەستی باو هەمیشە باوە، وەلێ لە پەنجەرەکانەوە قیژە و هاواریش دێن و هەن... هەندێک جار وەختێک مۆسیقا دەوەستێ و دەنگ نامێنێت ئێمە لەناو چوار دیوار و گڵاسێک و بەرد و خراپتریش جێ دەهێڵدرێین - دەڵێی هەر دیواریش نییە ئەسڵەن - دڵێکی داماو و زوقمکردوو وەک لە ئەتڵەنتا بیت.

چارڵس بۆکۆڤسکی-ی شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی بە ڕەگەز ئەڵمانی لە ١٦ی ئۆگەستی ١٩٢٠ لە ئاندەرناخ لەدایک بووە. بۆکۆڤسکی بۆ ئەوەی بژیێ و بتوانێ بنووسێ لە ئەمەریکادا ئیشی سەیر سەیری زۆر دەکرد. تەمەنی ٢٤ ساڵان بوو کە یەکەم چیرۆکی بڵاو کردەوە، کە تەمەنیشی بوو بە ٣٥ ساڵان دەستی دایە شیعر نووسین. لە ساڵی ١٩٥٩دا یەکەم کتێبی شیعری بڵاو کردەوە و هەر وا بەردەوام بوو تا زیاتر لە ٤٥ کتێبی نووسی و لەناویشیاندا؛ شیعر، کورتەچیرۆک و ڕۆمان. لە ساڵی ١٩٨٦ گۆڤاری تایم بۆکۆڤسکی بە ''شاعیری زیندووی بێئەخلاقی ئەمەریکا'' ناوزەد کرد. لە ٩ی مارچی ١٩٩٤ لە سان پێدرۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە کۆچی دوایی کرد.

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان     وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکوو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە. بەڵام چەند شتی گەورەیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بە خۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەترین لەوەی تا ئێستا کردوومانە بیکەین- باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێ. وەک نموونە با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین. هاروکی موراکامی هاروکی موراکامی: ''دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.'' لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا ...

ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی

ڤاسیلی پیرۆڤ، پۆرترێتی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، ١٨٧٢ ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشتی و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبێتن. توانا سەیروسەمەرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک [ڕاسکۆلینکۆف] یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسەکانیش. دەنگ و دیدگا پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک '' ئی. ئێم. فۆڕستەر '' بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و ڕۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.'' لەم بابەتەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکی مان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە: ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا ساڵی ١٨٣٧، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆر ی لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ . خولقوخووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبو...

کوردەکان گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێکرد

یووست هیڵتەرمان * وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان لە ڕاگەیێندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، مەسعوود بارزانی، دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەوەی ناڕوون بوو ئەوە بوو داخۆ بارزانی، کوڕی گەورە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی، موستەفا بارزانی، وەک سەرۆک بە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە دەستبەکار دەبێتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوە بوو ڕاگەیێندراوەکەی بەشێک نەبوو لە پلانێکی زیرەکانە و دووربینانە. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ڕاگەیێندراوەکە دوایین ئاکامی نەخوازراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئاواتێکی لەمێژینە - بوو لە ٢٥ی سێپتەمبەر. بەڵام ڕیفراندۆمەکە تووشی چەندان بەرهەڵستی سەخت بووەوە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بەغدا و دراوسێیەکان و تورکیا و ئێران، بەڵکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپایش. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعە فەرمانبەردارەکانی ئێران شاری کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانیان لە کوردەکان سەندەوە و گرتنیانەوە. گرتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بێ خوێنڕژان بوو، خەتاکە دەخرێتە ئەستۆی ڕێککەوتنی نێوان عەبادی و لا...