نامەیێکی ساڵی ١٩٥٨ (١)
و. لە ئینگلیزیەوە: هەژار عوسمان
نیو یۆرک
١٠ی سەرماوەرزی ١٩٥٨
تۆمی ئازیز؛
ئەوا بەم سوبحە نامەکەتمان پێ گەیشت. من لە گۆشەنیگای خۆمەوە وەڵامت
بۆ دەنووسم و بەدڵنیایییەوە 'ئێلەین'ـیش لە گۆشەنیگای خۆیەوە.
یەکەمین شت: گەر تۆ عاشقیت، ئەوە شتێکی باشە، عەشق یەک لە باشترین و
جوانترین ئەو شتانەیە، کە بەسەر کەسێکدا دێ. مەهێڵە کەس ئەو عەشقەت چکۆڵە و سووک
بکا لەپێش چاوانت.
دووەمین شت: چەندان جۆر لە عەشق هەن. یەک لەو جۆرانە خۆ پێوە فش
کردنەوە و کەشخەیی پێوە کردنە، واتە؛ چاوبرسێتی و تێرنەخۆری، ئەوە شتێکی
خۆپەرستانەیە، کە عەشق بەکار دەبا بۆ خۆ پێ گرینگ کردن. ئەمە جۆرێکی دزێو و
کەفتەکارانەیە. یەکی دی؛ خۆ دەربڕین و خاڵیکردنەوەی گشت باشییەکانی ناوەوەڕای
تۆیە، لە میهرەبانی و پشت بە خۆ بەستن و ڕێز، نەک تەنیا ڕێزی بنەما
کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو ڕێزێکی مەزنتر، کە پێزانینی ئەوی دیکەیە وەک کەسێکی
بەقیممەت و بێهاوتا. جۆری یەکەم دەتوانێ نەخۆش و دەردەدار و چکۆڵە کا، بەڵام
دووەمیان دەتوانێ هێز، جەربەزەیی، چاکە و تەنانەت ئەو ژیریییەشت لێ دەر بهاوێ، کە
تۆ پێت نەزانیوون هیی تۆن و هەتبوون.
تۆ دەڵییت ئەمە عەشقێکی بووکەپەڕۆینانە نییە. ئەگەر بەقووڵی هەستی پێ
بکەیت، بێگومان ئەوە عەشقێکی بووکەپەڕۆینانە نییە.
لێ من پێموانییە تۆ ئەوەت لێ داوا کردبێتم، کە هەستی پی دەکەیت. تۆ
لە هەرکەس باشتر لێی حاڵی هەیت. ئەوەی تۆ لە منت دەوێ تا لەسەری کۆمەکت پێ بکەم
ئەوەیە؛ ئایا چی بکەیت و چی نەکەیت و ئەوەی کە من بتوانم شتێکت پێ بڵێم.
تەنیا بۆ یەک شت شانازی بە عەشقەکەتەوە بکە و زۆر کامەران بە و بۆ
عەشقەکەت سپاسگوزار بە.
ئامانجی عەشق باشترین و جوانترینە. هەوڵ بدە پەیڕەویی لێ بکە و
بەهۆیەوە بژی.
گەر عاشقی کەسێکیت – گوتنی وەها شتێ هێندە زەحمەت و نەگونجاو نییە-
تەنیا لەبیرت بێ، کە هەندێ کەس فرە شەرمنۆکن و هەندێجار لە گوتنی وەها شتێک دەبێ
ڕەچاوی ئەو شەرمنۆکییە بکردرێ و لێکبدرێتەوە.
کەنیشکان ڕێیەکیان هەیە بۆ زانین و هەستکردن بەوەی، کە تۆ هەست بە چی
دەکەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا عادەتەن کەیفیان لە بیستنی ئەو قسەیە دێ.
هەندێجار ڕوودەدا، کە ئەوەی تۆ هەستی پێ دەکەیت تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ
تاکە هۆکارێک یاخود چەندان هۆکاری دی، بەڵکوو ئەوە هیچ لە بەها و چاکیی هەستەکانی
تۆ کەم ناکاتەوە.
لە کۆتاییدا، من هەستی تۆ پێ دەزانم، چونکوو خۆم ئەو هەستەم هەیە و
خۆشبەختم، کە هەستێکی وەهات هەیە.
دڵمان بە بینینی (سوزان) خۆش دەبێ. لەلایەن ئێمەوە بەخێرهاتنی لێ
دەکرێ، بەڵام (ئێلەین) وەها ئامادەکاریییەک ڕێک دەخا، چونکوو ئەوە شتێکە لەژێر
دەستی ئەودایە و زۆریشی دڵ پێ خۆش دەبێ. ئەویش لەبارەی عەشقەوە شت دەزانێ و
لەوانەیە بتوانێ زیاد لەوەی من دەتوانم هاوکارییت بکا.
و لەبارەی لە کیسچوونەوە نیگەران مەبە! ئەگەر هاتوو حەق بێ ڕوو بدا،
ڕوو دەدا. سەرەکیترین شت ئەوەیە؛ پەلە نەکەیت، هیچ چاکەیەک دەربازی نابێ و ڕا ناکا
لە دەستت.
موحیبەتم
با
پەراوێز:
(١): ئەم نامەیە، لەوەڵامی نامەیێکی کوڕە گەورەکەی 'شتاینبێک'ـدایە،
کە تێیدا باس لە کەوتنە داوی پێوەندی خۆشەویستی خۆی لەتەک کچێک دەکا بە ناوی
'سوزان'، دانی پێدا دەنێ، کە نائومێدانە و بێ بیرکردنەوە کەوتۆتە داوی عەشقی ئەو
کیژۆڵەیەوە. ئەمە یەک لەو نامانەی ناو کتێبێکی نووسەرە بە ناوی ''شتاینبێک: ژیانێک
لەنێو نامەکاندا''. و. ک
سەرچاوە: brainpickings
